دواین هەواڵ

هەندێک سەرنج دەربارەی هەڵبژاردنەکانی بەریتانیا

‌د.سەردار عەزیز

05/07/2024

یەکەم، بەریتانیا نە عوزمایە و نە گرنگ، وڵاتێکی مامناوەندە، بە دەست گرێی دەرونی ئیمپراتۆریەت و سەختی داننان بە واقیعدا دەناڵێنێت. ماوەیەک بانگەشەی بەریتانیای گلۆبالی دەکرد، بەڵام زۆرترین شت بیکات ڕاکێشانی پارەی دزراو و گەندەڵیی وڵاتانە لە نێویاندا عێراق.

دووەم، دەنگدەری بەریتانی بەرەو چەپ نەڕۆشتوە کە دەنگی بۆ پارتی کرێکاران داوە. بەڵام دژ بە ئەوانەیە کە لە حوکمدان. بە گشتی خەڵک دڵخۆش نین، ڕەنگە کێر ستارمەریان پێباش بێت، بەڵام خۆشیان ناوێت.

سێیەم، پارتی کرێکاران، پارتی سۆشیالیستی یان چەپ نیە، بەڵکو پارتێکی ناوەڕاستە، کە کەمتر بایەخ بە بەرژەوەندییەکانی توێژی ئەرستۆکرات دەدات، بەڵام ئامانجی سەرەکی بەڕێوبردنێکی باشترە. کێر لە گەنجیدا ترۆتسکی بوو، بەڵام ئێستا پارێزەرێکی بێ زەوقە، نە تۆنی بلێرە و نە کابرای قەرەقۆز بۆریس جۆنسن.

چوارهەم، سایمۆن کوپەر، ستوننوسی دیاری ڕۆژنامەی فاینانشاڵ تایمز لەم دواییەدا دوو کتێبی نوسی دەربارەی چۆنێتی کاری نوخبەی دەسەڵاتدار لە بەریتانیا، یەکەمیان بە ناوی هاوڕێیان، کە باسی لەو خەڵکانە دەکرد کە دەرچوی ئۆکسفۆردن و دەستیان بە سەر بەریتانیادا گرتوە، دووەمیان دەربارەی گەندەڵی ئەو نوخبەیە. خەڵک لەوە بێزارە.

پێنجەم، ئێمە دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمێک ئەگەر بەهێز نەبیت لە ڕوی سەربازییەوە، یان نەپارێزرێیت لە لایەن بەهێزێکەوە، لە ڕوی ئابورییەوە لاواز دەبیت. بەریتانیا خۆی بە ئەمریکادا هەڵدەواسێت، بەڵام ئەمریکا ئەو بایەخەی پێنادات.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP