دواین هەواڵ

گەشبینی ..دایکی ئومێدو بنەڕەت لە موسوڵمان و کەسێتی ئیسلامیدا

‌ئەبوبەكر كاروانی

22/05/2024

بەرەو هوشیاریەکی ئیسلامیی رەسەن و کراوەتر

لە هەڵقەی پێشوودا باسمان لە بایەخی بە ئومێدەوە ژیان بۆ موسڵمان و کەسێتی ئیسلامی کوردستانی و خۆبەدەستەوەنەدان بەدەم شەپۆلی بێ هیوایی لە ئەمڕۆی وڵاتەکەماندا کرد. لەم هەڵقەدا دەمانەوێت سەرنج بۆ لای ئەوە ڕابکێشین، کە ئومێد بەتوندی بە چەمکێکی ترەوە گرێدراوە کە ئەویش چەمکی گەشبینییە، بە جۆرێک، بە دایکی ئومێد دەچوێندرێ و بوون و نەبوونی پەیوەستە بەوەوە. ئەوەش وا دەکات بە بایەخێکی زۆرترەوە سەیری گەشبینی بکەین، بەحوکمی ئەوەی بە ئاگربڕێکی فیکری و دەروونی و ڕۆحی و ئەخلاقیی دادەنرێت، بۆ ئەوەی نەبینە قوربانی بیرکردنەوە و ژیانی نائومێدانە کە مەگەر ئەو کەسانە تاڵاوەکەی بزانن ئەزموونیان کردووە و چەشتوویانە.

مەبەست لە گەشبینیش دیدێکی ئەرێنیە بۆ ژیان و ڕووداو و بارودۆخەکان و تەماشاکردنی ئاییندە و ئاکامەکان و چاوەڕوانی هاتنەدی خێرو خۆشی. بەپێچەوانەی ڕەشبینییەوە کە دیدێکی نەرێنییە و تەنها بە ڕووە بەتاڵەکەی پەرداخەکە دەبینێت و سەرنجی لەسەر خراپە و دزێوی و ناشیرینییەکانە، ژیان وەک پانتاییەکی نیمچە تاریک سەیر دەکات! ئەوەی لە ئاییندەش چاوەڕوانە بێتەدی، جگە لە شەڕ و خراپە و شکست و ماڵوێرانی شتێکی تر نییە! مادام گەشبینیش دید بێت، واتا پەیوەندی بە جۆری بیرکردنەوە و باری دەرونی و خودناسی و دەوروبەرناسی وڤڕێبازی بیرکردنەوەی یەکە بەیەکەی ئێمەوە هەیە. ئەوەش پێمان دەڵێت کە ئەو شتەی یەکێک گەشبین و ئەوی تر ڕەشبین دەکات بە پلەی یەکەم پەیوەندی بە خودی کەسەکە و ئاستی گۆشیاری و پێکهاتەی دەروونی و سۆزداری و ئەزموونەکانی ڕابردووی و چاوەڕوانییەکانی بۆ داهاتوو و جۆری بیرکردنەوەیەوە هەیە. هەر بۆیە مرۆڤەکان لەبەردەم بارودۆخی هاوشێوە و یەکساندا هەمان دید وڤتێگەیشتنیان بۆ دروست نابێت و گەڵاڵە نابێت، ڕەنگدانەوەی فیکری و دەروونییەکانی واقیعەکەش بەسەریاندا جیاوازە، هەندێ لەوان سەرەڕای نەخوازراوی و سەختی بارودۆخەکان، بە گەشبینی دەمێننەوە و خەونی گۆڕانکاری و ئاییندەیەکی جیاواز لە بیرکردنەوەو خەیاڵیاندا بەزیندوویی دەپارێزن، ئەوی دییش ڕەشبین. ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت گەشبینی و ڕەشبینی بوونێکی بابەتی و دەرەکی نییە هێندەی خودی و ناوەکی و جۆری بیرکردنەوەو بەرکەوتن بە دەوروبەر و مامەڵەکردنە لەگەڵ کێشەو کۆژانەکاندا.

بایەخی گەشبینی لە ژیاندا:

گەشبینی تەنها زیادە باشە و میوەیەکی ڕازێنەرەوەی سەر سفرەی ژیانی مرۆڤەکان نییە، بەڵکو پەیوەندییەکی قووڵ و یەکلاکەرەوەی بە جەوهەری ژیان و شێوازی گوزەران و چۆنیەتی هەستە دەروونییەکان و بەختەوەری و بەدبەختی و ئاستی بەکارهێنانی توانا خۆپێداوەکان و سەرکەوتن یاخود شکستی ئەوانەوە هەیە. لە دیدی ئیسلامی و یەکتا خواناسیشەوە ڕەشبینی سەرچاوەیەکی لەشداهێزانی ڕۆحی و گومڕایی فیکری و خراپە و کەمتەرخەمییە بەرامبەر ئەرکەکان و چێژنەبردنە لە ژیان لە میحرابی نوورینی ژیان لەگەڵ خوادا.

هۆکارەکانی پشت گەشبینی باوەڕدارانە:

بنەڕەت لە هەموو باوەڕدارێکدا گەشبینییە. بە جۆرێک نەبوونی تەم دەخاتە سەر تێگەیشتنی دینیی مرۆڤی باوەڕدار. یەکێ لە پێوەرەکانی ساغکردنەوەی دەقی ڕاست و ڕەسەنیشە لە بواری فەرموودە و کەلەپووری ئیسلامیدا. بەجۆرێك دەبێت گومات لە هەموو ئەو دەقانە بکەین، تۆوی ڕەشبینی و دەست لەخۆبەردان و دنیا بەسەر خۆداڕووخاندن، لەناو دڵ و دەروونماندا دەچێنن کە بە داخەوە زۆر شتی لەو جۆرە دزەیان کردۆتەناو هەندێک لە کتێبەکانی فەرموودە و کەلەپووری ئیسلامی. لەکاتێکدا:

.بڕوا بوون بە خودایەکی زانا و توانا و دانا و مشوورخۆر بۆ بەندەکانی.
. پشتپێبەستنی لە کاتی خۆشی و ناخۆشیدا.
.دڵخۆشکردن بە لوتف و لالێکردنەوە و موژدەکانی.

. ژیان لە گەردوون و بوونێکی ئامانجداردا کە بە دەربڕینی قورئان لەسەر حەق بەدیهاتووە و لە بێهودەیی و بێ سەروبەری دوورە. وە بروابوون کە لە گەردووندا خێر نەك شەر و خراپە بنەرەت و ئەسڵ و خوا پەسندە.
. ماناداربوونی ژیان و ئازارو رەنجەکانی مرۆڤ و بەفیرۆنەچوونی هیچکام لەوان.

. بروابوون بە دواڕۆژێک بۆ دووبارە دابەشکردنەوەی پێگە و مافەکان و پاداشت و سزادانەوەی مرۆڤەکان و دادپەروەریەکی ڕەها.

بە سەرێکەوە دەبێت دیدێ بۆ مرۆڤی باوەڕدار دروست بکەن لە ڕەشبینی دووریبخەنەوە. بەحوکمی بەرچاوڕوونی و ئامانج ڕۆشنی بەفیڕۆنەچوونی بچووکترین هەوڵ و کەمترین خەم و ئازاری. هەر بۆیە ئەوەی ئەم هەموو ڕەشبینییەی لە واقیعی کۆمەڵگە موسوڵماناندا بڵاوکردووەتەوە لەسەر ئاستە فیکری و تیۆریی و دینییەکەدا، یان تەمومژ و لێڵییە لە بواری تێگەیشتنی دینی و جیهانبینی ئیسلامیدا یاخوود ڕزگاری نەبوونە لە کاریگەری هەندێ بیروباوەری پوچ و خراپ و داب و نەریت و فەرهەنگی کۆمەڵایەتی هەڵبەتە درێژەکێشانی ئیستیبداد لە مێژووی موسوڵماناندا و زوو ڕوخانی ئەزموونی ڕاشیدین و ستەمکاری سەد ساڵی ڕابردووش لە فۆرمێکی دوواکەوتووی عەلمانی و تەوژمە فیکرییە ڕەشبینییە جیهانییەکە و ئەو فۆرمانەی لە بواری دینداری و فیکرو ئەدەبدا بەرهەمیان هێناون ڕۆڵیان لەم مەسەلەدا بینیوە. دەنا، ئیسلام وەك دەقی دامەزرێنەر و ئەزموونی کردەیی پێغەمبەرەکەی (د.خ) ڕەتی بە شوم سەیرکردنی هیچ شتێک دەکاتەوە و دەییخاتە خانەی پێچەوانەی خودا بەیەکناسینەوە، هەر کەسێک بە ژیاننامەی پێغەمبەریش ئاشنابێت، بەئاسانی لەوە تێدەگات کە ڕەمزێکی مەزنی گەشبینی مێژووی مرۆڤایەتی بووە.

بۆ نموونە، لەکاتی کۆچکردن لەگەڵ ئەبوبەکری هاوەڵیداو کاتێك چاوەکانی قورەیش زۆر لێیان نزیککەوتبوونەوەو ئەبوبەکر لە پەرۆشی ئەو ترسی لێنیشتبوو، درووشمی دڵتەنگ مەبە خوامان لەگەڵدایەی بەرزکردەوە. لە کاتی گەمارۆدانی مەدینە و هەڵکردنی خەندەکیشدا، بیرکردنەوەی هاوڵەکانی بەسەر شاباڵی خەیاڵێکی نوورین و پیرۆزدا لە چوارچێوە تەسکە زمکانییەکە دەرهێنا و موژدەی ڕووخاندنی ئیمپراتۆرییەکانی پێ دەبەخشین. وەک ئەوەی پێیان بڵێت دوور بڕوانن و خۆشتان جوان بنووسن، قوڕەیش و هاوپەیمانەکانی و ئەم شاڵاوەیان لە قەوارەی خۆیان زیاتر و گەورە مەکەن، ئێوە هەوێن و هێزی مێژوویی و قەدەری ئاسمانی ڕواندنی نەمامی پرۆژەی نەتەوەیەکی نوێن لە مێژوودا، ئەرکی گەورەو جیهانیتان لەپێشە، دەبێت هەندێ لە ئیمپراتۆرە شەکەتە کۆنەکان لەبەردەم ڕەوتی گەشەکردنی مێژووی مرۆڤایەتیدا ڕاماڵن. هەروەك ئیقباڵ دەڵێت، جیهان بخەنە دۆخێکی ڕاگوزەرییەوە بۆ پێنانە نێو قۆناغێکی نوێی واوە عەقڵ لە سەردەمی پێگەیشتووتربوونی مرۆڤایەتیدا لەبەر ڕووناکی ئەزموونی پێغەمبەرایەتیدا ئەرکی ئەوان تەواو بکات لەم ڕووانگەوە موسوڵمانی کورد و عەقڵ و کەسێتی ئیسلامی کوردستانی ئەرکییەتی لەم ڕاستیانە بێئاگا نەبێت، لە تێڕوانین و دیدی بۆ ژیان و ئێستاو دوارۆژ گەشبین و ئەرێن بێت، چونکە پێشمەرجی هەموو بیناکردن و گەشەپێدان و ئاییندەسازییەکە، کۆمەڵگەی کوردستانیش هەڵگری جۆرەها توخمی خێرو چاکەو هەڵسانەوەیە.

با بییانبینین، پەروەردەیان بکەین، ڕەخنەگرتنەکانمان لە دەسەڵات و حیزبەکان یەکساننەکەین بە فەرامۆشکردنی ئەمان و ئەستوورکردنی دەماری ژەهراوی خوود نەفرەتی.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP