دواین هەواڵ

ئیسرافگەرایی و بەفیڕۆدانی خۆراك وەك هەڕەشە بۆسەر ژیان وداهاتووی مرۆڤایەتی

‌ئەبوبەكر كاروانی

30/03/2024

ئەمڕۆ ڕۆژی دژایەتی و ڕێگرییە لە بەفیرۆدانی خۆراك، ئامارەکان لەسەر ئاستی جیهاندا لەم ڕوەوە ترسناکن، عێراق بەهەرێمیشەوە، لەڕیزی پێشەوەی ئەووڵاتانەدا دێت، کە زۆرترین پاشماوەو بەفیڕۆدانی خۆراکیان هەیە!
هەموو ئەمەش لەکاتێکدایە، سەدان ملیۆن کەس لەجیهاندا، بەئاسانی پاروە نانی ڕۆژانەی ژیانیان دەستناکەوێت وبەشێکیشیان بەدەست برسییەتیەوە دەناڵێنن. ئەم دیاردە کارەساتئامێزە جیهانییەش، کەسنووری ئاین و نەتەوەو کەلتورو سیستمە سیاسییە جیاوازەکانی بڕیوە، جگەلەوەی دەربڕی کێشەیەکی دینی و کەلتوری و ئەخلاقی و شارستانییە، هەروەها لەقوڵایدا پەلاماری ئینسانییەتی ئینسان دەدات، ئاماژەشە بەناعەدالەتیەکی گەورە لەسەر ئاستی جیهاندا، کەلتوری بەجیهانیبووی بەکاربەریی سەرمایەداری جیهانیش بەشێوەیەکی زۆر وەحشیانە پەرەی پێداوە.

لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هەرەشەیەکی گەورەشە لەسەر ژینگە، بەجۆرێك لە١٠/ ی زیاتری پیسبوون لەم ڕوەوە پێکدەهێنێت! ئەوەش دەیخاتە روو، کەدیاردەکە هاوکات پەلاماری لایەنی ماددی و مەعنەوی مرۆڤدەدات و لەهەندێ ڕوەوە، هەرەشەی مەسخبوونەوەی ئەخلاقی وتاریکبوونی ڕۆحی و لەدەستدانی هەل ومەرجی ژیانێکی سرووشتی لەمرۆڤ و نەوەکانی ئایندە دەکات.

ئەگەر بەفیڕۆدانی خۆراکیش رەنگدانەوەیەکی بیرکردنەوەو کەلتوری ئەوە بێت، ئیسلام ناوی ناوە ئیسراف و لەگەڵ چەندین و فەرهەنگیتردا، بانگەشەی لێدوور کەوتنەوەی دەکەن، لەوە تێدەگەین کە دین و فەرهەنیش لەبەر چەندین هۆکارو لەوانەش بەسەنتەربوونی جەستەو فەرامۆشکردنی رەهەندە ڕۆحییەکەی مرۆڤ و کێشەی ناوەندە ئاینییەکە لە دەستنیشانکردنی ئامانجە لەپێشینەکانی، ئەوڕۆڵە گەورەی پێویستەلەرووبەروو بوونەوەی ئەم کارەساتە مرۆڤایەتیە هەیبێت نەیماوە!

ئیسراف و تەخشان و پەخشان کردنی پارەو نیعمەتەکان، لەکوردستاندا، جگەلە ئاسەوارە گشتیەکان وەك هەرشوێنێکی تری دنیا، لەرووی سیاسی وحوکمڕانیەوە، زەبرێکی گەورەی لەمتمانەی خەڵك و قەوارەی هەرێم وژیانی سیاسی وەشاندووە،. کەلە نەمانی سەرمەشقی سیاسی وبێمتمانەیی بە نوخبەی حوکمڕاندا خۆی دەبینێتەوە. ئەوەی قوڕەکەشی خەسترکردۆتەوە، ئیسرافی نوخبە دەست رۆیشتووەکان و مشە خۆرەکانی دەوروبەریان، لەبیرکردنەوەی خەڵکدا بە خراپبەکارهێنانی دەسەڵات و دەوڵەمەند بوونی ناڕەواوە بەستراوەتەوە، ئەوەش باجەکەی دووقات کردۆتەوە.

بەڵام لەگەڵ ئەم راستیەشدا نابێت وابزانین، ئیسراف و بەفیرۆدانی خۆراك و خراپ بەکار هێنانی پارەو سەرچاوەو کەرەسەکان، دیاردەیەکی نوخبەوی و لەوانەش نوخبەی ئیسرافگەری دەسترۆیشتوو پێوە گرێدراوی سیاسییە، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیەو پەیوەندی بە تاك و کۆمەڵ وکەلتووری ژیانکردنەوە هەیە، هێندە هەیە نەمانی سەرمەشق وهاندانی مەسرەفگەرایی لەسۆنگەی قازانج و دەستکەوتی تاکەکەسی وگروپیی کاتیەوە، دیاردەکە بەربڵاوترو رەنگدانەوەکانی فرەرەهەندترو سنوردارکردنی قورستر دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP