دواین هەواڵ

هەرێمی کوردستان چی لە ئەمریکا دەوێت؟

‌زوبێر ڕەسووڵ

05/03/2024

پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا پەیوەندییەکی ناهاوسەنگ و ئاڵۆزە، بەو مانایەی پەیوەندییەکە لەنێوان زلهێزێکی جیهانی کە لە دەوڵەتێکی ئاسایی زیاترە، لەگەڵ قەوارەیەکی نەگەیشتوو بە ئاستی دەوڵەت کە هەرێمی کوردستانە، بۆیە زۆرجار لە ئاستی سەرکردایەتیی سیاسی و خەڵکیش، نائومێدی لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمریکا هەیە، تاوەکو ئەو ئاستەی زۆرجار پێشنیاز دەکرێت کە باشترە هەرێمی کوردستان بچێتە ژیر رکێفی داواکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران! ئەو ئاراستە سیاسییە پێیوایە ئەمریکا ناتوانێت هەرێمی کوردستان بپارێزێت، درەنگ یان زوو، دواجار ئەمریکا ئێراق و هەرێمی کوردستان جێدەهێڵێت. بەڵام لە راستیدا ئەو روانگەیە کورتبینانەیە، چونکە ئەوەی ئێران دەیەوێت لەگەڵ سرووشتی سیاسی و نیشتمانیی هەرێمی کوردستان ناگونجێت. ئێران دەیەوێت هەرێمی کوردستان هاوشێوەی گرووپ و پرۆکسییەکانی شیعە لە ناوچەکە رەفتار بکات، یاخود وەک بەرەی مقاوەمە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و نەیارەکانی بێت لە ناوچەکە دا؛ بێجگە لەوەش، روانگەی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان هەمیشە سنووردارە؛ ئێران هەرگیز ناتوانێت پاڵپشتی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان بێت، یان پاڵپشتی کرانەوەی دیموکراسی و بووژانەوەی ئابووری و سیاسی بێت لە هەرێمی کوردستان. دیسان ئێران هەرێمی کوردستان لە روانگەی پاراستنی دەسەڵاتی شیعە لە ئێراق سەیر دەکات، هەر جوڵەیەکی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کە ناکۆک بێت لەگەڵ ئەم ئاراستەیە، دەکەوێتە دژی بەرژەوەندەییەکانی ئێران لە ئێراقدا. بۆیە تێچووی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان بەو مەرجانەی ئێران دەیەوێت، بەهاکەی زۆر لەسەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت. کەواتە، هەرێمی کوردستان لە رووی بەها سیاسی و ئابوورییەکانیشییەوە زیاتر لە ئەمریکا نزیکە تا لە ئێران.

لە دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس، ئێران بەشێوەیەکی دیکە سیاسەت لە ئێراق دا دەکات. بە جۆرێک وەک مەیدانی شەڕ و ململانێ دژی ئەمریکا و نەیارانی ئێران سەیری هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە تاوەکو پەیوەندی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و نەیارەکانی خراپتر بێت، گوشاری زۆرتر دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان. دیارە ئێران وەک ساڵانی 2003 – 2008، نایەوێت ناوچەکانی باشوور و ناوەڕاستی ئێراق ببنە مەیدانی شەڕی ئێران لەدژی ئەمریکا، چونکە ئەمە وا دەکات هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسی و ئابوورییەوە سەقامگیرتر و سەرنجڕاکێشتر لە بەشەکانی دیکەی ئێراق دەربکەوێت. ئێستا پێگەی ئێران لە ئێراق و هەرێمی کوردستانیش بە بەراورد بە دوای 2003 زۆر بەهێزترە. تاران جگەلە گوشاری سەربازی، میکانیزمی بەهێزتریشی بۆ لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان هەیە، کە دادگەی باڵای فیدراڵیی ئێراقە، بەجۆرێک توانیویەتی نیوەی هەرێمی کوردستان بخاتە ژێر رکێف و پاڵپشتیی سیاسەتەکانی خۆیەوە. نەوەک هەر ئەوە، ئێستا ئێران کار لەسەر هاندانی خەڵک و لاوازکردنی متمانەی خەڵکیش دەکات لەدژی حکومەت و دامەزراوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ نموونە هەڵکشانی روانگەی گەڕانەوە بۆ بەغدا و پێشوازیکردن لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی و پاڵپشتیکردن لە سیاساتی مەرکەزی لە هەرێمی کوردستان دا، ئاماژەی روون و ئاشکران بەو ئاراستەیە. ئەوەی زۆرترین خزمەتیشی بەو ئاراستەیە کردووە؛ ناکۆکییەکانی هەردوو حیزبی سەرەکین، کە ئێستا ئێران دزەی کردووەتە نێو ئەو ناکۆکیانەشەوە، بۆیە ململانێی یەکێتی و پارتی لە پرسێکی ناوەخۆوە چووەتەدەرەوە و ئێستا رەهەندێکی هەرێمیشی هەیە!

هەرێمی کوردستان ئەگەرچی ئەکتەرێکی نادەوڵەتیی بچووک و لێکترازاوە لە نێوخۆشدا، بەڵام پێگەی سیاسی و دەستووریی هێشتا ئەو رۆڵەی پێداوە، کە بتوانێت توانای جوڵەی دیپلۆماسی و بەرگریکردن لە خۆی هەبێت. سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت بە فەرمی بۆ ئەمریکا و بینینی کارەکتەرە سەرەکییەکانی ئیدارەی ئەمریکا شتێکی کەم نییە، ئەگەر دوور لە توڕەیی ململانێی نێوەخۆوە سەیری ئەم پێشوازییە بکەین، دەزانین کە دەرگەی وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و کۆنگرێس ناوەندەکانی دیکەی ئەمریکا هەمیشە کراوە نین بۆ سەرکردەکانی ئێراق، چەندین هێزی دەوڵەتیش هەن، کە ناتوانن دەستیان بە جومگە سەرەکییەکانی داڕێژەرانی سیاسەتی کۆشکی سپی بگات.

ئەوەی وایکردووە ئەمریکییەکان لەو ئاستەدا مەمەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن؛ تێگەیشتنی تەواویانە لە دۆخی سیاسیی ئێستای ئێراق و نیازی ئێران و پرۆکسییەکانی بەرامبەر هەرێمی کوردستان. ئەمریکییەکان ئاگادارن لەوەی هەرێمی کوردستان لە لایەن حکومەتی ئێراق و ئێرانەوە لەژێر گوشارێکی زۆردایە تائاستی پەلوپۆکردنی، پێدەچێت ئەوان زانیاری زیاتریشیان لەبەردەست بێت کە چ پیلان و نیازێکی دیکە لە پشت سیاسەتەکانی دادگەی فیدراڵی هەن لە ئاییندەدا. بۆیە سەردانی ئەم هەفتەیەی بارزانی، پێش سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی ئێراق بوو، کە بڕیارە مانگی نیسان سەردانەکەی بکات. لەم چوارچێوەیەشدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ بلینکن، سۆلیڤان، برێت مەکگۆرگ-ـی رێکخەری کۆشکی سپی، ئامۆس هۆخشتاین-ـی نێردەی وزەی ئەمریکا، ساشا بەیکەر-ـی جێگری وەزیری بەرگریی بەوەکالەت، ئەندامانی کۆنگرێس و کۆمەڵەی بازرگانانی ئەمریکا بۆ رێکخرا و لە ئاستێکی باڵادا پێشوازی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم کرا، وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا، بە روون و ئاشکرا گوتیان، بەرژەوەندیی هاوبەش لەنێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان دا هەیە و، سیاسەتی ئەمریکا پاڵپشتی لە بوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و خۆڕاگر لە چوارچێوەی ئێراقدا دەکات، بەتایبەتی بلینکن هەرێمی کوردستانی بە بەشێکی سەرەکی لە “بەردی بناخەی” پەیوەندییەکانییان لەگەڵ ئێراق وەسفکرد. خوێندنەوەی ئەو پەیامانەی ئەمریکا دەکرێت سەرەتای قۆناخێکی تازە بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و ئێراق، بە جۆرێک کە رێگر بێت لە زیاتر لاوازبوون و لە لەقاڵبدانی هەرێمی کوردستان. بەتایبەتی ئەمریکا دەزانێت کە بەشێکی زۆری ئەو گوشارانەی لەلایەن ئێران و میلیشیاکانەوە لە هەرێم دەکرێن، بەهۆکاری نزیکایەتی هەرێمی کوردستانە لە ئەمریکا، واتا هەرێم باجی دۆستایەتیی لەگەڵ ئەمریکا دەدات. بۆیە هەریەکە لە هەرێمی کوردستان و ئەمریکا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە کە بریتییە لە مەترسیی ئێران و باڵادەستبوونی میلیشیا توندڕەوەکان.

وەک دەزانین ئەو سەردانەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی گفتوگۆی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە ئێراق، کە ئەوەندەی دیکە بووەتە هەستکردن بە نیگەرانی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە. بەتایبەت کە ئێستا گوشارێکی زۆر هەیە لەسەر حکومەتەکەی سوودانی کە نەخشەیەک بۆ کشانەوەی ‌هێزەکانی ئەمریکا دیاری بکات. پێدەچیت ئەوەی ئێستا هەرێمی کوردستان لە ئەمریکای دەوێت، ئەوەبێت کە بەشێک بێت لە گفتوگۆی دووبارە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئێراق، کە ئێراق و حکومەتەکەی سوودانی وەک بەشێک لە خشتەی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق ناوی دەبات. بەپێی چەند سەرچاوەیەک؛ ئەم داواکارییە لەلایەن وەزیری دەرەوە (بلینکن) پەسندکراوە. هەرێمی کوردستان وەک ئامادەکارییەک بۆ پرسی کشانەوە یان کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق، لە هەر هەوڵێکی کشانەوەی ئەمریکا لە ئێستا و ئاییندەدا کە بە ئەگەری زۆر لە رێگەی جۆرێک لە رێککەوتنی نووسراوەوە دەبێت، دەیەوێت گەرەنتیی مانەوەی هەرێمی کوردستان و سەقامگیری دۆخی سیاسی و ئابوورییەکەی بکرێت، بەتایبەت ئەمریکا چەندین کارت و میکانزمی لەبەردەستدایە کە ئێراق وابەستەی ئەرکێکی لەو جۆرە بکات، ئەمە ئەگەر داواکاریی هەرێمی کوردستانیش نەبووبێت لە سەردانی ئەم دواییەی (24ـی شوباتی) سەرۆکی حکومەت بۆ ئەمریکا، بەڵام هیوادارم هەرێمی کوردستان بەو ئاراستەیە کاربکات، وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناخێکی تازە لە پەیوەندییەکانی ئێراق و ئەمریکا، لە چوارچێوەی پلانی رێکخستنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ئێراق.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP