دواین هەواڵ

لە ئازاردا ھاوبەش، لە گوتاردا پەرتەوازە

‌فارس نەورۆڵی

17/03/2021

مێژووی گەلی کوردستان لەناو مێژووی گەلاندا پڕ ئازارترین و تراژیدی ترین مێژووە. لە دوای چاڵدێرانەوە، کە کوردستان دابەش دەکرێت، بەشێوەیەکی زۆر ترسناک شەڕی بوونی کورد دەکەن. لەوکاتەوە تا ئێستا کورد لە شەڕی مانەوەدایە، ھەر پارچەیەکی کوردستان بە جۆراو جۆر شەڕی لەناو چوونی کراوە.

باشووری کوردستان وەک بەشێک لە جەستەی نیشتیمان بەردەوام لە شەڕی دەستە و یەخەی سەختدا بووە، دوژمن تا ئاستی قڕکردن ئاستی شەڕەکەی بەرز کردۆتەوە لە بەرامبەردا کورد بەرگری کردوە، ئەگەر سەیری مێژوی خەباتی باشوربکەیت ھەر چۆن نووسەرێکی گەورە کۆبەرھەمەکانی لە یەک بۆکسدا چاپ دەکات، مانگی ئادار وەک کۆ ئازار و کۆشادی کورد وایە، لە لەم مانگەدا کۆکراوەتەوە. کە بەشێک لە شادی و کارەساتەکان لە مانگی ئاداردا ڕوی داوە کە بریتین: لە نەورۆز و سەری ساڵی کوردی، لە دایکبوونی بارزانی، ڕێککەوتنی ١١ ی ئادار، کۆچی دوای بارزانی، ئەنفال، کیمیابارانی ھەڵەبجە و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، کۆڕەو.

ھەموو ئەمانە کارەساتی گەورەن، قوربانی گەورەن، بۆیە بیرکردنەوەی گەورەی دەوێت بۆ ئەوەی وەبەرھێنانی ھەمە لایەنەی تێدا بکەین، کەچی یٔێمەلە ساڵێکدا یەکڕۆژ شین و واوەیلایان بۆ دەگێڕین، دواتر وەک ھیچ ڕووی نەدابێت وایە، لە کاتێکدا کوردستان کێڵگەی وەبەرھێنانی توێژینەوەی گەورە و دەقی ئەدەبی گەورە و فیلمی سینەمای گەورە و شاکار و وەبەرھێنانی لۆبیکردن و دبلۆماسی و سیاسییە، کەچی ئێمە نەمانتوانیووە لە ھیچ لەم بوارانەدا بەپێی پێویست وەبەرھێنان بکەین.

ئەمساڵ جیاوازتر یادی ھەڵەبجە و ھەموو بۆنەکانی دیکە دەکەینەوە ئەویش لە دۆخێکی ترازاوی کۆمەڵایەتی و سیاسیداین، کەس خەتی کەس ناخوێنێتەوە، لە کاتێکدا فەلسەفەی یادکردنەوەی بۆنەو، کارەسات و کەسایەتیەکان بۆ ئەوەیە بکرێتە سەرچاوەی ھێز و بگەڕێینەوە سەر ئەو پرەنسیپانە و ئەو ئامانجانەی، کە ئەو قوربانیانەی بۆ دراوە، بۆ ئەوەی بیکەینە سەرچاوەی ھێز بۆ ئاوەدانی ڕۆحی و فیکری و سیاسی و دبلۆماسی و ئابوری و ئەدەبی و گەشەپێدانی کوردستان، بە زمانی ئەو قوربانیانە خێزانی نێودەوڵەتی و عێراق بگەیەنینە ئەو شوێنەی دان بەوتاوانەدا بنێن و بە کردار چارەسەری ئەو برینە قوڵانە بکەن. چونکە زۆر لە میللەتان لە ڕێگای قوربانیەکانیانەوە دەوڵەتیان دروستکردوە و شارستانییەتیان بنیاتناوە. نمونە جولەکە لە دوای ھۆڵۆکۆست چی وەبەرھێنانێکیان تێدا کرد و بە نیشاندانی قوربانییەکانیان بە جیھان، توانیان دەوڵەت دروستبکەن و تا ئێستاش بە دوای تاوانبارانی ئەنجامدەرانی ھۆڵۆکۆستدا دەگەڕێن و دەیاندەنە دادگا،

ئەم قوربانیەی جولەکە ھێزێکی ناوەکی وای پێبەخشیوون بەھێزێک ھیچ ترازان لەناویاندا ڕوونادات، ئەم ھێزە ناوەکیە وای لێکردون بگەڕێنەوە بۆ قوڵایی مێژووی برینەکانیان و ساڕێژکردنیان. ھەر بۆیە لە تازەترین داواکارییان لە دەوڵەتی سعودییە ئەوەیە، کە داوای قەرەبوو کردنەوەی شەڕوو ڕوداوی ( بەنوقورەیزە) دەکەن. کە ٦٢٧ میلاد واتە ١٣٩٤ ساڵ پێش ئێستا ڕوویداوە و ئەوان یٔێستا داوای قەرەبوو دەکەن. ئەمە لە ئەنجامی بیرکردنەوەی قوڵ و خەیاڵی ھاوبەش و زاکیرەی بەھێزە. کورد چی بکات بۆ ئەوەی ئەو قوربانیانە بخاتە خزمەتی شکۆی نەتەوەیمان و ڕۆحی شەھیدان ئارام بکەین، ھەموو ھەنگاوێک و کارێکی ستراتیجی پێویستی بە یەک گرتن و خەیاڵی ھاوبەش و یەک گوتاری ھەیە. ئێمە لە ھەموو ئازارەکاندا ھاوبەشین، لە گوتاردا پەرتەوازەین،

ھەر بۆیە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ یادی ٣٣ ساڵەی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە جگە لەوەی داوای خزمەتکردنی زیاتری ھەڵەبجە و ھەڵەبجەییەکانی کرد، وتیشی ( وەک ھەمیشە جەخت لە یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەی ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی کوردستان دەکەینەوە. وەفاداریمان بۆ خوێنی شەھیدان و بەفیڕۆ نەچوونی ڕەنج و خەباتی گەلەکەمان ھەر ئەوەمان لێ دەخوازێ) ئەم پەیامە تێگەشتنێکی قوڵە لە مێژوو لە ئێستامان، بۆیە یٔەگەر مەبەستمانە وەبەرھێنان لە کارەسات و قوربانیەکانماندا بکەین، دەبێت لەسەر یٔاستی فیکرو کردار کاری بۆ بکەین، ئەگینا بەردەوام لە ئازاری ھاوبەش و گوتاری پەرتەوازەدا دەژین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP