دواین هەواڵ

هەواڵ و وتار لە کوێی گرنگی پێدانی خەڵکدان ؟

‌فارس نەورۆڵی

05/10/2022

بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیای گەیاندن، بە تایبەتی مۆبایلی زیرەک لە کورتترین کاتدا هەواڵەکان و وتارەکانمان پێ دەگەن، بەڵام بە بەراورد لەتەک جاراندا نە هەواڵەکان و نە وتارەکان ئەو گرنگییەی نەماوە لای خەڵک، بە تایبەتی تر لای گەنجان و تا ئەو ڕادەیەی زۆرێک لەماڵان تەلەفزیۆن سەیرناکەن، کەسەیریشی کەن گوێ بۆ هەواڵ ناگرن.

سەبارەت بە وتارەکانیش لە دیارترین سایتدا وتار دەنوسرێ ئەوەندە خوێنەری نیە کە کاریگەری لەسەر ڕای گشتی دروست بکات.
بۆچی خەڵک گوێبیستی هەواڵ نابێت و وتاری سیاسی ناخوێنێتەوە؟ چونکە هەواڵی ئەرێنی کەمە و وتارێک، کە ئامانجی چاکەی گشتی بێت کەمن.

هەواڵەکان و وتارەکان خەڵکی توشی هەڵچوون و کەئابە دەکەن و کاردەکەنە سەر میزاجی مرۆڤ (میزاجی کوردەواری دەشێوێنن). لەلایەکی دیکەوە هەواڵەکان چەند بارەن و بەچەند جۆر دەگەنە خەڵک، چونکە لەبەرگی ئایدیۆلۆجیا هەواڵەکان و وتارەکان دەنووسرێن و دادەڕێژرێن. واتە ئارگۆمێنتان نییە بۆ چاکەی گشتی. لە لایەکی دیکەوە بوونەتە هۆی داڕوخانی ڕۆحی خەڵک و فشار دروستکردن و قەلەقی بەردەوام.

بۆیە پێویستە میدیاکان ڕاپرسییەکی زانستی بکەن بۆئەوەی تێبگەن خوێنەر و بیسەریان لەچی ئاستێکدایە، دڵنیام ئەگەر ڕاپرسییەکی بێلایەنانە بکرێت و ئەگەر بوێربن ئەوا دەستکاری کۆی بەرنامە سیاسی و هەواڵەکان و وتارەکانیان دەکەن، چونکە خوێنەر و بیسەریان لە پاشەکشەدایە

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP