دواین هەواڵ

بریاری دادگا و كێشەی موچەی فەرمانبەران

‌نەوزاد هێتوتی

27/02/2024

دوای دەرچوونی بریاڕی دادگای فیدڕاڵی سەربارەت موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم، ھەندیك كەس و لایەن زۆر گەشبینن و موژدە بە خەڵك دەدەن گوایە ئیتر كێشەی موچە كوتایی ھات و ھەموو سەرێ مانگ بەغدا پارەكەیان دەنێرێت و چیتر موچەی فەرمانبەران دوا ناكەوێت. بەلام لە ڕاستیدا، ئەگەر بە شێوەیەكی ورد سەیری بڕیاری دادگای بەناو فیدڕاڵی بكەین، نەك ھەر ھاوكار و یارمەتیدەر نییە بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەران بنێردرێت، بەڵكوو ھەنگاوەكانی ناردنی موچە زۆر قورستر و تووندتر كردووە. بەڕاستی ئەگەر نییەتی دادگای بەناو فیدڕاڵی پاك بووایە، جەختی لە سەر ئەو خالە دەكرد كە دەبێت موچەی فەرمانبەران ھەریم بنێردرێت و نابێت تێكەل بە ھیچ كێشەتەكی تر بكرێت. بەلام دادگا نەك ھەر ئەوەی نەگوتووە، بەلكوو ھاتووە دەستیوەردان سیاسی كردوەو لەو ڕێكارانەی كە دەبێت بگرێتە بەر بۆ ناردنی موچەی فەرمانبەران و چەندین مەرجی قورسی نادەستووری بەسەر ھەرێمدا سەپاندووە. لەوانە:

1- دەبێت ھەرێم ھەموو داھاتی نەوتی و نانەوتەییەكان رادەستی بەغدا بكات. ئەمە دژی دەقەكانی دەستوورە و بە تەواوی نادەستوورییەوە. چونكە بە پێ دەستوور نێوەی داھاتی خالە سنوورییەكان و فروكخانەكان ڕادەست دەكرێت.

2- دووەم، دەبێت كارتی بانكی بۆ فەرمانبەران دروست بكرێت و لەو ڕیگەیەوە موچەكانیان دابەش بكرێت. بەغدا نزیكەی 7 سالە نەیتوانییەتی ئەو كارتە دروست بكات كەچی داوا دەكات لە ماوەی یەك مانگدا فەرمانبەران ئەو حسابە بانكییە دروست بكەن. ئەمە بەدەر لەوەی ئەوە كاری دادگا نییە دەستیوەردان بكات چون و بە چ شێوەیەك موچە دابەش بكرێت جا بەكاش بێت یان لە رێگەی حسابی بانكییەوە بێت

3- ئەم دادگایە میلیشاییە نەك ھەر پرسی بودجە لە كێشە سیاسییەكان دور نەخستوتەوە، بەلكوو سەد ئەوەندەی تر بە سیاسی كراووە و دونیایەك مەرجی بەسەر ھەرێمدا سەپاندووە بۆ ئەوەی بەغدا پارەكە بدات.

4- لە كاتێكدا ئێستا ھەولەكانی حكومەتی ھەرێم لە گەل بەغدا لە بەردەوامن بۆ ئەوەی ھەندێك لە برگەكانی یاسای بوجە ھەموار بكرێت بە تایبەت ئەوەی پەیوەندی بە موچە و بودجەی ھەرێمەوە ھەیە و پرسی موجەی فەرمانبەران لە خەرجی راستەقینە جیابكرێتەوە، ئەم بریارەی دادگا كێشە بۆ ئەمەش دروست دەكات .

5- ئەم دادگایە كارەكەی گەیاندوەتە بەوەی كە رێگە دەدات لە دەرەوەی دامەزراوەكان ھەرێم و وەزارەتی دارایی، بەغدا راستەوخو مامەلە لە گەل وەزارەتەكان و دائیرەكانی ھەرێم بكرێت . ئەمە لەلایەك لیدانە لە پێگە و مافە دەستوورییەكانی ھەرێم و ھەۆلدانە بۆ ئەوەی وەك پارێزگاییەك مامەلە لە گەل ھەرێم بكرێت. لەلایەكی تیریشەوە، لە لایی دادگا ئاساییە سبەینێ موچەی فەرمانبەرانی وەزارەتێك بدرێت، بەلام موچەی وەزارەتێكی تر نەدرێت. بە كورتی ئەم دادگاییە فەوزاییەكی دروست كردووە ھەموو مەبەستەكە ئەوەیە ھەرێم زیاتر نقومی ناكوکییە سیاسییەكان بكات و کار بكرێت بۆ ئەوەی وەك پاریزگاییەك مامەلەی لە گەڵ بكرێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP