دواین هەواڵ

ئێران و هەرێمی كوردستان: پەیوەندی دۆستانە یان بوون بە هێزێكی پرۆكسی؟

‌نەوزاد هێتوتی

04/03/2024

سیاسەتی ئێران لە عێراق
لە دوای 2003، ئێران سیاسەتێكی جێگیری لە عێراقدا پراكتیزە كردووە كە بەشێوەیەكی گشتی ئامانج و مەبەستەكانی خۆی لە كۆمەڵێك خاڵدا دەبێنێتەوە، لەوانە دڵنیا بوون لەوەی كە  پێكھاتەی شيعە و بەتایبەت ئەوانەی لە ئێرانەوە نزیكی دەسەڵاتدار بن و رۆڵی یەكلاكەرەوە لە پرۆسەی سیاسی عێراقدا بگێرن. لێرەدا ئێران كۆمەلێك ھاوپەیمان و ھێزی سیاسی و سەربازی پرۆكسی لە عێراق ھەیە و بەكاریان دەھێنێت بۆ ئەوەی عێراق وەك دەوڵەت لە چوارچێوەی سیاسەت و ئەجێنداكانی دەرنەچێت. بەتایبەت ئێران كۆمەڵێك بەرژەوەندی و ئامانجی سیاسی، ئابووری، سەربازی و جیۆپۆڵەتیكی لە عێراق ھەیە و ھەوڵ دەدات لە رێگەی ئامڕازی فرە جۆرەوە دەستەبەریان بكات.  لە رووی ئابوورییەوە  پەیوەندییەكی زۆر بەھێز لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا ھەیە و ئاستی ھەناردەكردنی شتومەكی نانەوتی ئێرانی بۆ عێراق  لە ساڵی 2022    گەیشتووەتە سەروی 11 ملیار دۆلار،  ھەروەھا عێراق لە رێزبەندی یەكەم و دووەمی گرنگترین ئەو  دەوڵەتانە دێت  كە ئێران پەیوەندی بازرگانی لەگەڵدا ھەیە.

 لە رووی سیاسییەوە  ئێران پاڵپشتی ھێز و لایەنە سیاسییەكانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی شيعەكان دەكات كە  بە پاڵپشتی راستەوخۆی ئێران گەیشتوونەتە دەسەڵات و تاران كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر ھەموو ئاراستە و سیاسەتەكانی  ئەم ھێزانە و حكومەتەكەی سوودانی ھەیە.  ھەروەھا، لە دوای رووخانی رژێمی سەدام،  بەھۆی توندبوونی  ململانیێ ئەمریكا و ئێران، دواتریش  دەستپێكردنی شەڕی تایفی و ھاتنی داعش بۆ عێراق، ئێران بەسود وەرگرتن لە بارودۆخەكە، ژمارەیەكی زۆر لە ھێزی چەكداری پرۆكسی دروست كردووە كە راستەوخۆ فەرمان لە تاران وەردەگرن و  بە شێوەیەك بەكاریان دەھێنێت بۆ كاریگەری دانان لە سەر  ھاوكێشە سیاسی و سەربازییەكان و بەكارهێنانیان لە دژی نەیارەكانی لە سەر  ئاستی عێراق و ناوچەكە. بێگومان ئەم ھێزە پرۆكسییانە بە پلەی یەكەم بەرنامە و ئەجێنداكانی ئێران جێبەجی دەكەن.

 لەلایەكی دیکەشەوە، عێراق لە رووی جیۆپۆڵیتیكی گرنگی یەكجار زۆری بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران ھەیە. دەسەڵاتدارانی ئێران، عێراق بە قوڵایی ستراتیژی خۆیان دەزانن بۆ سیاسەتە فراوانخوازییەكانی لە ناوچەكەدا و دروست كردنی ئەوەی پێیدەگوترێت ھیلالی شیعی. ھەروەھا، ئێستا  عێراق وەك كۆریدۆرێكی وشکانی بەكاردەھێنرێت لە لایەن ئێرانەوە  بۆ ئەوەی چەك و تەقەمەنی و ھێزی چەكدار رەوانەی سوریا و لوبنان بكات و گوشار لەسەر ئیسرائیل و دەوڵەتانی عەرەبی دروست بكات.

ئێران بە ھیچ شێوەیەك لەگەڵ  ئەوەدا نییە عێراق ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراسی و خاوەن سەروەری یاخود ھێزیكی سەربازی بەھێزی ھەبێت، چونكە لەڕوانگەی ئێرانەوە ھەبوونی دەوڵەتێكی دیموكراسی بەھێز دەبێتە گەورەترین ھەڕەشە لە سەر سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی لە عێراق. لەلایەكی دیکەشەوە، ئێران پێیوایە ئەگەر عێراق ھێزێكی نیشتیمانی تۆکمەی ھەبێت، لە دواڕۆژدا دەبێتە رێگر لە دەستێوەردانەكانی لەو وڵاتە. لەبەر ئەمەش، ئێران ھەوڵەكانی زیاتر بەو ئاراستەیەیە كە حەشدی شەعبی کە پێكھاتەکەی زۆرتر شیعەیە، بكاتە بەدیلی سوپای عێراق. ھەروەھا ئێران بەردەوام ھەوڵ دەدات قەیران و ناكۆكی تائیفی و شیعگەرایی لە عێراقدا بەسەر رەوتی دەوڵەتسازی و ناسیۆنالیستی عەرەبیدا زاڵ بێت بۆ ئەوەی بتوانێت پێگەكەی بەھێز بكات و ھەژموونی شیعە  بەسەر دامەزراوەكانی دەوڵەتدا بهێڵێتەوە.

دەكرێت ئاماژە بەو خاڵەش بكەین كەھەوڵەكانی ئێران و ھاوپەیمانەكانی بۆ دەركردنی ھێزە بیانییەكان بەتایبەت ھێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا یەكێكی دیکەیە لە خاڵە سەرەكییەكانی سیاسەتەكانی لە عێراقدا. لە روانگەی ئەوەی كە مانەوەی ھێزەكانی ئەمریكا  كێشە بۆ  سیاسەتەكانی ئێران دروست دەكات و بەربەستە لە بەردەم بەرنامە و ئەجێنداكانی. لە دوای دەستپێكردنەوەی شەڕی غەززە و گرژبوونەوەی زیاتری پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران، گوشارەكان لە رووی سیاسی و سەربازییەوە لەسەر ئەمریكا  توندتر بوونە بۆ ئەوەی ھێزەكانی لە عێراق بكشێنێتەوە. لەم رووەوە، ھێزە شیعەكان بە حكومەتیشەوە لە ژێر كاریگەری و ھاندانەكانی ئێراندا، ھەوڵی دەركردنی ھێزەكانی ئەمریكا دەدەن و جەخت  لە سەر ئەو خاڵە دەكەنەوە كە "چیتر پێویستییان بە ھێزی ھاوپەیمانان نەماوە" و  دەبێت لە عێراق بكشێنەوە.  ئەمە لە كاتێكدایە ھێشتا باردۆخی عێراق سەقامگیر نییە و لە رووی سەربازییەوە ناتوانێت سەروەری خۆی بپارێزێت و مەترسی راستەقینە ھەیە کە بە دەرچوونی ئەمریكا دووبارە داعش سەرھەڵبداتەوە، تەنانەت ئەگەری دووبارە روودانی شەڕی تایفی و نەتەوەیش لە عێراقدا ھەیە.
ئێران چی  لە هەرێمی کوردستان دەوێت؟

 پەیوەندی نێوان ھەرێمی كوردستان و ئێران بە چەندین قۆناخی گرنگ و ھەستیاردا تێپەڕیوە. لەڕاستیدا سیاسەتی ئێران بەرامبەر ھەرێمی کوردستان بەشێكە لە سیاسەت و بەرنامەکەی بەرامبەر عێراق و ناوچەكە. لەم چوارچێوەیەدا، لە ھەندێك قۆناخدا پەیوەندییەكانی ئێران و ھەرێمی کوردستان لە ئاستێكی باشدا  بوون، بەتایبەت لە سەرەتای گۆڕینی سیستەمی سیاسی لە عێراقدا، ئەو كاتە ھێزە شيعەكانی ھاوپەیمانی ئێران زۆر پێویستییان بە كورد ھەبوو، ئێرانیش لەڕێگەی  كوردەوە ھەوڵیدەدا پێگەی شیعەكان لە عێراقدا بەھێز بكات. بەڵام،  لەگەڵ بەھێز بوونی پێگەی شیعەكان لە بەغدا و  دروست بوونی ناكۆكی نێوان بەغدا و ھەولێر، پەیوەندییەكانی ئێران  و ھەرێمی کوردستانیش بەرەو گرژی و ئاڵۆزی زیاتر رۆیشت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئێران توانی لەڕێگەی ھێزە ھاوپەیمانەكانی پرۆسەی سیاسی لە عێراق تاڕادەیەكی زۆر  كۆنترۆڵ بكات. لە دیارترین بەریەككەوتنی ئێران و ھەرێمی کوردستان لە دوای ئەنجامدانی گشتپرسی لە ئۆكتۆبەری 2017 بوو کە بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سوپای قودس، میلیشیا شیعەكان ھێرشیان كردە سەر كورد و  دەستیان بە سەر ناوچە جێناكۆكەكاندا گرت و تەنانەت ئەگەر لە توانایاندا بوایە مەبەستیان بوو قەوارەی ھەرێمی کوردستان ھەڵبوەشێننەوە.

لە سەردەمی ئیدارەی ترەمپ و زیاد بوونی ناكۆكی  وململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران، ھەرێمی كوردستان زیاتر كەوتە ژێر ھەڕەشە و ھێرشەكانی میلیشیا شیعەكان و ئێران، لەو كاتەوە تاوەكو ئێستا بەردەوام بە موشەك و درۆن پەلاماری كوردستان دەدرێت. بۆ یەكەم جار لە 8 كانوونی دووەمی 2020 ئێران بە موشەكی بالیستی راستەوخۆ ھەرێمی كوردستانی(بنكەی سەربازی ھەریری) بە ئامانج گرت، ئەم كردەوە سەربازییەی ئێران لە دەرئەنجامی كوشتنی قاسم سولەیمانی بوو وەکو کاردانەوەیەک دژی ئەمریكا لە عێراق. لە 13 ئاداری 2022 بۆ جارێكی دیكە  ئێران بە 12 موشەكی بالیستی ماڵی شێخ باز سەرمایەدار و بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای كار گروپی كردە ئامانج.  دیسان،لە 30 دیسەمبەری 2023، میلیشیا شیعەكان بە درۆن ھێرشیان كردە سەر بنكەیەكی ھێزی پێشمەرگە لە پیرمام، و هەروەها لە 15 كانوونی دووەمی 2024،  بە 11 موشەكی بالیستی ھەولێر و  ماڵی سەرمایەداری كورد پێشرەو  دزەیییان كردە ئامانج. ئەمە بەدەر لەوەی كە  ئێران و گرووپە پرۆكسییەكانی بە دەیان جار بنكەكانی پارتە سیاسییەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی رۆژهەڵات و  بنكەی سەربازی  ھەریر و فڕۆكەخانەی ھەولێریان بە بیانوی لێدان لە ھێزەكانی ئەمریكا بە موشەك و درۆن بە ئامانج گرتووە.
 لەڕاستیدا، زیاد بوون و توندبوونەوەی ھێرشی درۆنی میلیشیا شیعەكان و ھەروەھا ھێرشە راستەوخۆكانی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان زۆر ھۆكار و  فاكتەری لە پشتەوەیە كە گرنگترینەکانیان ئەمانەن:

یەكەم، ئێران، ھەرێمی كوردستان بە تایبەتیش پارتی دیموکراتی کوردستان بە یەكێك لە مەترسییەكان دەبینێت لە سەر بەرنامەو ئەجێنداكانی لە عێراقدا، کە لە ئێستادا ئێران تاڕادەیەكی زۆر توانیویەتی ھەژمونی خۆی بە سەر لایەنە شيعەكاندا بسەپێنێت. بەتایبەت دوای دەرپەڕاندنی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، تەنانەت ئێران تاڕادەیەك توانیویەتی لە ڕێگەی ھێزە  چەكدارە پرۆكسییەكانی دەست بە سەر ناوچە سوننەنشینەكانیشدا بگرێت. تاكە ناوچە كە بە تەواوەتی لە ژێر كۆنترۆلی ئێراندا نییە ھەرێمی كوردستانە و بەتایبەتیش ناوچەی ژێر دەسەڵاتی پارتی، بۆیە ئێران بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵدەدات دەسەڵاتی خۆی بە سەر ئەو ناوچەیەشدا بسەپێنێت. ئەویش ھەم لەڕێگەی لاواز كردنی پارتی و ھەم دروست كردنی بەدیلێك  لە ھەرێمی كوردستان كە سەربە تاران بێت. لەم رووەوە،  ئێران لە ھەوڵی ئەوەدایە ھێزێكی پرۆكسی لە رووی سیاسی و سەربازییەوە ھاوشێوەی ھێزە شيعەكانی لە كوردستان ھەبێت بۆ ئەوەی  بەرنامە و ئەجێنداكانی ئێران لە عێراق و ناوچەكەدا پراكتیزە بكات.

لە ڕاستیدا،  ئێران بەوە رازی نییە ھەرێمی کوردستان لە سەر ئاستی ناوچەكە سیاسەتێكی ھاوسەنگ لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەكە پراكتیزە بكات و تاران نایەوێت لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بكات. ئەگینا لە زۆر رووەوە، ھەرێمی کوردستان ھەوڵیداوە سیاسەتێكی ھاوسەنگ لەگەڵ ئێران و ھاوپەیمانەكانی پراكتیزە بكات، بەتایبەت لە دوای ھەڵبژاردنەكانی 2021 وێڕای ئەوەی ھاوپەیمانەكانی ئێران توشی شكستی گەورە بوون، بەڵام كورد و سوننەكان لەگەڵ ھێزە شیعەكانی سەر بە ئێران ھاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتیان پێكھێنا و حكومەتی سوودانیش كە ئێستا ھاوپەیمانەكانی ئێران بەسەریدا زاڵن لەسەر بنەمای ئەو ھاوپەیمانەتییە دروست بووە. ھەروەھا، لەسەر داواكاری  بەڕپرسانی ئێران، ھەرێمی کوردستان و بەغدا رێككەوتنێكی ئەمنییان لەگەڵ تاران واژۆ كرد بۆ زیاتر سەقامگیركردنی ئاسایشی سنوور و چەكکردن و دوورخستنەوەی گرووپە چەكدارە كوردییەكان ئۆپۆزسیونی ئیران لە دەڤەرە سنوورییەكان. بە ھەمان ئاراستەش، لەرووی ئابوورییەوە، ھەرێمی کوردستان دەرگاكانی بەسەر ئێراندا واڵا كردووە و بە سەدان كۆمپانیای ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان كاردەكەن و ئاستی ئاڵۆگۆری بازرگانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران لە ئاستێكی زۆر بەرزدایە و دەگاتە نزیكەی 28% لە كۆی ئاڵوگۆری بازرگانی ئێران و  عێراق.

بەڵام، وێڕای ھەموو ئەمانە، ئێران بەردەوامە لە دژایەتی كردن و گوشار خستنە سەر ھەرێمی كوردستان چ بە شێوەی راستەوخۆ بێت یان لە رێگەی ھاوپەیمانەكانییەوە بێت، بێگومان ئەمەش ئەو خاڵە دەسەلمێنێت كە ئێران ئاستی داواكاری و  خواستەكانی زیاترە لەوەی لە سەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بكات. بەڵكو ئەوەی تاران مەبەستیەتی ئەوەیە كە دەیەوێت ھەرێمی کوردستان بكاتە ھێزێكی پرۆكسی لە ناوچەكەدا، ھاوشێوەی ئەو ھێزانەی كە لە عێراق ،سوریا، یەمەن و لوبنان  دروستی کردوون. ھۆشیار زێباری لە 19 شوباتی 2024 لە چاوپێكەوتنێكدا لە گەل رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت باسی ئەوە دەكات كە  سەركردەكانی ئێران داوایان لە  بەڕپرسانی ھەرێمی کوردستان كردووە ببنە بەشێك لە بەرەی موقاوەمە دژی ئەمریكا و ھاوپەیمانەكانی. تەنانەت ئەوەی جێگەی سەرنجە بەم دواییانە سەرچاوەكانی سوپای قودس بە ئاشكرا رایانگەیاند كە بە تەمای دروستكردنی ھێزێكی پرۆكسی سەربازی كوردین بەناوی حزبوڵلا لە كوردستان. بێگومان ئەگەر ئەم ھەوڵە بخرێتە بواری جێبەجێکردن، ئێران لە ژێر ناوی ئەم ھێزە نوێیەدا ھێرش دەكاتە سەر ھەرێمی کوردستان و پێگەكانی ئەمریكا، نەك بەناوی میلیشیا شیعەكان.

دووەم، ئێران بەردەوام ترسی لەوە ھەیە ھەرێمی كوردستان ببێتە ناوەندێك بۆ تێكچون یان لێدان لە بەرنامە و سیاسەتەكانی لە عێراقدا، ترسی لە  دروستبوونی ھاوپەیمانی پارتی لەگەڵ ھێزە سوننەكان و ھێزە شيعەكاندا ھەیە بەتایبەت ئەوانەی لە ئێران دوورن. لە دوای  ھەڵبژاردنەكانی ئۆكتوبەری 2021 و دروست كردنی ھاوپەیمانی سێقۆڵی نێوان پارتی، سەدر و سوننەكان، ئێران بە تەواوەتی گوشارەكانی لەسەر پارتی توند كردووە و ئەم ھەنگاوەی پارتی بە لێدانی راستەوخۆ لە پێگە و بەرژەوەندییەكانی لێكداوەتەوە. بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هاوپەیمانییەکی هاوشێوە، سیاسەت و بەرنامەی ئێران ئەوەیە ھەم لە ناو سوننەكان و ھەم لە ناو كوردەكاندا زیاتر پاڵپشتی ھاوپەیمانەكانی بكات و لە پێگەی نەیارەكانی بدات. ئێستا لەناو سووننەكان ئێران زۆر بە چڕی كار بۆ لێدان لە پێگەی حەلبوسی و پارتەكەی دەکات. لادانی حەلبوسیش لە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەشێک بوو لەم گەمە سیاسییە. بەھەمان شێوەش، لە ھەرێمی کوردستان، ئێران زۆر بە چڕی كاردەكات تاکو  ئەو ھێزە كوردییانەی كە لە ئێران نزیكن ببنە دەسەڵاتدار.  

سێیەم، ئێران نەك ھەر لەگەڵ ئەوە نییە ھەرێمی کوردستان تاڕادەیەك سەربەخۆ بێت یان سیاسەتێكی ھاوسەنگ لە سەر ئاستی ناوچەكە پراكتیزە بكات، بەڵكو دەیەوێت ھەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان لە توركیا، دەوڵەتە عەرەبییەكان و ئەمریكا دوور بخاتەوە، بەو واتایەی ئێران لەو پەیوەندییەی كە حكومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ توركیا و دەوڵەتانی عەرەبی و ئەمریكا ھەیەتی زۆر نیگەرانەو دەیەوێت عێراق و لە نێویشیدا ھەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی ئێراندا ھەڵسوكەت بكات. ئێران توانیویەتی لەسەر ئاستی عێراق ئەم ئامانجە بپێکێت، لە ژێر كارێگەری ئێراندا، عێراق تائێستا نەیتوانیوە سیاسەتێكی ھاوسەنگ لەگەڵ توركیا و دەوڵەتانی عەرەبی پراكتیزە بكات و پەیوەندییەكانی بەرەوە پێشەوە ببات.

 ئەگەرچی ئەمریكا زۆر ھەوڵیداوە كە عێراق لە رووی ئابووری و سیاسییەوە پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوڵەتانی عەرەبی بەھێز بكات. بەڵام لە ژێر كاریگەری و گوشارەكانی ئێراندا، عێراق ھیچ ھەنگاوێكی گرنگی بەو ئاراستەیە نەھاویشتووە.  ئێران ھەمان داواكاری لە ھەرێمی کوردستانیش ھەیە و دەیەوێت ھەرێمی کوردستان خۆی لە دەوڵەتانی عەرەبی و توركیا دوور بخاتەوە و هەروەها نیگەرانە لەوەی ھەرێمی کوردستان پەیوەندی توند و تۆڵی لەگەڵ ئەمریكا ھەیە و ناچێتە  ژێر باری داواكارییەكانی ئێران و ھێزە شیعەكان  بۆ دەركردنی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عێراق. ئەمە بەدەر لەوەی ئێران بانگەشەی ئەوە دەكات گوایە ھەرێمی کوردستان پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل ھەیە و ھەر بەو بیانوەش چەندین جار موشەك بارانی كردووە.

چوارەم، لێدان لە پێگەی ئابووریی ھەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش سیكتەری نەوت و گاز  ھۆكارێكی دیكەی گوشارەكانی ئێرانە بۆ سەر ھەرێمی كوردستان. ئێران نەك ھەر لەگەڵ ئەوەدا نییە ھەرێمی كوردستان ھەرێمێكی سەقامگیر و بەھێز بێت، بەڵكو بە ھەموو شێوەیەك ھەوڵ دەدات لە پێگەی ھەرێمی کوردستان بدات بەتایبەت لە رووی ئابوورییەوە ، ئێران نیگەرانە لە ھەوڵەكانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی  ببێتە ئەكتەرێكی گرنگ لە سەر ئاستی ناوچەكە بە تایبەت لە رووی وزەوە. بەتایبەت کە ماوەیەكە ھەرێمی کوردستان ھەوڵەكانی چڕ كردوەتەوە بۆ ئەوەی زیاتر گرنگی و پەرە بە كەرتی وزە بە تایبەتیش گاز بدات،  بۆ ئەوەی بتوانێت لە داهاتوویەکی نزیكدا  گاز ھەناردەی دەرەوە بكات، كە ئەمەش دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگی داھات بۆ ھەرێمی کوردستان. لەم رووەوە، ھێرشەكانی ئێران بۆ لێدان لە ماڵی سەرمایەداری کورد شێخ باز یەكێك لە پەیامەكانی ئەوە بوو كە ئێران رێگە نادات ھەرێمی کوردستان ببێتە ئالتەرناتیڤی گازە سروشتییەكەی لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەكە. بە ھەمان ئاڕاستەش ئێران كاریگەری زۆری ھەبووە لە سەر بڕیاری  دادگەی فيدڕڵیی بۆ ھەڵوەشاندنی یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان. 

پێنجەم، ئێران لەڕێگەی گوشار دروستكردن، ھەوڵ دەدات ھەرێم لە پرس و مەلەفی ھێزەكانی كوردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی زیاتر سازش بۆ ئێران بكات  هەم بە چەككردنیان و هەم  دوورخستنەوەیان لە  سنورەكان یان لە ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی ھێزەكانی موجاھیدین لە عێراق کە لە ساڵی 2016  وەدەرنران. هەر بۆ ئەم مەبەستە ئێران لە لە مانگی ئاداری 2023 رێككەوتنێكی ئەمنی سێقۆڵی لەگەڵ هەولێر و بەغدا واژوو كرد  بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورەكان و دوورخستنەوەی ھێزە كوردییەكان لە سنوورەكان، بەڵام دیارە ئێران لەوەش زیاتر داوای رادەستكردنی سەركردەكانیان و دەركردنیان بە تەواوەتی لە كوردستان دەکات.  ھەروەھا خاڵێكی دیكەش كە بۆ ئێران زۆر گرنگە ئەوەیە ھەرێمی كوردستان نەبێتە ناوەندێك بۆ وروژاندنی  كوردەكانی ئێران بۆ  ئەوەی داوای مافەكانی خۆیان بكەن، بەتایبەت، دوای كوشتنی ژینا ئەمینی، و بەرێوەچوونی خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران و لە ناوچە كوردییەكان،  ئێران ھەرێمی کوردستان و گروپەكانی ئۆپۆزسیۆنی كوردی تۆمەتبار كرد بەوەی دەستیان  لە  خۆپیشاندانەكان ھەیە ھەر بەو بیانوەش بەموشەك بارەگاكانی كوردەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانی بۆردوومان كرد.

ئامڕازەكانی بەردەستی ئێران بۆ گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان

ئێران رێگای جۆراوجۆر دەگرێتەبەر بۆ گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان. یەكێك لە ئامرازەكان بریتییە لە وەشاندنی گورزی سەربازی بە شێوەیێكی راستەوخۆ لەڕێگەی سوپای پاسدارانەوە.  هەرچەندە ئێران ئەم ئامرازە کەم بەكار دەهێنێت، بەڵام لە هەندێك كاتدا ئەگەر بەپێویستی زانیبێت، دوودڵ نەبووە لە هێرشی سەربازی بۆ ئەوەی پەیامێك بداتە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان یان هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا. ئێران زیاتر لە 3  جار بەشێوەیەكی راستەوخۆ هەولێری بە ئامانج گرتووە. هەرچەندە هێرشەكان زیاتر رەمزی بوونە، بەڵام ھەڵگری پەیامێكی هەڕەشە ئامێزن بەوەی ئێران هەموو كاتێك دەتوانێت ئەگەر مەبەستی بێت  لە ھەرێمی کوردستان بدات، ئەوەشی زیاتر رێگە خۆشکەرە ئەوەیە بەغدا كاردانەوەیەكی کاریگەری نییە بەرامبەر هێرشەكانی ئێران و  تەنانەت سەرەڕای گوشارەكانی هەرێمی کوردستان، بەغدا ئامادە نەبووە لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی  و لە ئەنجوومەنی ئاسایش سكاڵا لە دژی ئێران تۆمار بكات.
حكومەتی بەغدا كە شیعە و هاوپەیمانەكانی بە سەریدا زاڵن، یەكێكی دیکە  لەو ئامرازانەیە كە ئێران دژی هەرێمی کوردستان بەكاری دەهێنێت. دیارە، ئێران كاریگەری راستەوخۆی  لە سەر بەغدا هەیە  و دۆسیە گرنگەكانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان، ئێران بڕیاری یەکلاییکەرەوەی لەسەر دەدات. هەر لەم چوارچێوەیەدا، ئێران رۆلێكی زۆر خراپی ھەبووە لە گرژبوونەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و چارەسەر نەبوونی كێشەكانی نێوانیان. لە سەردەمی حكومەتی سوودانی رێككەوتنی باش لە نێوان هەولێر و بەغدا كران، بەڵام لە ژێر گوشاری ھاوپەیمانەكانی ئێراندا، ھیچ ھەنگاوێكی پراكتیكی  نەھاوێژرا، بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان لەوانەش  پرسی بودجە، دووبارە ھەناردە كردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، پەسەند كردنی یاسای نەوت  و گاز، جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و زۆر پرسی دیکە.

پەرلەمانی عێراق یەکێکی دیکەیە لە ئامرازە کاریگەرەکان، ئێستا ھاوپەیمانەكانی ئێران لە پەرلەمانیش باڵادەستن، بۆیە وەک چەکێکی كاریگەر بەكار دێت بۆ دژایەتی كردنی مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی کوردستان. بەتایبەت لەكاتی پەسەند كردنی بودجەی  سێ ساڵەی عێراقدا، زۆربەی بەندەكانی بودجە كە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حكومەتی سوودانی رێككەوتنی لەسەر كرابوو،  گۆڕانكارییان تێدا كرا  و  كێشەی زۆر بۆ ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان دروستکرا. تەنانەت ئێستا هاوپەیمانەكانی ئێران باسی ئەوە دەكەن كە ئەگەر هەرێم بەئاشكرا پاڵپشتییان نەكات لە دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا، رێگە نادەن هەمواری بودجە بكرێت بۆ ئەوەی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بنێردرێت.

لەلایەكی دیکەشەوە،دادگەی دەستووری بە شێوەیەكی زۆر كاریگەرانە بەكار هاتووە بۆ لێدان لەنەیارەكانی ئێران لەسەر ئاستی عێراق  و هەرێمی کوردستان، بووەتە ئامرازێك بۆ دژایەتی كردنی هەموو ئەو كەس و لایەنانە كە لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەكانی ئێران نین. ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، دادگەی دەستووری لە مانگی شوباتی 2022 لە بریارێكی بەپەلەدا  یاسای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستانی هەڵوەشاندەوە.  ھەروەھا، لە بڕیاریكی دیكەدا  لە 25 كانوونی دووەمی 2023 ناردنی پارە بۆ هەرێمی كوردستان لەلایەن سوودانیەوە بە نایاسایی لە قەڵەمدا، دیسان دادگەی فیدڕڵی لە نیسانی 2023 پەلەمانی كوردستانی ھەڵوەشاندەوە . بە ھەمان ئاراستەش، لە 21 شوباتی 2024  دادگەی فیدڕاڵی دوو بڕیاری توندی دژی ھەرێمی كوردستان دەركرد، یەكێكیان پەیوەندی بە یاسای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمەو ھەیە و بڕیاری دووەمیش  پەیوەست بووە بە  موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان. لەڕاستیدا  لە ھەر دوو بڕیارەكەدا لە زۆر خاڵدا لە پێگە و دەسەلاتەكانی ھەرێمی کوردستانی دراوە .

لە كوتاییدا دەبێت ئاماژە بەو خالەش بكەین كە گرووپە میلیشیاكان  یەكێكی دیکەن لەو ئامرازانەی كە رۆڵێكی گرنگ دەگێرن لە گوشار دروست كردن لە سەر نەیارەكانی ئێران لەوانەش ھەرێمی کوردستان. بەتایبەت دوای دەستپێكردنەوەی شەری غەززە و  زیاد بوونی ململانێی نێوان ئەمریكا و  ئێران،  گروپە چەكدارەكان بەردەوام ھەرێمی كوردستانیان لەڕێگەی درۆن  و موشەكەوە بۆردومان کردووە. لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە ئێران تەنانەت ھەندێك ھێز و لایەنی كوردیش بەكار دەھێنێت بۆ سەپاندنی سیاسەت و هەژموونی خۆی بەسەر ھەرێمی کوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP