دواین هەواڵ

پاراستنی ژیانی فێرخواز لە ئەستۆی فێرگایە

‌رەهێل دزەیی

05/02/2024

خوێندنگا و قوتابخانەکان تەنها ئەو شوێنە نین بۆ فێرکردنی خوێندن و نوسین و بەشێک لە زانستەکان، بەڵکو فێرگا ئەو شوێنەیە کە لە هەموو ڕووێکەوە بەرپرسیارە بەرامبەر بە فێرخواز. لە ڕووی پەروەردەییەوە ئەرکیەتی ئەو فەلسەفە پەروەردەییەی وەزارەتی پەروەردە بە باشی دەزانی و دایڕشتوە بۆ ئەوەی نەوەی داهاتووی لەسەر پەروەردە بکرێت، فێرخوازەکان پەروەردە بکات و کەسایەتیەکی بەهێز و باوەڕ بەخۆیان لێ دروست بکات. 

لە ڕووی دەروونی و تەندروستی بەهەمان شێوە ئەرکی فێرگایە زانیاری تەواوی هەبێت لەسەر فێرخوازەکانی و لەسەر بنەمای باری تەندروستی فێرخواز مامەڵە لەگەڵ فێرخوازەکان بکرێت. هەموو فێرگایەک گرنگە کارمەندی تەندروستی هەبێت و ساڵانە پشکنین بۆ فێرخوازەکان بکرێت. 

ئەوەی ئەمڕۆ ٤/٢/٢٠٢٤ ڕوویدا لە قوتابخانەی گوندی چەقڵاو دەبێ بەهەند وەبگیرێت و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. زانیاریەکان یەکناگرنەوە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی دەڵێ بە هۆی گازی سۆپا بووە و ٧-٨ قوتابی تر تەنگەنەفەس بوونە و ڕەوانەی خەستەخانە کراون. بەڕێوەبەری قوتابخانە دەڵێ قوتابیەکە لەسەر کورسیەکەی خۆی بەلاکەوتوە و کاتێک هێناویانە بۆ ئیدارە گیانی دەرچووە. باوکی دەڵێ هیچ کێشەی نەبووە بەخۆم نانم داوەتێ بردوومە بۆ قوتابخانە. لە کۆتایدا ڕاپۆرتی پزیشکی دەڵێ بە نەخۆشی دڵ مردوە. 

دوای ئەو هەموو لێدوانانەی دژ بەیەک چەند پرسیارەک دەبێ بکرێت. بۆ دەبێ قوتابخانە زانیاری نەبێت لەسەر باری تەندروستی قوتابیەکانی؟ منداڵێک لە تەمەنی ١٢ ساڵی نەخۆشی دڵی هەبێ و بێگومان دەبێ پێشتر بردرابێت بۆ لای دکتور و لەلایەن دکتۆر دەرمان و ڕێنمای درابێت بە خێزانەکەی. ئایا خێزانی قوتابی ئەو زانیاریانەی لە قوتابخانە شاردۆتەوە؟ ئەگەر وایە ئەوە هەڵەیەکی گەورەیە خێزانەکە کردویەتی. ئەگەر ئەم قوتابییە بە هۆی نەخۆشی دڵەوە مردوە، ئەی بۆ ٧-٨ قوتابی تر بە هۆی تەنگەنەفەسی ڕەوانەی خەستەخانە کراون؟ 

قوتابخانە دەبێ هەوڵ بدات پردی پەیوەندی بەهێز و متمانە لەگەڵ خێزانەکان  دروست بکات، لەگەڵ خێزانی قوتابیان بە ڕاشکاوانە هەموو بابەتێک پەیوەندی بە قوتابی هەیە  باس بکەن، بۆ ئەوەی پێش ڕوودانی هەر کێشە یان کارەساتێکی وەک ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا ڕێگری لێبکەن. 

ئەوە یەکەم فێرخواز نییە لەناو فێرگا گیانی لەدەست بدات، چەندین فێرخواز بونەتە قوربانی خراپی سستمی پەروەردە و فێرکردن. 

بێباکی و بەهەند وەرنەگرتنی کەرتی پەروەردە و فێرکردن لە هەموو ڕووێکەوە وایکردوە تەنانەت لەلایەن خێزان و ستافی قوتابخانەکان گرنگی نەدرێت بە قوتابیان تا ئەو ڕادەیەی گیان لەدەستدانی قوتابیان بە ئاسایی وەبگیرێت. 

دەبوو ئەم ڕووداوە حکومەت کۆمەڵگا بهەژێنێت، نەک پاساوی بۆ بهێنرێتەوە. 


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP