دواین هەواڵ

خانەنشین کردنی ژنان لەلایەن مێردەکانیانەوە!

‌رەهێل دزەیی

28/08/2022

پەیوەندی مرۆڤەکان بە گشتی و پەیوەندی سۆزداری نێوان ژن وپیاو بەتایبەتی جیاوازی هەیە لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر.

نەریت و کلتور و شیوازی حکومڕانی و سستمی پەروەردە وفێرکردنی هەر کۆمەڵگایەک کاریگەری زۆری هەیە لەسەر شێواز و ئاستی پەیوەندیەکان.

لە کۆمەڵگا و کلتوری کوردیدا ئەو هۆکارانەی باسم کرد کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر پەیوەندی مرۆڤەکان. کلتوری کوردی کلتورێکە تا ڕادەیەک ڕێگە نادات پەیوەندی نێوان ژن و پیاو کراوە و پتەوبێت، سستمی حکومڕانی و پەروەردە و فێرکردن لەم ئاستە نییە بتوانێ پەیوەندیەکان بە ڕێڕەوێکی دروست وسەرکەوتوو ببات.

لە ناو کورد باوە، باشترە پیاو بەتەمەن لە ژن گەورەتربێت لەکاتی هاوسەرگیری، بەبیانووی ئەوەی ژن لەبەر ئەم ئەرکە زۆرەی لەسەر شانیەتی و منداڵ بوون زووتر پیری پێوەدیاردەبێت، بێ ئەوەی بیر لە گونجانی نیوان ژن و پیاوەکە بکەنەوە، کەواتە مەبەست لە هاوسەرگیری لێرە پێکەوە ژیان و نزیک بوونی بیرکردنەوە و لێک تێگەیشتن و شێوازی ژیان کردن نیەی، بەڵکو دروست کردنی خێزانە، کە پێکدێت لە ژن هەموو بەرپرسیاریەتی ناو ماڵ و منداڵ بەخێوکردن و میوان بەڕێکردن و جێبەجێکردنی ئەرکە شەرعیەکانی پیاوەکەیەتی، لەبەرامبەردا پیاو ئەرکی ئەوەیە لایەنی مادی خێزان دابین بکات و ببێت بە سەروەری خێزانەکەی و بڕیار لە هەموو ئەو کارانەی ڕووبەڕووی خێزان دەبێتەوە بدات.

ئەمجۆرە لە بیرکرنەوە لە هاوسەرگیری وا لە بەشێک لە پیاوان دەکات دوای چەندین ساڵ لە ژیانی هاوسەرگیری، دوای ئەوەی تەمەنێکی زۆر بە خۆشی و ناخۆشی بەرێدەکات لە گەڵ ژنەکەی، لە هەموو قٶناغەکانی ژیانی ژنەکەی پشت و پەنایدەبێت و بەرگەی هەموو ناخۆشیەکان دەگرێت، بڵی" ژنەکەم هیلاک بووە و توانای ئەرکی ماڵ و منی نەماوە ناتوانێت ئەرکەکانی بەرامبەر بە من جێبەجێ بکات لەبەر ئەوی نەخۆشە وگەورەبووە، (مەبەستی لەئەرکی شەرعییە)، بۆیە پێویستم بە وەیە ژنێکی تر بێنم، با ئەو ژنەی ئێستام ئیسرەحات بکات"( خانەنیشینی دەکات)، وەک ئەوەی بۆخۆی کوڕی چواردە ساڵ بێت، بێ ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە ئەم ژنە لەبەر ئەو ئەرکە زۆرەی لەسەر شانی بووە بەرامبەر بە خێزانەکەی و بە جوانترین شێوە جێبەجێی کردوە نەخۆش کەوتووە، لەجیاتی ئەوەی پاداشت بدرێت، ژنێکی تری بەسەر دەینیت ولە کوچەکی ماڵەکە خانەنیشین دەکرێت و هەموو ئەو ماڵدارییەی چەندین ساڵە کردویەتی بەرهەمەکەی ژنێکی تر دەیخوات.

بۆ ئەوەی ئەم جۆرە نادادپەروەریە کەم بکرێتەوە گرنگە سستمی پەوروەردە و فێرکردن بگۆڕدەرێت و ببێیت بە سستمێکی سەردەمیانە و هاوچەرخ و دیموکرات. نەوەکان بە شێوازێک پەروەردە بکرێن ڕێز لە مافی یەکتربگرن، بەها بۆ یەکتر دابنێن و وەک کاڵا و جێبەجێ کردنی حەز و ئارەزوەکان سەیری یەکترنەکەن.

لە سستمی پەروەردە وفێرکردنی هاوچەرخ هاوتەمەنەکان بەیەکەوە پۆلەکەن دەبڕن و گەورەدەبن، گرنگی ئەوەیەن بۆ شیدەکرێتەوە کە هاوتەمەنەکان بەیەکەوە بەختەوەرتردەبن و زیاتر لەیەکتر دەگەن و دەتوانن وەک دوو مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ یەکتربکەن و سەرکەوتووتردەبن لە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ یەکتر بەتایبەتی لەکاتی بڕیاری هاوسەرگیری دەدەن. دەتوانن بەیەکەوە بژین وەک دوو مرۆڤی خاوەن کەسایەتی سەربەخۆ. بۆیە لەم وڵاتانەی سستمی پەوەردە و فێرکردن تێیدا سستمێکی دیموکرات و پێشکەوتووە دەبیینین زۆر دەگمەنە دوو کەس جیاوازی تەمەن لە نوایان هەبێ هاوسەرگیری بکەن.

زۆر دەگمەنە ژنێک دەست لە پیاوەکەی هەڵگرێ لەبەر ئەوەی نەخۆشە یان هەر کەم و کوڕیەک لە مێردەکەی هەبێ بەڵکو تا لە ژیان ماوە خزمەتی مێردەکەی دەکات، بۆیە تۆی پیاویش ئەوکەسەی لە گەنجیەوە لەگەڵدا بوو گەنجی و جوانی خۆی پێبەخشی، مەرداتیە لە کاتی گەورەبوون و نەخۆشیە لەگەڵی بیت وهاوکاری بیت بۆ ئەوەی ئەو ماوەیەی لەژیان ماون بە ئاسوودەی خۆشی و ڕێزەوە بژین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP