دواین هەواڵ

بێ بەها کردنی ڕۆڵی ژنان لە کایەی سیاسی کێ لێی بەرپرسیارە؟

‌رەهێل دزەیی

22/01/2021

رەهێل دزەیی
ژنانی باشوری کوردستان وەک ژنانی گەلانی تری جیهان دڵسۆزی و خۆشەویستی زۆریان هەیە و هەبووە بۆ خاک و وڵاتەکەیان هەردەم هەوڵ و ئارەزووی زۆریان هەبووە بۆ ئەوەی بەشداربن لە بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگاکەیان و پاراستن و ڕزگار کردنی وڵاتەکەیان لە دەست دوژمنان. 
ئاستی هۆشیاری وکەلتوور و داب و نەریت تا ڕادەیەک و بوونی پارتی کۆنەپەرست ڕێگربوونە لە بەشداری ژنانی باشووری کوردستان لە خەباتی سیاسی و چەکدارای. تەنانەت دوای درووست بوونی چەندین پارت کە هەڵگری بیر و باوەڕی نوێخوازی و دروشمی سۆسیالیستی وسۆسیال دیموکراتیان هەڵگرتبوو، ژن وەک پێویست شوێنی نەکرایەوە و ڕێگای پێنەدرا بە ئەرکی خۆی هەستێت بەرامبەر بە خاک و خەڵک و وڵاتەکەی.
دوای دەیان ساڵ لە خەباتی سیاسی و چەکداری و حکومڕانی گەلی کورد لە باشووری کوردستان نەمانبینی ژنێکی سیاسەت مەدار هەڵکەوێت، ژنێک شان بە شانی پیاوان خاوەن بڕیاربێت، یان سەرکردایەتی پارتێکی سیاسی بکات.
دەبێ هۆکارەکەی بێ توانایی ژنان خۆیان بن؟ یان هەل ومەرج بیت، یان زاڵ بوونی پیاوان بەسەر کایەی سیاسی وباوەڕ نەبوونیان بەتوانای ژنان، یان بە مەبەست کاریان کردبێ بۆ ئیفلیج کردنی توانای نیوەی کۆمەڵگا بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵ کردنی کۆمەڵگایان بۆ ئاسان تربێت؟
ژنی کورد لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی ڕێگری زۆری هەیە بەڵام دەستەوەستان نەوەستاوە هەوڵی خۆی داوە، لەبەرامبەردا پارتەکان هەوڵەکانیان بێ بەها سەیرکردوە وبەهەندیان وەرنەگرتوە. لە سەردەمی شۆڕشی شاخدا ژنان ڕێگا پێدراو نەبوون بەشداربن لە شۆڕش، ئەو ژنانەی کە ئێستا ناویان ناون ژنانی شاخ ئەوانەن کە بەهۆی مێردکردنیان بە پێشمەرگەکان لە شاخ بوون نەک بەهۆی باوەڕبوونیان بە خەباتی چەکداری وڕۆیشتنیان بۆ شاخ بۆ بەشداری لە خەباتی چەکداری، ئەوەش یەکێکە لەو هۆکارانەی کە پیاوان ماف بە ژنان نادەن بەشداری ڕاستەقینە بکەن لە بڕیاری سیاسی هەردەم وەک پاشکۆی خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن بە بیانووی ئەوەی ڕۆڵیان نەبووە لە شۆڕش، ئەوە پیاوان بوون سنگیان بە گولەی دووژمن نابوو نەک ژنان بۆیە بەرهەمەکەی ئێمەی دەیخۆین و تەنها ئێمەین مافی بڕیاردانمان هەیە(مەنتقێکی دواکەوتوو خۆپەرستی و پیاوسالاری).
دوای ڕاپەڕین و درووست بوونی کەمێک لە ئازادی ژنان دەرفەتێکیان بۆ دروست بوو کە بە ئەرکی سەرشانیان هەستن بەرامبەر بە وڵاتەکەیان، ژنانێکی زۆر هاتنە مەیدان و دڵسۆزانە هەوڵیان دەدا بۆ بەرەوپێشچوونی و بونیاتنانەوەی کۆمەڵگاکەیان( بێ گومان ژنانێک هەبوون بۆ مەرام و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان کاریان دەکرد). فرسەتێکی باش هەبوو بۆ ئەوەی تەواوی تواناکانی کۆمەڵگا کە لە تواناکانی ژن وپیاو پێکدێت بەکار بهێندرێت بۆ گەشەکردنی کۆمەڵگا و دروست کردنی ژێرخانێک بۆ دروست کردنی ولاتێکی سەربەخۆ ، بەلام بیر کردنەو وشێوازی کارکردنی پارتە سیاسیەکان بەتایبەتردوو پارتی دەسەڵاتدار لەم ئاستە نەبوو کە بەرزببنەوە و باوەڕ بەتواناکانی ناو کۆمەڵگای کوردی بکەن بە گشتی و بەتایبەت تر تواناکانی ژنان وهاوکاریان بن و ڕیز لەتوانا وهزریان بگرن، بە پێچەوانەوە هەوڵی زۆریان دا ئەو ژنانەی خاوەن توانا ودڵسۆزبوون وباوەڕیان بەخۆیان هەبوو دووریان بخەنەوە بە دروست کردنی بەربەست و پڕوپاگەندەی نەشیاو، تا وای لێهات زۆرێک لە ژنانی بەتوانا سڵ بکەنەوە و دووربکەونەوە لە حزبەکان و کایەی سیاسی لە پێناو پاراستنی خۆیان، ئەگەر هەلیان بۆ ڕەخسابا و بەربەستیان بۆ دروست نەکردبان ئێستا دەیان ژنی سەرکردەمان دەبوو. ژنی کوردیش هیچی کەمتر نیە بۆ ئەوەی بگات بە ئاستی ئەو ژنانەی کە گەیشتوونەتە پلەی بەرز لە بواری سیاسەتدا و وڵاتەکانیان بەڕێوەدەبەن و زۆریش سەرکەوتوون.
هەر هەموو پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەوەی لە پەیڕوە و پڕۆگرامی پارتەکانیان دانیان بە زەرورەتی ڕۆلی ژن لە کایەی سیاسی و حکومڕای داناوە، بەلام لە ئەرزی واقیعدا وەک کاڵایەک مامەڵیان لەگەڵ دەکەن.
ئێستا دوای ئەو هەموو ساڵە لە حکومڕانی کوردیدا دۆخ و مامەڵەکردن لەگەڵ ژن لە ناو هەر هەموو پارتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان زۆر خراپە. ژن وەک دیکۆرێکی تەواوکەر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و بەکاردەهێندرێت، نەک وەک خاوەن توانا و شارەزا کە دەکرێ سوودبەخش بێت. بێ بەها کردنی ژن گەیشتۆتە ڕادەیەک تەنها وەک بونەوەرێکی لە ناوەوە بەتاڵ وشیوەیەکی جوان لەدەرەوە دەبیندرێت.
پارتە سیاسیەکان بۆ ئەوەی پێچەوانەی دروشمەکانی ناو پەیڕەوپڕۆگرامی حزبەکەیان نەبن و بۆ ئەوەی یاسای کۆتا جێبەجێ بکەن، ڕێگان بەم ژنانە داوە و پشتوانیان دەکەن کە لە ژێرکۆنتڕۆڵی خۆیانن و لە قسەی ئەوان دەرناچن، نەک ئەوانەی دەنگ و ڕەنگی خۆیان و کۆمەڵگاکەیانن.
ئەو ژنانەی پۆستی حکومی و تەشریعی وەردەگرن ئەوانەن کە پیاوانی حزبەکەی بڕیاریان لەسەر دەدەن ئەوانەن کە لە ژێرکۆنتڕۆڵی پیاوەکانن و لە قسەی ئەوان دەرناچن، بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی لە بەرزترین پۆستی حکومی و تەشریعیدان بەلام خاوەن بڕیار نین بوکەڵەیەکن ولە سەرەوەیان پیاوانی حزبەکەیان دەیانجولێنن و بڕیاردەدەن و ئەوانیش وەک توتی دەیڵێنەوە.
ئەو ژنانەی هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخساندن کە لە پەرلەمان یا لە حکومەت بن نەیان توانی بیسەلمێنن کە ژنانی کوردیش دەتوانن وڵات بەڕێوەبەرن و سەرکەوتووبن و کۆمەڵگا ناچاربکەن دان بەتوانا ولێهاتوویان بنێن و دیدی کۆمەڵگا و پارتەکان بگۆڕن تەنها جوانی ژن نەبین بەڵکۆ هز و تواناکانیان لە ئیدارەدان و بەڕیوەبردنی وڵات و بڕیاردان ببینن.
ئەم شێوازە لە بیرکردنەوەیان شۆڕکردۆتەوە ناو کۆمەڵگاش. پارتەکان ژنان وەک کاڵایەکی جوان نمایش دەکەن نیشانی کۆمەڵگایان دەدەن لە ڕێگای دەزگاکانی ڕاگەیاندنەکانی خۆیان،وەک ئەوەی تاکە سیفەت ژن هەیبێ روخسار ولەش ولاری بێت، تەنانەت لە کاتی کاندید کردنیان بۆ پەرلەمان یا هەر هەڵبژاردنێکی تربێت ئەو ژنانە کاندید دەکەن کە بێ توانا وسەرنج ڕاکیشن، پشتوانیان دەکەن وهاوڵاتیان هان دەدەن دەنگیان پێبدەن، لە نێوان ژنێکی خاوەن بڕوانامەی بەرز و لێهاتوو و ژنێکی بەروالەت جوان و بەرچاو ژنە بێ توانا و جوانەکە هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی نوێنەرایەتیان بکەن لە شوێنێکی گرنگ و هەستیاری وەک پەرلەمان. دیارە دۆخی پیاوەکانیش لە دۆخی ژنەکان باشترنیە، لە ناو پیاوەکانیش ئەو کەسانە دەنێرن بۆ پەرلەمان و حکومەت کە لە قسەی گەورەکانیان دەرنەچن و کەم توانان و ئاوێنەی دەنگ و ڕەنگی ئەوانن، پیاوانیش وەک ژنەکان کەسی دڵسۆز وسەربەخۆ وشارەزا دووردەخرێنەوە و شوێنی شیاوی خۆیان پێنادرێت.
لەگەڵ ئەوەی ژنان خۆشیان بێ بەری نین لەم دۆخەی تێکەوتوون، بەلام بەرپرسی یەکەم دەسەڵاتدارانی هەرێمن کە کۆنتڕۆڵی هەموو جومکەکانی کۆمەڵگا و بەڕیوەبردنیان کردوە، وەک چۆن زۆربەی سێکتەرەگرنگەکانیانی کۆمەڵگایان ئیفلیج و وێران کردوە بەهەمان شێوە تواناکایی نیوەی کۆمەڵگایان پەکخستوە و نیوەکەی ترشیان لەژێر دەستی خۆیان قەدیس کردوە لە پێناو مانەوەی خۆیان.
ڕەهێل دزەیی

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP