دواین هەواڵ

ئێران... هەنگاوێ بەرەو سەرەتایەکی نوێ!

‌عەلی حەمە

01/02/2024

بەپێی سەرچاوەکانی "دامەزراوەی هەواڵی رۆیتەرزی بەریتانی"، دەوڵەتی ئێرانی ژمارەیەکی زۆری لە راوێژکار و ئەفسەرە سەربازیە باڵاکانی و کۆمەڵێک ئەفسەری دیکە کە سەربە پێکهاتەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بون لە سوریا کشاندۆتەوە بۆ ئێران.

بەپێی هەواڵەکەی رۆیتەرز؛ ئێران گومانی هەیە کە دەزگا ئەمنیەکانی سوریا لە دزە پێکردنی زانیاریەکان سەبارەت بە ئاشکراکردنی جێگاو رێگەی راوێژکار و ئەفسەرە باڵا سەربازیەکانی ئێران لە سوریادا، چونکە بە شێوەیەکی ورد و ئاسان لەلایەن ئیسرائیلەوە کراونەتە ئامانج.

شایانی باسە لە دوای روداورکانی ٧ی ئۆکتۆبەر و هێرشی میلیشکانی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا و دواترینیان بۆ سەر بورجی ٢٢ی ئەمەریکی لە ئوردن، هێزەکانی ئیسرائیل هەریەک لە (رەزا موسەوی) رێکخەری پەیوەندیەکانی نێوان میلیشیاکانی ئێران لە سوریا و لوبنان و فەڵەستین لە بەرواری ٢٥ کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ناوچەی سەیدە زەینەبی باشوری دیمەش تیرۆر کرد و لە بەرواری ٢٨ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ لە ناو فڕۆکەخانەی دیمەشق ١١ ئەفسەری باڵای سەربازی ئێرانی کە بۆ پێشوازی وەفدێکی ئێرانی لەوێ بون لەلایەن فڕۆکە جەنگیەکانی ئیسرائیل کرانە ئامانج و تیرۆر کران، هەروەها لە ٢٠ی کانونی دوەمی ٢٠٢٤ سەرۆکی دەزگای هەواڵگری فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران (حاجی صادق ئومێد زادە) و جێگرەکەی (حاجی غوڵام محەرەم) و ٣ ئەفسەری دیکە تیرۆر کران و لە بەرواری ٢٩ی کانونی دوەمی ٢٠٢٤یشدا هێزەکانی ئیسرائیل دوبارە هەردو بنکەی سوپای پاسداران و حزبوڵای لوبنانی لە ناوچەی سەیدە زەینەب لە باشوری دیمەشق بۆردومان کرد و ٧ حەوت گەورە ئەفسەری سوپای پاسدارانیان تیرۆر کرد.

بۆیە دەوڵەتی ئێران شک و گومانی زۆری لە دامەزراوە ئەمنیەکانی سوریای هاوپەیمانی هەیە و هەر لەبەر ئەو هۆکارەشە کە بڕیاری داوە کە زۆربەی راوێژکار و ئەفسەرە باڵاکانی لە سوریا بکشێنێتەوە و کاری پڕۆسەی هێزەکانی کە دەمێننەوە لە سوریا بە هێزەکانی حیزبوڵای لوبنانی لە سوریا دەسپێرێت.

ئەم هەنگاوە لەوانەیە سەرەتایەکی گرنگ بێت لە خۆ رێکخستنەوە و سەرلەنوێ چاوخشاندنەوە بێ بە کۆی میلیشیاکانی کەوانی شیعی و ریزبەندی هاوپەیمانەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و دەسپێکێکی گرنگ بێ لە پرۆسەی سیاسی و ئاڵوگۆڕیەکی جەوهەری لە ناوچەکەدا .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP