دواین هەواڵ

موقتەدا سەدر ؛ ئۆپۆزسیۆن لە دەرەوەی سیستم گرەوی سەدر لەسەر چیە؟

‌عەبدوڵا ڕێشاوی

21/12/2023

موقتەدا سەدر بە کشانەوەی لە پارلەمانی عێراق و بەشداری نەکردنی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەبێتە تاکە هێز کە لە دەرەوەی پرۆسەی سیاسی ،سیاسەت بکات 
‎بەمەش موقتەدا سەدر دەبێتە ئەو ئۆپۆزسیۆنە راستەقینەیەی کە هێشتا لە عێراقدا دروست نەبوە بەمەرجێ بتوانێ ئەم دەستپێکە بە باشی ئیدارە بدات  ئەو بەرێزانەی وا دەبینن موقتەدا سەدر دۆڕاوە پێیان وایە گرەوی ئەو ڕێبەرەی شیعە لەسەر بەشداری نەکردنی خەڵک لە هەڵبژاردندا بوە بەڵام ئەمە وانیە.

بۆ موقتەدا سەدر هاوکێشەکە لەوەدا نیە رێژەی  بەشداری لە هەڵبژاردندا چەند بوە  ئەوە پۆینتە گرنگەکە نیە بەڵکو بابەتی گرنگ دروستکردنی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەیە کە دەمێکە شەقامی شیعەی عێراقی خەونی پێوە دەبینێت.   
‎ئەو ئۆپۆزسیۆنەش هەر دەبێ لە دەرەوەی سیستم دروست بێت و بە ئەزمون دەرکەوت لەناوسیستمدا دروستنابێت.

‎بۆیە موقتەدا سەدر بە بەشداری نەکردنی لەم هەڵبژاردنەدا دەبێتە یەکەم هێزی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی عێراق !چونکە بونی ئۆپۆزسیۆن لەناو سیستمێکی سیاسی وەک ئەوەی عێراقدا و وەک ئەوەی زۆربەی حزبەکان ئەنجامی ئەیەن بەشێکی تەواو کاریە بۆ پرۆسە سیاسی.

لەکاتێکا خەڵکی نارازی، نارازین لە کۆی سیستمی سیاسی و ئیداری و یاسایی نەک لە کابینەیەک و کەسایەتیەک و حکومەتێک و ئەدای حکومەتێک، وەک ئەوەی لە رۆژئاوا هەیە
لە راستیا ئەگەر چی لە عێراق نارەزایەتی زۆرترە کەچی مۆدێلی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هێشتا لاوازەو تەنانەت نەگەشتۆتە ئاستی هەرێمی کوردستانیش چونکە لەوێ دواجار هەمو حزبە دیارەکان پشکدارن لەدەسەڵاتدا و پاشان لەسیستمیشا.

لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنی سیاسی تەنها بەشداری سیستمە نەک دەسەڵات و حکومەت.

بۆیە پێم وایە بەشداری نەکردنەکەی موقتەدا سەدر لەم پۆینتەدا دەبێتە سەرکەوتن کە دەستپێکێکە بۆ دروستکردنی بەدیلێکی راستەقینە بۆ سیستم لە دەرەوەی گەمە دوبارەکانی هەڵبژاردن.
ئەی کەواتە ئایا ئەم بەدیلە کەی و چۆن خۆی دەخاتە ڕو؟

بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین :

موقتەدا سەدر ناگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسی هەتا ڕێژەیەکی گەورەی سەرکەوتن لە شەقامی شیعیدا تۆمارنەکات و بە ئیسراحەتی خۆی و بەتەنها حکومەت تەشکیل نەکات.
بۆ ئەمەش دەبێت موقتەدا و رەوتەکەی ئیدارەیەکی باشی ئەم سەرەتایە بدەن بەرەو تەوژمێکی جەماوەریی گەورەتر لە قۆناغەکانی داهاتوا.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP