دواین هەواڵ

بۆچی هەموومان سیاسین؟

‌عادل عەبدولقادر

1 رۆژ پێش ئێستا

ئەگەر ئێمە وازبێنین لە سیاسەت، دڵنیابە کە ئەو وازمان لێناهێنێت. لەدەرگاوە بیکەرە دەرەوە، لە پەنجەرەوە دێتەوە ژوورەوە . لەبەرئەوەیە کە سیاسەت لە ھەموو وردەکاریەکانی ژیانی ڕۆژانەماندا گوزەر دەکات. ئەرستۆ زیاتر لە دوو هەزار ساڵ پێش ئێستا لە کتێبەکەی بە ناوی (سیاسەت) دەستنیشانی کردووە و دەڵێت: “مرۆڤ ئاژەڵێکی سیاسییە”. ئەمە تەنها بڕگەیەکی فەلسەفی نییە، بەڵکو ڕاستییەکی ژینگەیی و کۆمەڵایەتییشە. پێیوایە ئەو مرۆڤەی لە دەرەوەی کۆمەڵگا دەژێت، یا خودایە یان ئاژەڵە .
جان جاک ڕووسۆ لە”پەیمانی کۆمەڵایەتیدا” ئاماژە بەوە دەکات کە “مرۆڤ بە ئازادی لەدایک دەبێت، بەڵام لە هەموو شوێنێک کۆتوبەندەبە زنجیر”. زنجیرەکان پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتین کە هاوکات سنووردارمان دەکەن. هانا ئارێنت لە “مەرجەکانی مرۆڤایەتی”دا سیاسەت وەک فەزایەکی نێوان مرۆڤەکان پێناسە دەکات کە تێیدا وەک کەسایەتی جیاجیا یەکتر دەناسن و کاریگەری لەسەر یەکتری بەجێدەهێڵن. بەم شێوەیە، سیاسەت نەک هەر بابەتێکی تایبەت بە حکومەت و پەرلەمانە، بەڵکو بنەمای هەموو پەیوەندییەکی مرۆییشە. میشێل فۆکۆ لە تیۆری “بایۆپاوەر”دا ئاماژە بەوە دەکات کە سیاسەت تەنها بابەتی دەسەڵاتی فەڕمی نییە، بەڵکو لە هەموو ئاستەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا بەرجەستە دەبێت، لە خێزانەوە بگرە تا قوتابخانە و شوێنی کار. لە قوتابخانەکاندا، سیاسەت لە شێوەی دیاریکردنی پڕۆگرامی خوێندن، زمانی فێرکردن، هەڵسوکەوت لەگەڵ قوتابیان، و تەنانەت شێوازی بەڕێوەبردنی پۆلەکاندا دەردەکەوێت.
هەموو ئەمانەی لای خوارەوە سیاسەتن :
١. خۆپیشاندان
٢. مانگرتن
٣. بێدەنگی مەبەستدار
٤. بەشداری هەڵبژاردنەکان
٥. دەنگدان لە کاتی ڕیفراندۆمەکان بەگشتی
٦. بەشداریکردن لە گروپ و ڕێکخراوە حزبیەکان
٧. هەڵوێست وەرگرتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پیشەیی و ڕێکخراوەیی
٨. بەشداری کردن لە دەنگدانی پەیجە دیجیتاڵیەکان
٩. وتارە گشتیەکان ،سیاسی ،ئایینی ،کۆمەڵایەتی …
١٠. بڵاوکردنەوەی زانیاری و ڕاگەیاندنکاری
١١. گەیاندنی زانستی سیاسی و ڕۆشنبیری و …
١٢. پاڵپشتیکردنی مافەکانی تاک و کۆمەڵ
١٣. ناڕەزایەتیە مەدەنیەکان بە گشتی
١٤. بەشداریکردن لە داڕشتنی یاساکان بۆ خزمەتی گشتی
١٥. بەشداریکردن لە ڕێکخراوە مەدەنییەکان
٠١٦ کەمپەینی مەیدانی و ئۆنلاین سیاسەتکردن هەڵبژاردەیەک نییە کە خۆمانی لێلابدەین ، بەڵکو چارەنووسێکی ڕۆژانەیە . هەر هەڵوێستێک کە دەریدەبڕین دەچێتە خانەی سیاسەتەوە و ڕنگدانەوەی دەبێت لەسەر بڕیارە گشتییەکانی کۆمەڵگە.
سیاسەت وەک چەمکێکی گشتی
بریتییە لە هونەری بەڕێوەبردنی دەسەڵات و ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تاک و گروپەکان لە ناو کۆمەڵگا، بە ئامانجی گەیشتن بە ئامانجە تایبەتی و گشتیەکان، جا چ ئابووری، کۆمەڵایەتی، کولتووری، یان پەیوەندیدار بە ئەمنییەوە بێت. هەروەها  بڕیاردانە، چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانە بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە یاسایی. بوارێکی فرەڕەهەندە و زانستێکی تیۆری و پراکتیکیە، هونەر و ئامرازێکە بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵات و کۆمەڵگا. پێویستە دان بەوەدا بنێین کە سیاسەت دینامیکیە و بەپێی چوارچێوەی کۆمەڵایەتی و کولتووری و ئابووری دەگۆڕێت، تەنانەت ئەگەر ئێمە نکۆڵیشی لێبکەین. سیاسەت لە ژیانی ڕۆژانەدایە، لەناو خێزان، لە قوتابخانە، شوێنی کار و تەنانەت فەزای دیجیتاڵیش هەموویان گۆڕەپانی سیاسی بچووکن کە فۆرمەکانی دەسەڵات و کاریگەری تێدا بەکاردەهێنرێن. مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە و پێکەوە دەژین، ئەو پرسیارانەی کە دەیکەن: کێ بڕیار دەدات؟ کێ فەرمانڕەوایی دەکات؟ کێ سەرچاوەکان دابەش دەکات؟ سیاسەت تەنھا حکومەت نییە، بەڵکو تۆڕێکی پەیوەندییەکانی ھێزە لەناو خێزان، قوتابخانە، زانکۆ، کارگەڕی… تەنانەت لە ھاوڕێیەتیشدا شێوازێکی سادەکراو لە “سیاسەت” ھەیە. زمانیش کردەیەکی سیاسییە، کاتێک قسە دەکەین یان بێدەنگ دەبین، دژایەتی یان پشتگیری دەکەین، ئێمە خۆمان بە شێوەیەکی سیاسی دەردەکەوین. وشەکان لە شوێنی خۆیاندا ھێزن و هەڵوێستمان نیشان دەدەن و هەندێکجار بێدەنگی لاوازیمان نیشاندەدات.
ناسنامەمان بە سیاسەتەوە بەستراوە
کوردبوون، عەرەببوون، موسڵمانبوون، سیکولاربوون، تەنانەت تەنھا مرۆڤێک بوون ھەڵوێستێکی سیاسییە، چونکە سیاسەت واتای بوونە لە جیھاندا . تەنانەت “نا سیاسی” بوونیش سیاسەتە، کاتێک کەسێک دەڵێت “من گرنگی بە سیاسەت نادەم”، ئەم ھەڵوێستە خۆی لە خۆیدا سیاستە . هەروەها سیاسەت چارەنووسە ئێمە سیاسین چونکە مرۆڤین. ناتوانین بوونمان جیا بکەینەوە لە تۆڕی ھێز و بڕیار و بەرژەوەندییەکانی دەوروبەرمان . ڕەنگە سیاسیی بێدەنگ بین، بەڵام بە زۆرەملێ بەشێکین لە یارییەکەی سیاسەت،  بمانەوێت یان نەمانەوێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP