ناوەڕاستی مانگی تەمووز، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس گەیشتە بەغدا. قائانی لەو سەردانە لەگەڵ لایەنەکانی نزیک لە ئێران کۆبووەتەوە. لەو کۆبوونەوەیە قائانی داوای لە دۆستانی خۆی کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆسەر عیراق. لەو کۆبوونەوەیە، قائانی گوتوویەتی، ٣٠٠ ئامانج هەیە کە ئامانجی ئیسرائیلە و هاوشێوەی سوریا لەمەودوا عیراق پارێزراونابێت.
هاوکات داوایکردووە، کۆمەڵێک کەس و لایەن لە شانۆی سیاسیی دووربخرێنەوە یان بشکێندرێن و ئەگەرپێویستیکرد لێیانبدرێت کە بەگوتەی قائانی، نەیاری بەرەی ئەوانن و دۆستی دوژمنانیانن.
لەم چوارچێوەیە، پارێزگاری میسان، محەمەد جەمیل کە خۆی ئامادەکردبوو بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوو کاریگەری هەبێت، لە پۆستەکەی دوورخرایەوە بە بیانووی رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە.
کەیسی کوژرانی پزیشکێک خرایە پاڵ عیدانی کە خەونی وەرگرتنی سەرۆکایەتی حکوومەتی داهاتووی هەیە. هاوکات دوورخستنەوەی راکان جبووری و نزیکەی ٥٠٠ کاندید لە هەڵبژاردنەکان ، ئەمە جگە لەوەی سەدر و عیبادی بەشداری هەڵبژاردن ناکەن.
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر، عەلی لاریجانی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی کۆماری ئیسلامی ئیران سەردانی بەغدا و بەیرووتی کرد. لە بەغدا، لاریجانی زیاتر قسەکانی قائانی روونکردەوە و بەئاشکرا ئاماژەی بۆئەوەکردبوو دەبێت عیراق خۆی ئامادەبکات چونکە بەمزوانە ئەگەر زۆرە ببێتە گۆڕەپانی جەنگی داهاتووی نێوان ئیران و ئیسرائیل.
لاریجانی، تەنانەت هۆشداریدابوو کە دەبێت لەئەگەری هەر گرژییەک عیراق سنوورەکانی لەبەردەم ئۆپۆزسیۆنی ئیرانی کۆنترۆڵبکات ئەگەر نا ئیران خۆی لەشکرکێشی دەکاتە سەر عیراق.
بیرمان نەچێت، ئەوری لە سلێمانی بینیمان و ئەو هەموو تیشکەی خراوەتە سەر کارەکتەرێک بەناوی ئەژی ئەمین بەشێکی زۆری هەر لەو چوارچێوەیەدایە.
لەولاوە، ئەمریکا وردە وردە کشانەوەی لە ناوەڕاست و باشووری عیراق دەستپێکردووە و بەرەو هەولێر دێت. بۆ ئیدارەی ترەمپ پرسی عیراق هێندەی پێوە نەماوە لەوە زیاتر تەحەمولبکرێت، هەر ئەمەش وایکردووە هیچ گرنگییەک بەم حکوومەتەی سودانی نەدرێت، تەنانەت ئەمریکا ئامادە نییە باڵیۆزێک بۆ عیراق دەستنیشانبکات، لەبری ئەوە کاربەڕێکەرێکی بۆ باڵیۆزخانەکەی داناوە.
ئەو لێدوان و رەفتارانەی لەبەغداوەدێن، ئاماژەن بۆ ئەوەی شیعەکان هەموو قوربانییەک دەدەن تاوەکو دوایین سەنگەری ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە لەهەمووشیان نزیکترە لە تارانەوە و عیراقە نەکەوێت.
ئەگەرچی پرۆژە یاسای حەشدی شەعبی کشێندراوەتەوە، بەڵام ئەمە کۆتایی بە توڕەیی واشنتن نەهێناوە. واشنتن، بە ئاشکرا ئاماژە بۆ سزای ئابووری و دیپلۆماسی و تەنانەت سەربازی دەکات بەرانبەر بەغدا. جێگۆڕکێی هێزەکانیشی ئاماژەن بۆ ئەوەی ئیدی ئەوان وەک جاران رێگری لە ئیسرائیل ناکەن لەوەی هێرشبکاتە سەر بەغدا، لەکاتێکدا، پێشتر چوار جار ئەوەیان کردووە.
سوودانی و ستافەکەی هەوڵیانداوە لە ئەمریکا لۆبی بکەن، بەڵام سەرکەوتوونەبوون. لێدوانی سەرکردەیەکی شیعیش کە تیایدا گوتبووی هەزار قۆندەرە لە باڵیۆزی ئەمریکا دەدا ئەمریکییەکانی هێندەی دیکە توڕەکردووە.
بەکورتی: گۆڕانکارییەکان خێران، هەموو ئەگەرەکان کراوەن بە جەنگیشەوە. دووریش نییە کار وەها بڕوات دوو ساڵی ئایندە عیراق هەر نەناسینەوە. هەرێمی کوردستان، زۆر گرنگە خاوەنی پلان و دیدگای خۆی بێت لەم بابەتە. لەوە گرنگتر ئەوەیە دیدگاکە حزبی نەبێت، بەڵکو نیشتمانی بێت. ئەگەر جەنگ هەڵگیرسێت، یان تەنانەت سزای ئابووری و سیاسیی بخرێتە سەر عیراق، نە ئیران سڵدەکاتەوە لە بەئامانجگرتنی کوردستان، بەوپێیەی ئیدی پێگەکانی ئەمریکا و دژبەرانی ئیران تەنها لە هەرێمی کوردستانن، نە ئەمریکا و ئیسرائیلیش رەحم بە بەرژەوەندییەکانی ئێران و هاوپەیمانەکانیان دەکەن لە کوردستان.
تەنها شتێک بتوانێت کوردستان لەم کاولکارییە رزگاربکات، بیرکردنەوەیەکی جیاوازە لەوەی ئیستا هەیە. بیرکردنەوەیەک کە پێش هەموو شت ئاشتکردنەوەی ناوخۆ، دەورووبەر و بەدەستهێنانی متمانەی جیهانی لەگەڵدابێت.
خۆ ئەگەر بەم حساباتەی ئیستاوە بچینە پێش، لێکەوتەکانی زۆر مەترسیداردەبن.