دواین هەواڵ

زەریف و کراژخستنی سیاسی

‌فەرەیدوون پەروازە

11/11/2023

لە شوێنێکدا کە پێستەی زەوی ناسک بێ لەو شوێنەوە گاز و وزە دەروونییەکانی ناخی زەوی ئازاد دەبێ و پاشان دەبێتە گڕکان. جەواد زەریف وەزیری (پێشوی) دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ماوەیەکە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا دەنگی نارەزایەتی لە بارودۆخی ئیستەی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی دەرەوەی  دەگرێت و تەنانەت لە لایەن  پاوانخوازانی دەسەڵاتەوە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا  پێشوازی لێ دەکرێت.

مەبەست و ئامانجی دەرکەوتنی زەریف لەو قۆناخەدا دوو هۆکارە.

یەکەم: بانگەشە بۆ بەرەی چاکسایخواز و بەشداریی لە پرۆسەی سیاسی وڵات لە داهاتوودا.

دوهەم: رەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کە بە پڕی لە ژێر هەیمەنەی روسیادایە و هەموو جمەگەکانی دەسەڵاتی تارانی بە ئاقاری پۆتینیزمدا بردووە. دەنگی جەواد زەریف دەنگی تاکەکەسێک نیە دەنگی هەر دوو بەرە و رەوتی چاکساسیخواز و پاوانخوازە. قسەکانی جەواد زەریف روو لە دنیای رۆژئاوا و ئەمریکا چەن پەیامێکی تێدایە کە بریتین لە
ــ بێزاری لە سیاسەتی سی ساڵەی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی کە روو لە رۆژهەڵات واتە روسیایە.

ــ هۆگری بە لای دنیای رۆژئاوا و بە تایبەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بەرنامەی کرانەوەی بە لای ئەمریکادا هەیە

ــ  زەریف بە رۆژئاوا دەڵێ کە من لە قوڵایی ستراتیژیکی ئێرانەوە دەڵێم لە سەر سیاسەتی ئیستەی تاران بریاری بە پەلە مەدەن و ئێمە بۆ داهاتوویەکی نزیک پرۆژەی گەورەمان هەیە و لە ئیستەدا پێویستمان بە کاتە.

زەریف و تەواوی دەسەڵات دەزانن کە بەو مودیلە سیاسییە لە ئیستەدا وڵات بەرێوە ناچێ هەر بۆیە بە تەمای چاکسازی بنەرەتین لە سیاسەتی گشتی ناوخۆ و دەرەوەدا. سەبارەت بە شەڕی غەزە دەڵێت ئێمە دەبێ سیاسەتی باش بگرینە بەر و بە راشکاوی دەڵێ سیاسەتی ئیستەی تاران هەڵەیە . لە گرتە ویدۆیەکی دیکەدا دەڵێ ئەگەر لە رابردودا شەڕمان بۆ دەکرا ئەوە خەڵکمان لە گەل بوو. ئەو وتەیە ئەوە دەگەیەنێ، کە ئەگەر ئیستە تووشی شەڕ ببین ئەوە نەک خەڵکمان لە گەل نابێ بەڵکوو لە دژمان دەوەستنەوە

. زەریف دەزانێ کە لە ئاستی ناوخۆدا نارەزایەتییەکان بە هۆی هەڵاوسانی ئابووری، بێکاری و،،، لە لوتکە دایە و هەڵبژاردنەکانی داهاتوو کەمڕەنگ و ساردوسڕ دەبێت هەر بۆیە هەوڵ دەدات لەو هەلە کەڵک وەربگرێ و شۆرشگێرانەتر لە رابردوو و بە بەرگێکی نوێیەوە بێنە گۆرەپانەوە. ناوبراو کە دوو دەورە وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی بووە و زۆر هەلی لە دەست داوە و زۆر کاریشی ( رێکەوتن لە گەل ئاژانسی ئەتۆمی)کرد، دەزانێ کە خەڵکی تەنانەت لەویش نارازییە، هەر بۆیە دەڵێ مەبەستی من گەرمکردنی بازاری هەڵبژاردن نیە لە داهاتوودا و شایەد خۆیشم بەربژێر نەکەم و ،،،هتد، بەڵام بمانەوێ و نەمانەوێ ئەو وتانە بازاری هەڵبژاردن بە قازانجی ریفۆرمخوان گەرم دەکات و شانسی سەرکەوتنیان زیاد ئەکات. لەوەبەدوا چاوەروانی هەڵوێستەکانی ناوبراو بین کە رۆژبەرۆژ لە سەر ئەو ئاقارەیە کە لەو کورتە وتارەدا باسیکراوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP