دواین هەواڵ

کلتووری موقاوەمە یان کلتووری پرۆژە!

‌بڵێسە ئیسماعیل حەقی

18 کاتژمێر پێش ئێستا

هەر کەسێک سەردانی چەمچەماڵ بکات، لە یەکەم بازگەوە ڕووبەڕووی زنجیرەیەک وێنەی گەورەی گیانبەختکردووان دەبێتەوە. ئەم فلێکسانە، کە بە بیانووی ڕێزگرتن لە قوربانییەکان هەڵدراون، لە ڕاستیدا ئامانجێکی قووڵتریان لە پشتەوەیە. ئەم پرسە بەشێکی پەیوەندی بە قەدەری جوگرافی ناوچەکەوە هەیە، بەڵام بەشی سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتێکی کلتووری کە وایکردووە کلتووری “موقاوەمە” لەلای یەکێتی نیشتمانی کوردستان زاڵ بێت.

ئەم کلتوورە، درێژکراوەی ئەو ڕێبازەیە کە لە تاران، غەزە، و باشووری بەیرووت پەیڕەو دەکرێت، و ئەو لایەنەی پەنای بۆ هێنانی ئەم کلتوورە بردووە، هەمان مەبەستی ئەوانی دیکەی هەیە. ئەمە تەنها یادکردنەوەیەکی سادە نییە، بەڵکو میکانیزمێکی سیاسی و کۆمەڵایەتییە کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە شێوازی حوکمڕانییەوە هەیە.

یەکێتی نیشتمانی هەرگیز کێشەی نەبوونی پارە و دەسەڵاتی نەبووە، بەڵکو کێشەی گەورەی لە بیرکردنەوەی حوکمڕانیدا هەیە. ئەو پێیوایە بەکارهێنانی وێنەی شەهیدەکان وەک بەڵگەی قوربانیدان بۆ ئامانجێکی باڵا، شەرعییەت بە دەسەڵاتەکەی دەدات وەک پارێزەری ڕێبازێکی پیرۆز.

ئەمە بە لای ئەوانەوە ڕێگایەکی ئاسانە و خزمەتگوزاری بە خەڵک بە کاری سەرەکی خۆیان نازانن. کاتێک پرسیار لەسەر خراپی دۆخی خزمەتگوزارییەکان دروست دەبێت، یەکێتی پێیوایە ئەم وێنانە دەتوانن سەرنجی خەڵک لەسەر شکستەکانیان لە بەڕێوەبردنی ژیان لابەرن و هەر ناڕەزایەتییەکیش بە هەوڵێک بۆ لاوازکردنی “بەرەی ناوخۆ” لێکدەدەنەوە. کێشەکە لەوێدا ڤەگەورەیی دێتە پێش چاومان کە تووشی کارەساتێکی وەک لافاوەکەی ئەم دواییە دەبین. لە کاتێکدا دەزگاکانی هەولێر بۆ هاوکاری دەگەنە چەمچەماڵ، یەکێتی لانی کەم خاوەنی سێ دەزگای تایبەتە، یەکێکیان خەریکی پەردەلادان بوو لەسەر پەیکەری گیانبەختکردوویەک، ئەوی دیکەشیان (کە هی لاهور بوو) لە مانگی شوباتەوە بێدەنگە، و سێهەمیش خەریکی وەرگێڕانی نازم حیکمەتە. لە کلتووری مقاوەمە، ئەرکێکی دیکەی ئەو وێنانە دیاریکردنی سنوور حوکمڕانییە. تۆ بەم وێنانە دەزانیت سنووری دەسەڵاتی یەکێتی لە کوێوە دەست پێدەکات، وەک چۆن بە وێنەی نەسڕوڵا دەزانیت ئاخۆ تۆ لە باشووری بەیرووتیت یان لە گەڕەکی ئەشرەفیەی بەیرووت.

هەر لەکاتی قەیرانیشدا ئەم بابەتە وەک پرسی شەرعییەتەکە توشی بەرکەوتن لەگەڵ واقیع دەبێتەوە، بۆیە لەرۆژی لافاوەکەوە یەکێتی لە لایەک دەڵێت “لەم دیو دێگەڵە هی منە”، و لەولاشەوە دەڵێت “حکومەت بودجەی بۆ چەمچەماڵ تەرخان نەکردووە”. ڕاستییەکەی من ئەگەر لەبری یەکێتی بوومایە، لەبری ئەم عەقڵیەت و کلتوورە مقاوەمەییە هەر لەمڕۆوە جگە لەوەی خۆم کێشەکانم چارەسەر دەکرد، تیمەکەشم لە حکوومەت رادەسپارد سیستمی بیمە دامەزرێنێت، تاوەکو ئەوەی لەهەر کارەساتێکی نەخوازراودا هەموو کەس خەیاڵیان ئاسوودەبێت و قەرەبووی خۆیان بەبێ منەتی وەرگرن. ئەمە باشترین وەفایە بۆ شەهیدان و کەسوکاریان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP