دواین هەواڵ

قسەیەک لە جەنگ

‌جه‌عفه‌ر عه‌لی

18/10/2023

ڕووبەرێکی گەورەی مێژووی بەشەرییەت، بە خوێن و دڕندەیی داپۆشراوە. مرۆڤایەتی هەرگیز نەیتوانیوە سیستەمێک بەرهەم بهێنێت، تێیدا کەرامەت و بوونی مرۆڤەکان ڕێزلێگیراو بێت. دادپەروەری و دیموکراسی، لە ڕووی تیۆرییەوە، دوو چەمکی ناو ڕووبەری مێژووی بیرکردنەوە و عەقڵی مرۆڤایەتین، بەڵام لە ڕووی پراکتیکەوە، دەیان فرسەخ لە ویژدان و ئەخلاقی کۆی ئەو سیستەم و دەسەڵاتە سیاسییانەوە دوورن، کە مرۆڤ خۆی دروستیکردوون. گەڕان بە دوای دۆزینەوەی سیستەمێک بۆ دادپەروەری و بەهای مرۆڤبوون، سیستەمێک لەسەر بنەڕەتی پرەنسیپی مرۆیی، نەک ڕەگەز، نەژاد، نەتەوە، دین و مەزهەب، یان بەرژەوەندی سیاسی و ئابووری،لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، گەڕانە بە دوای بازنەیەکی خاڵی و جوگرافیایەک کە هێشتا مرۆڤ بەهێزەوە قاچەکانی لەسەر نەچەسپاندووە.

کۆی سیستەمە سیاسییەکان، چەند بۆ ناوەوەیان کراوە و دیموکراسی بووبن، هێندە بۆ دەرەوەی خۆیان و گەلانی بێهێز، دڕندەو وەحشی بوون، دڕندەیەک بەتاڵ لە هەر مانا و بەهایەکی مرۆڤبوون، دڕندەیەک ئامادەیە فرمێسک و خوێن بەسەر چەکدار و بێ چەکدا، بەسەر گوناهبار و بێگوناهدا، وەکیەک ببارێنێت، ئامادەیە بۆمب و موشەکەکانی بەوپەڕی سەخاوەت و بە بەرچاوی دونیایەکی فوودراو بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ، جیهانێک پڕ لە درۆی بازرگانانی دین و مەزهەب، بگوازێتەوە بۆ ناو دڵی منداڵێک و جەستەی پیرە پیاوێکی ماندوو بە دەست ئازارەکانی ژیان و بەدئەخلاقی ئەوانەوە.

   مێژوو هەر وابووە، زۆربەی کات بەهێزەکان دەینووسنەوە، دونیا گۆڕەپانی یاری ئەوان و مرۆڤەکانیش وەک تۆپی بەر قاچەکانیان، هەر ڕۆژە و بە ئاراستەیەک شەقی هێزی ئەوانی بەرکەوتووە. ئەوەی ئەمڕۆ دونیا دەجوڵێنێ، هێزە. یان دەبێ خاوەنی هێز بیت، یان بچووک و کاسەلێسی بەردەم ماڵی بەهێزەکان. مادام هەمووانیش وەکیەک خاوەنی هێز نین،  بێهێزەکانیش وەکیەک بە بچووکی و ملکەچی ئەوان ڕازی نین، کەواتە ئەم شەقی هێزە هەمیشە وەک مەترسییەک بەسەر ژیان و کەرامەتی بێهێزەکانەوە دەمێنێتەوە، ئەو بێهێز و پەراوێزخراوانەی دەخوازن ببنە خاوەنی هێز و ناسنامەی تایبەت و بوونی خۆیان.

جەنگ، واتە ڕووبەری خوێن، واتە بازدان بەسەر کۆی بەها و پرەنسیپە مرۆیی و ئەخلاقییەکان، هیچ جەنگێک نییە، بە ناو خوێنی خەڵکی بێ چەک و بێگوناهی مەدەنیدا تێنەپەڕیبێت، هیچ جەنگێک نییە، منداڵ و ژن و تەنانەت پیر و پەککەوتەکانی تێدا نەبووبن بە قوربانی، بۆیە قسەکردن لە پاراستنی مافی خەڵکی مەدەنی لە جەنگ، جگە لە درۆی دونیایەکی خاڵی لە بەهای مرۆڤبوون، هیچی دی نییە.

من لە ئاستی گشتیدا قسە دەکەم، نەک نموونە و ڕووبەرێکی دیاریکراو. بەرزکردنەوەی دروشمی مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵکی مەدەنی لە جەنگدا، درۆی ڕێکخراوە  نێودەوڵەتییەکان و لایەنەکانی جەنگە، دروشمێکە هێندەی خودی جەنگ خۆی، گوناهی لە ئەستۆدایە، دروشمێکە وەک سەری بازرگانانی جەنگ، بە خوێن وڕ و کاسە.

جەنگ بۆ بردنەوەیە، لە جەنگدا کەس ئارەزووی دۆڕان و شکست ناکات، هەر لایەنێکی جەنگ سەرنجی ستراتیژی جگە لە بردنەوە لەسەر هیچی دیکە نییە، ئیدی وەک ناتانیاهۆ و غالانت دەچێتە جەنگەوە، یان حەماس و عەمامە بەسەرێکی وەک خامەنەئی و نەسڕوڵڵا، بایەخێکی نییە. هێز و تەکنۆلۆژیای سەربازی ئیسرائیل لەبەردەستی حەماس بایە، دۆخی ئیسرائیل لە ئێستای حەماس و فەلەستین گەلێک خراپتر دەبوو، ئەمریکا هاوپەیمانێکی ستراتیژی هێزێکی وەک حیزبوڵڵای لوبنانی، یان میلیشیاکانی عامری و خەزعەلی بایە، ئێستا لە تەلئەبیب خەڵکی مەدەنی بە دروشمی (اللە اکبر) لە ملیان دەدرا. ئەو قسانەم بۆ ئەوە نییە داکۆکی لە ستەمی هیچ هێز و دەسەڵاتێک بکەم، بەڵام من وا لە جەنگ و حەقیقەتی جەنگ تێگەیشتووم، کە هەمووان، سەرمایەدار و کۆمۆنیست، دیندار و بێدین، موسڵمان و مەسیحی و جولەکە، بەهێز یان بێهێز، لە جەنگدا یەک ئامانجیان هەیە؛ سەرکەوتن، ئیدی گرنگ نییە چۆن بە سەرکەوتن دەگەن، گرنگە ئەوەیە سەرکەوتن بە دەست بێنن.

ئێمە شاهیدی دەیان تاوانی گەورەی ئەو بێهێزانەی خۆمانین لە کوردستان (بە ئیسلامی و عەلمانییەوە)، کە چی کارەساتێکی گەورەیان بەسەر لایەنی بێهێزتر لە خۆیان و کوردیش هێناوە، چۆن خەڵکی مەدەنی و بێ چەکیان کردووەتە خۆراکی ململانێی نێوان خۆیان، چۆن دیلی شەڕیان کوشتووە و خەڵکی مەدەنی بێ چەکیان لە ماڵ و شاری خۆی بە پاساوی جیاوازی بیرکردنەوەی سیاسی، دەرکردووە. جاری دیکەیش گوتوومە، ئەگەر ئەم هێزانەی خۆمان چەکی کیمیاییان هەبایە لە دژی یەکدی بەکاریاندەهێنا، ئیدی باس لە کام یاسای جەنگ، کام مافی مرۆڤ و پاراستنی خەڵکی مەدەنی بکەین. لە جەنگدا هەمووان لە یەککاتدا هەم بکوژن و هەم کوژراو، ڕەنگە بێ ئەوەی بیرت لێکردبێتەوە ببیتە بکوژێک، یان خۆشحاڵ بیت بە کوشتنی کەسێکی دی، یان لە پڕ موشەکێک بێتە سەر سفرەی نانخواردنەکەتەوە و ببیت بە کوژراوێکی جەنگ. ئەوەیە جەنگ و ماهیەتی جەنگ.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP