بۆچی سیاسییە توركەكان خۆیان فێری زمانی كوردی ناكەن؟
زمان لای پەكەكە چۆن پارێزگاری لێكراوە؟
كارزان گلی
لە توركیا ٢٥ ملیۆن كورد بوونی هەیە، واتە ٣٠٪ی دانیشتوانی توركیا كوردن، بەڵام نەمانبینی سیاسییەكی تورك بڵێت زمانی كوردیم وەكوو توركی وایە، لە كاتێكدا ١٠٠٪ی سیاسی و كوردانی باكوور، بەتوركییەكی پاراو قسە دەكەن.
زۆرێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسی كورد پێیانوایە، ئەگەر قسە لەسەر زمانی كوردی بكەین لە باكووری كوردستان، دەبێت رەخنەی زۆر گەورە لە پەكەكە بگرین، چونكە لە قەندیل و دەرەوەی قەندیل، گرنگی بەزمانی كوردی نادرێت، تەنانەت هەموو ئەو وانانەی گەریلا دەیخوێنێت بەزمانی توركییە، عەبدوڵا ئۆجەلانیش، هەموو تێز و نووسینەكانی بەزمانی توركی بڵاوكردووەتەوە، یەك وتاری بەزمانی كوردی بڵاونەكردووەتەوە، ئەمەش وا دەكات زمانی كوردی بەهەند وەرنەگیرێت، بەتایبەت لای تورك.
جەنگیز چاندار، راوێژكاری پێشووی تورگوت ئۆزەل، سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا، لەبارەی زمانی كوردییەوە دەڵێت: ”١٥ ساڵ بەر لە ئێستا زمانی كوردیم زۆر باش بوو، بەڵام ئێستا كەمێكم بیر چووەتەوە، چونكە پەرلەمانتارە كوردەكان بەتوركی قسەم لەگەڵدا دەكەن.“
چاندار توركە و پەرلەمانتارە لەسەر لیستی دەم پارتی.
عومەر گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری دەم پارتی، بەكوردییەكی جوان قسە دەكات، لە دیمانەیەكدا گوتی: ”توركم و شانازی بە توركبوونی خۆم دەكەم، بەڵام خۆم فێری كوردی كردووە، چونكە لەم وڵاتەدا ملیۆنان كورد بوونی هەیە، دەبێت سیاسییە توركەكانیش خۆیان فێری كوردی بكەن.“
راستە بەدرێژایی ١٠٠ ساڵ، سیستەمی سیاسی توركیا، هەموو هەڵێكیدا تا زمان و كلتووریی كورد ئاسیمیلاسیۆن بكات، بەڵام مادام كورد بەپێی خۆی وەستا و نەیهێشت بكەوێت و ئێستا ٦٠ پەرلەمانتاری لەناو پەرلەمانی توركیا هەیە و سەرەكیترین پرسیش لە توركیا پرسی كوردە، دەبوایە گرنگی بەزمانی كوردی بدەن، هەر هیچ نەبێت خانەوادە كوردەكان لەماڵەوە بەكوردی قسە بكەن، تا نەوەكانی داهاتوو بەكوردییەكی رەوان قسە بكەن.
ئەوەی نەتەوەكان لە یەكتری جیا دەكاتەوە زمانە، ناكرێت هاووڵاتییەكی فەڕەنسی بە ئەڵمانی قسە بكات و فەڕەنسی نەزانێت و بڵێت فەڕەنسیم، ناكرێت كوردێك بە توركی قسە بكات و كوردی نەزانێت، كەچی بڵێت خەبات بۆ مافی نەتەوەكەم دەكەم، ئاخر كە زمانی نەتەوەكەت نەزانیت چۆن خەبات بۆ مافت دەكەیت؟
ئەمە بۆ عەرەب و فارسیش هەمان شتە، ئەوانیش خۆیان فێری كوردی ناكەن، چونكە پێیانوایە ئەگەر خۆیان فێری ئەو زمانە بكەن، داننانە بەنەتەوەی كورد و ناچار دەبن مافیان بدەن.
بەداخەوە دەیان هەزار عەرەب لە هەولێر و دهۆك و سلێمانی بوونی هەیە، خۆیان فێری زمانی كوردی ناكەن، لە كاتێكدا دەبێت سیستەمی هەرێمی كوردستان، ناچاریان بكات خۆیان فێری زمانی كوردی بكەن، ئەگەرنا كاریان پێنەدات.
لە توركیا، ئەگەر بتەوێت كار بكەیت، دەبێت بچیتە كۆڕسی زمانی توركی، تا زمانەكە فێر نەبێت كارت نادەنێ، خۆ ئەگەر لە هەرێم هەمان یاسا پەیڕەو بكرێت، دەیان هەزار عەرەب فێری زمانی كوردی دەبن و زمانەكەمان سنووری هەرێم دەبەزێنێت و سەركەوتنێكی گەورە بەدەست دەهێنین.
جاروبار دەچمە سلێمانی، تا ئاستێك عەرەبەكانی ئەوێ كوردییەكی باش قسە دەكەن، لە چەند شوێنێك كاتێك عەرەبێكی دانیشتووی سلێمانیم بینیوە ویستویەتی شتێك بكڕێت، خەڵكەكە بە ئەنقەست بەكوردی وەڵامیان داوەتەوە، گوتویانە ناچار نین بە عەرەبی وەڵام بدەینەوە، ئەمە كارێكی گرنگە، ئاخر ناكرێت هەزاران عەرەب لە وڵاتەكەت بژێت و پێی عەیب بێت خۆی فێری زمانەكەت بكات.
داوا لە پارێزگاری هەولێر، سلێمانی، دهۆك دەكەم، كۆڕسی فێربوونی زمانی كوردی بۆ هەموو ئەو عەرەبانە بكەنەوە كە لەم سێ شارە دەژین، ناچاریان بكەن خۆیان فێری زمانی كوردی بكەن، ئەگەر وا نەكەن، پێویستە كاریان نەدرێتێ، واتە دۆزینەوەی هەلی كار لەبەرامبەر فێربوونی زمانی كوردی.