دواین هەواڵ

ئایا ئێران نامەکانی بایدن وەردەگرێت؟

‌شیروان شه‌مێرانی

28/02/2021

شیروان شەمێرانی

لەسەرەتای دەستبەکاربونییەوە، سەرۆکی نوێی ئەمەریکا زنجیرە نامەیەکی نارد بۆ ئێرانییەکان، بە ئاشکرا ئەوەی وت کە ئەو لەگەڵ ترەمپدا جیاوازە، تێڕوانینی بۆ دۆسیەی ئەتۆمی سەرجەم و دۆسییەکانی تر و هێڵە گشتییەکانی مامەڵەکردن جۆرێکی تر دەبن، زنجیرە نامەکان بریتین بون لە:

١- ڕاگرتنی هاوکاری هەواڵگری لەگەڵ سعودییەکاندا لە یەمەن.
 ٢-  سڕینەوەی حوسییەکان لە لیستی تیرۆردا.
 ٣- ئامادەیی نیشاندان بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنی ٢٠١٥ی ئەتۆمی کە لە ٢٠١٨ دا ترەمپ کشایەوە لێی.
 ٤- لێدوان کە ئێران پابەندبوە بە ڕێکەوتنی ئەتۆمی پێش پاشەکشەی ئەمەریکا .
 ٥- قبوڵکردنی میانگیریی ئەوروپییەکان بۆ دانیشتنی نافەرمی لەگەڵ ئێراندا.

ئەم پێنج نامەیە، لەلایەن ئێرانییەکانەوە - کە دەڵێ ئێمە نەبوین- وەڵامەکەی بریتی بو لە موشەکبارانکردنی هەولێرو کونسوڵخانەی ئەمەریکاو پاشان موشەکگرتنتە ناوچەی سەوز لە بەغدا..

واتە ئێرانییەکان بە هیچ جۆرێ مامەڵەیەکی ئیجابی- پۆزەتیڤ -یان لەگەڵ بایدندا نەکرد، بەشێوەیەک سەرۆکی ئەمەریکایان ئیحراجکرد لای زۆرێک لە سیاسی و چاودێرەکان لەناوخۆی ویلایەتە یەکگرتوەکاندا، بە ئاشکرا دەوترا کە خوێنی سەربازی ئەمەریکی سەردەمی ترەمپ هێڵی سور بو، کەچی لای بایدن وانییەو ئیدارەی نوێی وڵات ناسک و نەرم لەگەڵ ئێراندا مامەڵە دەکات..

بایدن کاتێ کە جێگری ئۆباما بوو باوەڕی بە بەکارهێنانی هێز هەبو، بەڵام ئۆباما نەریتی سیاسی ئەویشی گۆڕی، ئۆباما زۆر موعجیبی ئێران و مێژوی ئێرانە، تورک و عەرەبیشی خۆش ناوێت، بۆیە پرسیارگەلێکی زۆر وروژێنران لەوبارەیەوە.

 هیچ گومان لەوەدا نییە لەوەی کە جۆ بایدن ناتوانێت لەو چوارچێوەیەی کە دۆناڵد ترەمپ کێشاویەتی لە ناوچەکەدا بەئاسانی دەربچێت، پاشان ئەو هەموە کارتەی کە ترەمپ بۆی جێهێشتوە بەرامبەر ئێران، بۆ بەئاسانی و بێبەرامبەر لە دەستی بدات؟ سەرزەنشتی زۆر دەکرێت لەوکاتەدا، ئەمەریکایەکی نەرم و ڕویەکی ناسک پیشان ئێرانییەکان بدات، بە تایبەت ئێران لە ناوچەکەدا هەمو جۆرە هێزێک بەکاردەهێنێت و بێجگە لە هێز هیچی تر لە خەیاڵدانیدا نییە، هێزی نەرم یان زبر..

پاش لێدانی ئەو گروپە چەکدارانەی کە لەسەر بنەمای - باوەڕی ئاینیی - پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا بەستوە، وەزیری بەرگری و وتەبێژی کۆشکی سپی و سەرۆک خۆی بە ڕاشکاویی وتیان کە ئەوە وەڵامێکی بچوک بو بۆ ئەو کردانەی کە سەربازو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای لە عێراقدا کردە ئامانج...

ئەم لێدانە بچوکە وەک وەزیری بەرگری وەسفی کرد،چەند واتایەکی هەیە :-
١- گروپە چەکدارە ئێرانی میتۆدەکان لەپشت بە ئامانجگرتنی هەولێرو ناوچەی سەوزەوەن لە بەغدا.
 ٢- ئەگەرچی ئێمە - ئەمریکا - بەنییەتی باشەوە هاتینە پێش، بەڵام واتای بێدەنگ بون ناگەیەنێت لە کوشتن و لێدانی سەربازو بەرژەوەندی و دۆستەکانمان.
٣- جیانەکردنەوەی دۆسییەی ئەتۆمی لە دۆسییەکانیتری ناوچەکە.

سەرچاوە سەربازییەکان لە واشنتنەوە وتیان ئەوان هەموو بژاردەکانییان خستۆتە بەردەست سەرۆک، بەڵام ئەو کۆتاترین و سوکترینیانی هەڵبژارد، واتەهێشتا نایەوێت ئێران دوربخاتەوە و کەلێن لە بەیەکگەیشتن دروست بکات، ئەنجامدانی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر پێگەی میلیشیا شیعەکان لە ناو خاکی سورییادا، بۆ پاراستنی حکومەتی بەغدا بو لە ئیحراجی و سەرئێشەی گروپە چەکدارەکان، هەروەها فەرامنەهێنانی کەشێکی جەماوەری- ڕاگەیاندن-ی تایبەت لە بەرژەوەندی ئەو گروپانە، لێنەدانییان لە ناو خاکی عێراقدا سوتاندنی کارتی موزایەدەو خۆپیشاندان و سەرلەنوێ داواکردن تا حکومەت بڕیارەکەی پەرلەمان کارا بکات بە دەرکردنی گشت سەربازە بیانییەکان لە خاکی وڵات، کە مەبەستیش لێی ئەمەریکییاکانە..

ئەمانە هەمویان پێکانن لەڕوی سیاسییەوە، بەڵام ئەسڵی بابەتەکە ئەوەیە کە ئایا ئێرانییەکان ئەم نامانە وەردەگرن و دەیخوێننەوە؟، ئایا ئەم وەڵامە پێیان دەڵێ کە بەهەڵەدا چون و دەست و مەچەکی بایدن ئەگەر ترەمپیش نەبێت، لە ئۆباما جیاوازەو تەندروست و پڕئێسقانە؟

ترەمپ لە چوار ساڵی رابوردودا، ڕێڕەوی مامەڵەکردنی لەگەڵ ئێراندا بەدرۆنەکەی ٣ی کانونی دوەمی ٢٠٢٠ گۆڕی، بەواتای ئەوەی بۆ ڕاگرتنی کردە ئێرانییەکان لە ناوچەکەدا بە لێدانی گروپە پرۆ ئێرانییەکانەوە نەوەستا، بەڵکو لە ئاستی باڵادا بەزبری هێز لەگەڵ ئێراندا جوڵایەوە، هەستیکرد بەوەی کە ئێران لە جەنگی بەوەکالەت ماندوو نابێت و باکیشی نییە، بۆیە خاوەن ڕا ئەمەریکییەکان دەڵێن کە ڕاستە بایدن ترمپ نییە و سیاسەتییان جودایە، بەڵام لەهەمان کاتدا جۆ بایدن ئەرکییەتی دەرک بەوە بکات کە ئێستا ٢٠٢١ ە نەک ٢٠١٥؛ کاتێ جێگری باراک ئۆباما بو، تۆمەتی ئۆبامابون لە ئەمەریکاش شوێنی بایدن کەوتوە...

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP