دواین هەواڵ

تەنگژەی نێوان یەکێتی و پارتی دەلاقەیەک بۆ تێگەیشتن

‌شیروان شه‌مێرانی

24/12/2022

لەم بابەتەدا باسی دوو خاڵ دەکەین، یەکەمیان دەلاقەیەکە بۆ تێگەیشتنێکی گشتگیر لە ئەو پەیوەندییە ناتەندروستەی نێوان یەکێتی و پارتی، دووەمیشیان وێنەیەکی بچوکی کاریگەرییەکانییەتی لەسەر دۆزی کورد لە بەغدا، وتەکان لە چوارچێوەی نەتەوەییدا دێن، نەک دیاریکردنی هەق و ناهەق.

1- ئەم دۆخە هەستیارەی ئێستا کە ووترا گەیشتۆتە هێڵی سوور تەنها یەکێکە لە وێستگەکانی ڕێگای پڕ لەهەورازو نشێوو تاریک و ڕۆشنی مێژووی پەیوەندی هەردوو حیزب لەگەڵ یەکتر، لەساڵەکانی ١٩٦٠ ی سەدەی بیستەمەوە بەم جۆرە بووە ئەو چەند ساڵە نەبێت کە هەردوو سەرکردە کاک مەسعود بارزانی و مام جەلال دوقۆڵی بەیەکەوە کارەکانییان ڕێکخست، بەتایبەت ئەمان لەسەر بنەمای فرەیی نەهاتوون بەڵکو بەکەرتبوون- ئینشیقاق-.

2- -ئیشکالییەتی سەرەکی بریتییە لە ناوچەیی- نەک بەمانای ناوچە گەرێتی وەک لەناو هەندێ حیزبا ئەکرێت- بەڵکو بەواتای قەتیس بوونی هەردوو حیزبی سەرەکی بەشێوەیەک کە سروشتی دوو ناوچەیی لەخۆ گرتووە، وە بەهۆی ئەوەی کە دو حیزبی دەسەڵاتن و دەسەڵاتەکەشیان بەستراوەتەوە بە هەژمونی بوونی سیاسیی حیزبییانەوە، هەر تەنگژەیەکی سیاسی ڕەنگدانەوەی لەسەر کاری دەزگاکانی دەسەڵات لە تەواوی هەرێمدا دەبێت، واتە هیچکام لە یەکێتی و پارتی بەواتای ڕاستەقینەی "کوردستانیی" کوردستانی نین، هەر دەڤەرو بوە بە تاپۆی یەکێک، ئەمەش ڕەنگی داوەتەوە لەسەر جوڵەی هەر یەکەیان لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمدا.

بۆ نمونە، ئەگەر ئێستا پارتی بیەوێت لە ناوچەی کەلار خزمەت بکات وەک حیزبێکی سیاسی، هیچ ڕێگایەکی لەبەردەمدا نییە، لەو کاتانەدا دەبێت قاممقامی کەلار پارتی بێت تا بەباشی ئەرکەکانی ڕاپەڕێنێت و جەماوەر بینەری خزمەتگوزارییەکانی بن، عەقڵ و ژیرییان بخەنە کار بۆ هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن لەگەڵ شارو شارۆچکەکانی تری کوردستاندا، جیاوازییەکە دەبینرێت، ئەو کات دەنگدەران بەبەرچاو ڕۆشنی ئاراستەی دەنگەکانییان دیاری دەکەن، بەو ڕێگایە هەڵبژاردن ئامانجی لە گۆڕینی بەرپرسەکاندا دەپێکێت، یان پێشخستن و پاشەکشەکردن بە حیزبێک، ئەم حاڵەتە کە دەبوایە زۆر ئاسایی بوایە لەبەردەم پارتییدا نییە، بۆیە وەزیری ناوخۆو ئەندامی سەرکردایەتی پارتی لە کۆنگرەی زانکۆی ئەمەریکی لە دهۆک وتی: (پارتی تەنانەت یەک بەڕێوەبەری نییە لە سلێمانی ئیتر چۆن داوای خزمەتی لێبکرێت؟).

هەر لەو کاتەدا جێگری سەرۆکی حکومەت بەمەبەستی چاکسازی بەڕێوەبەرو وەبەرهێنەرەکانی دەڤەری سلێمانی کۆکردەوەو ئەوەی بە پێویستی زانی پێی وتن، بەڵام ئەگەرچێ جێگری سەرۆکی حکومەتە کەچی ناتوانێت هەمان هەنگاو بەهەمان هێزەوە لە پارێزگاککانیتر بنێت.

ڕەنگدانەوەیەکیتری ناوچەیی-دەڤەری لە کوردستاندا، ئەوەیە کە لە ململانێدا لەبری ئەوەی ڕکابەرییەکی ئاسایی بێت، شێوازی پێکدادان وەردەگرێت، چونکە هەرکەسەو سەنگینی لە جوگرافیایەکی کوردستاندا هەیەو قورساییەکەی لەوێدا بەکارەهێنێت، بۆیە لەبری تیشک خستنەسەر کارە باش و ئیجابییە مەدەنییەکانیان لەسەر زەوی، دەڤەرەکان دەکرێنە ئامانج، بەرامبەریش پاساوی ناوچەگەرایی دەهێنێتەوەو ئەو هەستە لای جەماوەرەکانی دەخاتە گەڕ. لەو دۆخەشدا ئەوەی بکرێ و نەکرێ، بۆ وتن بشێت و نەشێت بەیەکتری دەکەن و دەیڵێن.

ڕەنگدانەوەیەکتری ناوچەییەتی لە یاسای هەڵبژاردندایە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە کوردستان یاریگای سروشتیی یەکسانی هەردولا نییە، بەیەکسانی دەرفەتی پەیوەندیکرند بە جەماوەرو خزمەتکردنییان فەراهەم نییە، هەر لایەنەو هەوڵی چڕکردنەوەی ژمارەی کورسییەکان لەو بازنەیانەدا دەدات کە بوون و ئامادەیی زیاتریی هەیە، واتە ئەوەندەی عەوداڵی زەمانەتکردنی زیاتری ژمارەی کورسییەکانن، ئەوەندە عەوداڵی دادپەروەری نین، کاتێ کورسییەک دەگوازرێتەوە لەبانەیەکەوە بۆ بازنەیەکیتری هەڵبژاردن، هەر لایەنەو وا دەزانێت لەجەستەی سیاسی ئەوی دەکەنەوە، خوێندنەوەکان جیاوز دەبن.

3- ئەم دۆخە هەستیارەی هەنووکە، وەک هەورێک کە بەتێپەڕبونی کات زیاتر ڕەنگی ڕەشی لێ دەنیشت لەئاسمانی سیاسی کوردستاندا، دەکرێت بەهەندێ جورئەتەوە چارەسەرێکی سەرەتایی بۆ دابنرێت، ئەویش بە داگیرنەکردنی دەزگا کارگێڕییە مەدەنییەکان لە ناوچە جیاوزەکاندا لەلایەن حیزبێکی دیاریکراوەوە، تاهەر حیزبەو سەرتاپای کوردستان بە مەیدانی خۆی بزانێت.

خاڵی دووەم، کاریگەریی ئەم تەنگژەیە لەسەر دۆزی کورد لە بەغدا، بێگومان بەیەکەوە سەنگینترن تا لەت بوون، بەیەکەوە داواکارییەکان لە بەغدا زیاتر گوێیان لێ دەگیریێت لەوەی هەرکەسەو لەلایەکەوە بۆ خۆی، ئەوە دەبێتە مایەی کەم بەهایی قسەی کوردو لەدەستدانی سەنگینیی نەتەوایەتی، کەرتبون پەرتەوازەیی دروست دەکات، بەرامبەرەکان بۆ بیانووی شەڕ فرۆشتنی سیاسی دەگەڕێن، پاشان دەڵێن تاوانی خۆتانە، ئەم تەنگژەییە زەمینەی وەڵام نەدانەوەی داخوازییەکانی کورد دەسازێنێ، بۆ نموونە: لەکاتی بڕینی بوجەی هەرێمی کوردستاندا سەرکردە شیعەکان دزەیان دەکرد بەو هەواڵانەی کە گوایە کوردەکان خۆیان داوای بڕینی بەشە بوجەی هەرێمییان کرد، دۆخەکەی کوردستانیش ئامادەی پێشوازیکردنی ئەو جۆرە قسەڵۆکانە هەبوو، بەو جۆرە تۆپەکەیان فڕێ دایە کوردستان و بوو بە کەرەسەیەکی گەرمی تۆمەت بەخشینەوەی سیاسیی و میدیایی و دەڤەرایەتی.

بەپلەی یەکەم یەکێتی و پارتی، پاشان هێزە سیاسییەکانیتری کوردستان، ئەبێت ئەوە بزانن کە لە داهاتویەکی مەودا ناوەنددا، چەشنە عەقڵێک ڕوبەڕویان دەبێتەوە لە بەغدا هاوشێوەی ئەو عەقڵەی کە ئێستا مامەڵە لەگەڵ کوردانی سنەو بانەو سەقزو کرماشاندا دەکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP