دواین هەواڵ

كورد له نێوان فەلەستین و ئیسرائیلدا

‌شیروان شه‌مێرانی

17/05/2021

  1. هەر جارێ لەهەر شوێنێ حاڵەتێک دروست بێت لەنێوان فەلەستینییەکان و ئیسرائیلییەکاندا، راستەوخۆ عەلمانییەکان بەتایبەت چەپەکان دەبنە پرۆ-ئیسرائیل، بە پاساوی ئەوەی کە فەلەستین کێشەی من نییە، بنچینەی هەڵوێستەکەش دژە ئایینیە، بێئەوەی بپرسن ئایا ئیسرائیل کێشەی منە؟

     گرتنی هەڵوێست یان دورو نزیکی کورد لەو قەیرانە مێژوییە، لەسەر چەند خاڵێک دەوەستێ:

    1-    لە روی نەتەوایەتییەوە کێشەو دۆزی ئێمە نییە، هەروەک چۆن شوناسی نەتەوایەتیشی پێ نادرێت، بەواتای ئەوەی نە کێشەی نەتەوەیی کوردە، نە لە خودی خۆیدا دروستبوی ململانێی نەتەوایەتی بوە.

    2-    لە روی ئاینییەوە کێشەی گەلی کوردە، وەک موسوڵمان و مەسیحی،  داگیرکردنی خاکی فەلەستین خاکی مسوڵمان و مەسیحییە، قودس و مزگەوتی ئەقسا بە دەقی ئایەتی قورئانی خاکێکی پیرۆزه‌، نەک تەنها مزگەوتەکە بەڵکو خاکەکەی چواردەوریشی ( سورەتی ئیسرا- ١-).، ئیسرائیلیش خۆی بۆ خۆی شوناسی ئاینیی داوە بەو دۆزە، ئەوان دەڵێن کاتی خۆی موسا پێغەمبەر بە فەرمەنی خوا هاتۆتە ئەوێ و داوای کرد لە قەومی ئیسرائیل بڕۆنە بەیتولمەقدیس کە خاکەکەی پیرۆزە، بۆیە ئێستا ئەو خاکە بژاردەی خواییە بۆ ئێمەو ئێمە میرایتگرینی (- تەورات-سفری تەسنییە:٤٨:٣٢-٥٢-)، واتە ئەوانیش وەک کێشەیەکی ئایینی ئەیبینن.. هەروەک چۆن دەوڵەتەکەیان وەک دەوڵەتێکی ئایینی دەناسێنن..

    3-    لە روی مرۆییەوە کێشەی ئێمەیە، ئەوەی کە رودەدات لەگەڵ هیچ رێساو یاسایەکی نێودەوڵەتی و دونیای نوێدا ناگونجێت، نوێنەری یەکێتی ئەوروپا لە ئیسرائیل کە سەردانی گەڕەکی – حی جەڕاح- ی‌ کرد لە قودس وتی "ئەوەی رودەدات دژ بەیاسا نێودەوڵتییەکانە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش وتی "پێویستە بە شێوازی مرۆییانە مامەڵە لەگەڵ خێزانەکانی – حی جەراحدا- بکرێت.."

    4-    وەک کورد، ئەوەی کە دەگوزەێ لە روداوەکانی کوردستان دەچن، لە دەرکردنی خێزانە کوردەکانی لادێکانی دەوروبەری کەرکوک دەچێت، کە خێڵە عەرەبەکان لە ژێر پاسەوانێتی حەشدی شەعبی و سەربازە عێراقییەکاندا دێن و دەڵێن بە کوردەکان ئەم خانوەم بۆ چۆڵ بکە من ئەیبەم بۆ خۆم، ئێرە خاکی عەرەبەو کورد بە ئێرە نامۆن، چەندە ئەوە مایەی قبوڵکردن بێت روداوەکانی ئەمدواییەی قودسیش هەروایە، یان ئێستا راکان جبوری بێت و بڵێ بە گەڕەکی ڕەحیماوای کەرکوک چۆڵی کەن بۆ عەرەبەکان، پێخەفەکانتان بپێچنەوە و ملی جادەی هەولێرو سلێمانی بگرن..

    5-    دۆزی فەلەستین دۆزی نەتەوەیی ئێمە نییە، بەڵام ئایا ئیسرائیل دۆزی ئێمەیە؟ ئەنتی- ئیسلامیبون؛ پرۆ-زایۆنیزم ناگەیەنێت، بەدەر لە هەر پێوەرێکی مرۆیی و یاسایی هیچ نەبێ دەکرێت بێدەنگ بین، هەندێ لە داخی ئەردۆگان و تورکیا دژایەتی فەلەستینییەکان دەکەن، لە کاتیکدا بە درێژایی مێژو ئیسرائیل هیچ سودێکی بۆ کورد نەبوە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان مۆسادی ئیسرائیلی لە کینییا هاوکاری میتییان کردو فڕاندییان و بە چاوبەستراویی و بێهۆشی تەسلیم بە بوڵند ئەجەوید کرا.. پەکەکە لای ئەمەریکییەکان تیرۆریستە.. لە بەرامبەردا کەسایەتییە سیاسییە کوردەکان- بارزانی و تاڵەبانی و ئۆجەلان- لە سەردەمی  شۆڕشدا پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردە فەلەستینییەکان وک نایف حەواتمە و یاسر عەرەفاتدا هەبوەو خزمەتی سەربازی و لۆجستیش کراون لە بەیروت و دیمەشق..

    ئایا واتە لێدوانی دژە ئیسرائیلی فەرمی؟ نەخێر، چونکە یەکەم کوردستان دەوڵەت نییە تا هەڵوێست بگرێت و لە هیچ قەوارەییەکیشدا ناخوێندرێتەوە لەم قەیرانەدا بێ کاریگەرە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستی بە دروستکردنی ناحەز نییە، بەڵام دەکرێ و ئەرکیشە کە بزانێ دو دەوڵەتی دژە ئیسرائیل هاوسنورمانن، هیچ عەقڵێک بە وروژاندنییان قایل نابێت، بەتایبەت ئەوان لە بیانودان بۆ کوردستان، لە کاتی ڕیفراندۆمدا لەو کاتەی کە حەشدی شەعبی دەیویست یان ئارەزوی دەکرد بەیداخ و ئاڵاکانییان لە قەڵای هەولێرو سەر شاخی گۆیژە هەڵبدەن، سەرۆکی حکومەتی ئیسرائیل ناتانیاهۆ تەنانەت لێدوان دانیشی لە وەزیرەکانی حکومەتەکەی قەدەغەکرد.. ئەگەر پردێ و سحێڵە نەبوایە ڕو بە هەولێر ملیان نابو، ئیسرائیل بەس تەماشای دەکرد..بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان دەبوایە سەرکردایەتی کوردی ڕوی بکردایەتە تاران و ئەنقەرە نەک ته‌لئەبیب..
      بۆیە لە ڕوانگەی ئەو پێوەرانەوە دەگونجێ هەڵوێست بگیرێت و ئەو خاڵانەش هێڵە گشتییەکانی پەیوەندی کورد لەگەڵ کێشەی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکاندا بکێشێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP