دواین هەواڵ

رووی ڕەمەزانمان و ڕۆمانی (زێدی دووڕوویی) خۆزگە هەر ڕووی ڕەمەزانمان دەبوو

‌د.سالار تاوگۆزی

25/03/2023

کە ڕەمەزان دێت، ئێمەی مسوڵمان ڕوویەکی دیکەمان نیشان دەدەین کە لەپێش و پاش ڕەمەزان دەیشارینەوە.

لە ڕووی ڕەمەزانماندا لێبوردەین و ڕێزی بەرانبەر دەگرین، یارمەتی هەژاران دەدەین، گەندەڵی کەم دەکەینەوە، دەچینە مزگەوت، دەست لە کاری خراپ هەڵدەگرین، جنێو بەکەس نادەین، گەر جنێویان پێداین یان هەر وشەیەکی زبریان پێگوتین، دەڵێین: من بەڕۆژووم.

ئەمەش کارکردنە بەم فەرموودەیە: عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُ، أَنَّ رَسُولَ اللَّهِ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، قَالَ: الصِّيَامُ جُنَّةٌ، فَلاَ يَرْفُثْ وَلاَ يَجْهَلْ، وَإِنِ امْرُؤٌ قَاتَلَهُ أَوْ شَاتَمَهُ فَلْيَقُلْ: إِنِّي صَائِمٌ -مَرَّتَيْنِ- رواه البخاري (1894) ومسلم (1151).

واتە: ڕۆژوو قەڵغانە، مرۆڤ لەکاتێکدا بەڕۆژووە، نابێت خراپەکاری و کاری نەزانانە بکات.

ئەگەر کەسێک شەڕی پێفرۆشت یان جنێوی پێدا، با دووجار بڵێت: من بەڕۆژووم. بەڵام هەر کە ڕەمەزان ڕۆشت، پێش هەموو شتێک مزگەوتەکان چۆڵ دەکەین، دەیکەین بە جەژن و خۆشیی، وەک بڵێی لەزیندان بەربووین، ئیدی ڕووی ڕەمەزانمان دەشارینەوە، هەرچی خودا و دین و یژدان پێی ناخۆشە دەیکەین.

ئەمە جگە لەوەی هەندێکمان پێش جەژن کە هێشتا دەممان بەڕۆژووە، ئەگەر دوکانداربین و شتومەکی جەژن بفرۆشین، نرخەکان گران دەکەین، لەکاتێکدا ئەو وڵاتانەی کە پێیان دەڵێین: (وڵاتی کافران) لەبۆنەوئاهەنگەکاندا، نرخی شمەک دادەبەزێنن. من هەرکاتێک ڕەمەزان دێت، ڕۆمانی (أرض النفاق)ی نووسەری دیاری میسری (یوسف السباعي) م بیر دێتەوە کە تێیدا ڕەخنە لە کۆمەڵگای دووڕوو دەگرێت.

ڕۆمانەکە ساڵی 1949 نووسراوە، مامۆستا (حەمە سەعید حەسەن) لە پۆستێکدا بە (زێدی دووڕوویی) ناونیشانەکەی بۆ کوردی وەرگێڕاوە، کە دەکرێت بیشیکەین بە (سەرزەمینی دووڕوویی).

ئەو ڕۆمانە هەرچەند 74 ساڵ بەسەر بڵاوبوونەوەیدا تێپەڕیوە، بەڵام بۆ ئێستای کۆمەڵگای کوردی و عەرەبی و ئیسلامیی دەشێت، کە دەیخوێنیتەوە هەست دەکەیت تازە بڵاو بووەتەوە، چونکە کۆمەڵگەکانمان لەڕووی نیفاقەوە، خراپتر بوون و باشتر نەبوون.

لەڕۆمانی زێدی دووڕوویی، نووسەر باس لە بازرگانانی ئەخلاق دەکات، ئەو لەسەر چەمکی (ئەخلاق) ڕادەوەستێت و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە شوێنێکی لە کۆمەڵگەدا بۆ بدۆزێتەوە، بەڵام دەبینێت زۆربەی شوێنەکان لە کۆمەڵگەدا لەلایەن (دووڕوویی)یەوە داگیر کراون، هەر بۆیەش ڕۆمانەکەی ناودەنێت زێدی دووڕوویی.

سەبارەت بە (ڕۆژوو)ش، یوسوف السباعي لە ڕۆمانی زێدی دووڕوویی، باوەڕی وایە ڕۆژوو تەنها دەستهەڵگرتنێکی کاتی لەخواردن و خواردنەوە نییە، چونکە ئەمە کەڵکی نییە، لەبەر ئەوەی لەئەم جۆرە ڕۆژووەدا، ئەوەی دەیکەین دواخستنی کاتی نانخواردنی نیوەڕۆیە بۆ کاتی بەربانگ و پێشخستنی کاتی نانی بەیانییە، بۆ کاتی پارشێو، ئیدی کە ئەمەمان کرد، بەدرێژایی ڕۆژ دەبینە جەستەیەکی پەککەوتووی بێکەڵک. لەبری دواخستن و پێشخستنی کاتەکانی خۆراک، لە بەربانگ و پارشێودا خراپ قەرەبوو دەکەینەوە، خۆشترین شیرینی و باشترین خواردن دەرخواردی خۆمان دەدەین.

ئەو نووسەرە میسرییە لەساڵانی چلەکاندا ئەو ڕەخنانە لە کۆمەڵگە دەگرێت، بەڵام ئەگەر بەراوردی کۆمەڵگەی عەرەبی و ئیسلامی لەنێوان ساڵانی چلەکان و ساڵانی دوای سەرهەڵدانی گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکان بکەیت، هێشتا دەبینیت کۆمەڵگەی ئەوکات کراوەتر بووە.

ئاخر لەگەڵ سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسیی توندڕەودا، دینداری ڕووکەش زیاتر بوو، نمایشکارە ئاینییەکان زیاتر دەرکەوتن، ئەمەش دووڕوویی گەیاندە ئەوج. من کە ئەو ڕۆمانەم خوێندەوە، هیچ شتێکم تێدا نەبینی کە ئێستا -بەزیادەوە- لەسەرزەمینی دووڕوویی ئێمەدا نەبێت.

مخابن کەوا دەڵێم، خۆزگە ئێمە هەر ڕووی ڕەمەزانمان دەبوو. لەم ڕەمەزانەدا پێشنیازی خوێندەوەی ئەو ڕۆمانە دەکەم بۆ ئەوانەی تاقەتی خوێندنەوەیان هەیە، خوێندنەوەی ئەو ڕۆمانەش بەبەشێک لە تاعەتەکانی ڕەمەزان دەزانم بەمەرجێک ببێتە هۆی ڕیشەکێشکردنی دووڕوویی لەناخی خوێنەردا.

ڕۆمانەکە لای من هەیە، هەر کەسێک ویستی بە pdf بۆی دەنێرم. خۆ ئەگەر نەتانویست ڕۆمانەکە بخوێننەوە، سەیری فیلمی (أرض النفاق)بکەن کە لە هەمان ڕۆمان وەرگیراوە بۆ یەکەمجار لەساڵی 1968 کراوە نیشاندراوەو یەکێک بووە لە فیلمە میسرییە پڕ بینەرەکان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP