دواین هەواڵ

جوڵەی ڕۆشنبیریی کوردیی لەسەردەمی هیچوپوچیدا

‌د.سالار تاوگۆزی

25/02/2023

 

سەردەمی ئێستامان کە سۆشیاڵ میدیا ئاراستەی دەکات، بەهەموو مانایەک سەردەمی هیچوپوچییە، هەر ئەمەش پاڵی بە فەیلەسوفی کەنەدیی (د.ئالان دوونۆ) وە ناوە تا پەرتووکێک بەناوی (سیستەمی هیچوپوچی) بنووسێت.

تایبەتمەندییەکانی ئەم سەردەمی هیچوپچییە ئەوەیە کە سیاسی ڕووکەش و هەرزەبیر و هەرزەگۆ، ڕۆشنبیرو هونەرمەندی نمایشکاری ئاستنزم، شاعیری شیعر پوچ، کۆلکەمەلای کەمزانی تەکفیرچی و هەزەلی، پەڕلەمانتاری چەقۆکێش و بازاڕیی، تیکتۆکچی و فەیسبوکچی و یوتیوبەری کۆمەڵگە تێکدەر، دەروننەخۆشی بەخشراو کە پێویستی بە چارەسەرە، کاندید و پەڕلەمانتاری کاڵفامی پۆپۆلیست و خەڵکانی لەم بابەتە لە کایە جیاوازەکاندا کۆمەڵگە ئاراستە دەکەن، جەماوەرێکی زۆریشیان هەیە.

بابە ئێستا تۆ چۆن دەتوانیت بۆ شەیدایەکی نەخوێندەواری ڤیدیۆکانی کۆلکە مەلایەکی سەلەفی بەناوبانگ لە سۆشیاڵ میدیا بسەلمێنیت کە مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس لە ئەو کۆلکە مەلایە پێوستترە بۆ کورد.

ڕۆژێک لەشوێنێک دانیشتبووم، دیمانەیەکی من لەگەڵ پڕۆفیسۆر دکتۆر مستەفا زەڵمی لە کەناڵی KNN پەخش دەکرا، قوتابییەکی قۆناغی یەکەمی زانکۆ بەوێدا تێپەڕی و بەگاڵتەوە سەیری دیمانەکەی کرد و وتی: ئەم کابرا زۆر جاهیلە. وتم: ئەی کێ لای تۆ زانایە؟ ناوی کۆلکە مەلایەکی سەلەفی عەقیدەی سۆشیاڵ میدیای هێنا. وتم: خۆت عەرەبی دەزانیت ؟ وتی: نەخێر!

بەهۆی ئەو جۆرە کەسانەشەوە، بابەتی ناوەرۆک خراپ و پڕ لە توندڕەوی ئایینی و سوکایەتی و جنێو سوشیاڵ میدیای تەنیوە. پرۆژە ڕۆشنبیرییەکانیش یان سست بوون یان پەکیان کەوتووە، حیزب و دەسەڵاتیش وەک جاران پاڵشتیی داراییان ناکەن، ئاخر لەسەردەمی هیچوپوچیدا چاوی حیزب لەسەر بەرهەمی هیچوپوچانە لە سوشیاڵ میدیا، نەک ڕۆشنبیرو هونەرمەندە جدییەکان.

چەندین ڕۆشنبیری گەورە دەناسم کە زیاد لە چارەکەسەدەیەکە خزمەتی ڕۆشنبیریی کوردییان کردووە، ئێستا لە کونجی ماڵەکانیان کەوتوون و پارەی دەرمانی نەخۆشییەکانیان نییە، کەسیش لێیان ناپرسێت، بەڵام بۆ پرۆژەیەکی گاڵتەجاڕیی یان ڤیدیۆ هەزەلییەکانی تیکتۆکچییەک پارەی زۆر دابین دەکرێت.

بەداخەوە دەسەڵات و حیزبەکان بەگشتی لەزۆر وڵاتدا بۆ خۆشەویستکردنی خۆیان، موجامەلەی ئەو جۆرە کەسانەیان کردووەو دەیکەن، کۆمەڵگەش چی بەسەر دێت کێشە نییە بەلایانەوە، ئەوان پارەو شوققەو ئۆتۆمبێل دەدەن بەهیچوپوچان تەنها لەبەر ئەوەی بینەریان زۆرە، بەڵام نازانن ئەوانە لە کۆمەڵگەدا ئۆینێکی وەهایان بۆ دەنێنەوە کە خودی دەسەڵات حیزبەکانیش گیر دەخۆن بەدەستیانەوە.

پێشتر ئەو حیزب و دەسەڵاتەی پشتیوانی هیچوپووچەکانی کردووە ، زۆر کورتبین بوو، ئەوەتا ئێستا کاریگەری خراپی ئەو کەسانە لەسەر ناوبانگی دەسەڵات و حیزبەکان دەرکەوتووە و هەرچی دەکەین ناتوانن بە ئاسانی خۆیانی لێ بێبەری بکەن و بڵین: کاکە ئەو پەڕلەمانتارە پۆپۆلیستە چەقۆکێشە یان ئەو تیکتۆکچییە بەدڕەوشتە سەر بەئێمە نییە.

ئێمە چەندین جار هۆشداریمان بە دەسەڵاتداران و حیزبەکان داوە، بەڵام ئەوان درەنگ فریاکەوتن تا کۆمەڵگە لەم جۆرە مرۆڤانە پاک بکەنەوە. بەها و بایەخ بۆ هونەرمەندو کاندید و پەڕلەمانتار و ڕۆشنبیرە سەنگین و ڕەسەنەکان بگێڕنەوە.

بەهەر حاڵ هێشتا دەرفەتێک لەبەردەم دەسەڵاتی کوردی ماوە تا ڕۆشنبیر و هونەرمەند و کاندیدی ڕەسەن لە سۆشیاڵ میدیا و فەزای گشتیدا دەربخات و جوڵەی ڕۆشنبیری جددی دەستپێبکات.

من ئاگادارم کە هەندێک جوڵە لە کوردستاندا بەڕێوەن، کە هێشتا مایەی دڵخۆشین، وەلێ ئەو جوڵانە دەبێت تەنها لەچوارچێوەی چاپکردنی پەرتووک و گۆڤاردا نەبن، بەڵکو بەدەنگ و ڕەنگ لە سۆشیاڵ میدیاشدا بوونیان هەبێت، چونکە ئەمڕۆ ڕۆشنبیری وێنەیی خێراتر و کاریگەرترە. من میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەم بیرۆکەیە دەزانم و بۆ ئەمەش لەگەڵ ناوەندێکی ڕۆشنبیری کەخەریکی خۆڕێکخستنەوە و تێهەڵچوونەوەیە تاوتوێی دەکەم.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP