دواین هەواڵ

نەورۆز لەڕوانگەی ئیسلامی کوردەواری و ئیسلامی سیاسییەوە

‌د.سالار تاوگۆزی

20/03/2024

نەورۆز لە ئیسلامی کوردەواریدا کە فرەزانا یان پیتۆڵ (علامة)ى وەک مەلا عەبدولکەریمی مودەڕڕیس و مەلای گەورەی کۆیە و دکتۆر موستەفا زەڵمی نوێنەرایەتی دەکەن، جائیزو جیاوازە.

مەلای گەورەی کۆیە، لەوتارێکی مێژوییدا سەبارەت بە جەژنی نەورۆز لە ( ٢١ / ٣ / ١٩٣٨ ) لە (بەر دەرکی سەرای شاری کۆیە) فەرموویەتی:
"ئەمڕۆ رۆژێکە پڕ نوور ، دونیا ماڵە ماڵە لە سرور ، ژاڵە دەدرەوشێتەوە ، لالە دەگەشێتەوە ، دارو درەخت دەپشکون  بەروسەمەر دەردەکەون، فەلەک وەک خێوەتی زبر جەدی هەڵداوە ، زەمین کەوای ئەتڵەسی سەبزی گۆڵگوڵی لەبەر کرا ، ئافتابی عالەم درەخشانە خورشیدی خاوەری بە ئەشیعەی زەهەبی زەڕ ئەفشانە ، نێزیکە بڵێم ئەرزو سەما ، کەوتیتە رەقس و سەما ، ئەمە چ باس و خواسە چ ئەسەرە چ خەبەرە ،
بەڵێ ئەمڕۆ رۆژی مرادە ، نەورۆزی گەلە ، حەقە ، رۆژی زۆر موبارەکە ئەوەڵی بەهارە ، یەکی ئیعتیدالی لەیل و نەهارە ، جەژنە جەژنی ئۆممەتە ، جەژنی محەبەت و ئولفەتە . 

هەروەها نووسەر (عەتا شەمێرانی) دەڵێت: لە ناوەڕاستی نەوەدەکان، لەسەروبەندی جەژنی نەورۆزدا، رۆژنامەی عیراق ئەم چاوپێکەوتنێک لەگەڵ زانا و نوسەری پایەبەرز مامۆستا مەلاعەبدولکەریمی مودەڕیس سازدەکات، بە ئامانجی ئەوەی مامۆستا بڵێت: نەورۆز، جەژنی کورد نیە و جەژنی فارس و ئاگر پەرستیە! مودەڕیس، زۆر زانایانە دەڵێت "جەژنی نەرۆز، جەژنێکی ناسراوی سەردەمی ئیسلام و پێش ئیسلامە، هیچ دژایەتیەکی لەگەڵ ئاینی موسوڵمانان نیە. جەژنی نەورۆز دروشمێک نیە بۆ فەساد، بەڵکو جەژنی بەهار و شادی کوردە.

هەروەها مودەڕیس دەفەرموێت" لە سەردەمی ئیمامی عەلی، جەژنی نەورۆز هەبووە و شیرینی دابەشکراوە، ئیمامی عەلی لە شیرینیەکەی خواردوەو وتویەتی ئەمە چیە؟ وتویانە ئەمە دروشمی ئێمەیە و لە نەرۆزدا دروستیدەکەین و دابەشیدەکەین، بەسەر ئەوانەی خۆشمان دەوێن. ئیمامی عەلی، دەفەرموێت: دەی کەواتە هەموو کاتێ جەژنی نەورۆز سازبکەن و گوزارشت لە خۆشی و شادی خۆتان بکەن.!"

 بەڵام نەورۆز، لای ئیسلامی سیاسیی هاوردەکراو و موتوربەکراو بەتەکفیر و تەفسیق و تەبدیع و عوروبەت ناجائیزە.

 ئامانجیش لە دژایەتیکردنی نەورۆز و بۆنە نەتەوەییەکانمان لەڕێگەی مۆدێلێکی هاوردەکراو لە ئیسلامەوە، سڕینەوەی ناسنامەو کەلتوری نەتەوەیی کوردە.  

ئایا ئێوە هیچ حیزب و شێخ و سەرکردە و کادیرێکی ئیسلامیی عەرەب و فارس و تورکتان دیوە بەناوی ئاینەوە دژایەتی بۆنە نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن ؟

 ئەی بۆچی هەندێک لە ئیسلامییە سیاسییە کوردەکان لەژێر کاریگەری فیکری سەلەفیزم و ئیخوانیزمدا دژایەتی نەورۆز و بۆنە و کەسایەتییە نەتەوەیی و کەسایەتییە  ئاینییە کوردەوارییەکان و ئیسلامی کوردەواری دەکەن ؟ 

وەڵامی ئەو دوو پرسیارەی سەرەوە بۆ ئێوە بەجێدەهێڵم. 

کەواتە جارێکی دیکە نەورۆزتان پیرۆز بێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP