دواین هەواڵ

لە راستیدا، شتێك لە تورکیا ناگوزەرێ، کە بە حەق بە ‘پرۆسەی ئاشتی’ ناو ببرێ

‌ڕابوون مەعروف

5 کاتژمێر پێش ئێستا

 

  لە راستیدا، شتێك لە تورکیا ناگوزەرێ، کە بە حەق بە ‘پرۆسەی ئاشتی’ ناو ببرێ.  هەر بۆیە، تورکەکان، بێ منەتانە، بە ‘تورکیای بێ تیرۆر’ ناوی دەبەن. ئەوەش واتا، بە فەرمیی، ناونانیی یەك سەدە خەباتی کورد، بۆ سەروەریی و سەربەخۆیی، بە تیرۆر! بەڵام، ئیسلامیزم و چەپ و ئایدیای ‘برایەتی گەلان’ و ئەو ئانارشیزمەی کە تەڤگەریی باکور، تێیکەوتوە، بەرچاوی کوردیی لێڵ کردوە و ناهێڵن، واقیع و راستیەکان، وەكخۆی ببینێت. 

ئاپۆ و تەڤگەریی باکور و زۆرینەی هەرە زۆریی ناوەندە پەیوەندیدارەکان، گۆڕانکارییەکی گەورە کە بەسەر تورکیادا هاتوە، نابینن؛ کۆتایی کەمالیزم! ئەوەی لە تورکیا رودەدات، درێژە و گەشەی کەمالیزم نیە، بەڵکو کۆتایی کەمالیزمە. کۆتایی کەمالیزم، نەك هەر تورکیا ناکات، بە دیموکراسیی، بەڵکو ئەو بەهایانەی جیهانیی مۆدێرن، کە کەمالیزم لە تورکیا جێگیرییکرد، لەگەڵ کۆتاییهاتنی کەمالیزم، بەرەو کۆتایی دەچن. ئەوەش چونکە، ئەوەی کۆتایی بە کەمالیزم هێناوە، دیموکراسیی و دەوڵەتی مۆدێرن و شارستانێتی مۆدێرن نیە، بەڵکو ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیی یە. ئیسلامیی، ئەوانەی خۆیان بە نوێنەری خوا دەزانن لە سەر زەوی. ئەوانەی هەر لە بنەڕەتەوە، بڕوایان بە دیموکراسیی و بەهاکانیی جیهانیی مۆدێرن نیە. ئیسلامیەکان، بۆیە نەهاتونەتە دەسەڵات گەشە بە دیموکراسیی و دەوڵەتی مۆدێرن و بەهاکانی شارستانێتی مۆدێرن بدەن، بەڵکو بۆیە هاتون لەگەڵ کەمالیزم دیموکراسیش بنێژن و ئیتر تا قیامەت حوکم بکەن. 

سەرەڕای ئەوەی کە ئانارشیزمی ئاپۆ، کە تیایدا چەمکی نەتەوە و سەروەریی و سەربەخۆیی نەتەوە نیە، بۆخۆی دەرد و بەڵایەکی مێژوییە، کە یەخەی کوردیی گرتوە، بەڵام گرفتێکیتر ئەوەیە کە ئاپۆ نازانێت چی لە تورکیا رویداوە و رودەدات! ئاپۆ ئاگای لەو حەقیقەتە مێژوییە نیە، کە ئەوەی لە تورکیا رودەدات، گەشەی کەمالیزم و دیموکراسیی نیە، بەڵکو کۆتایی کەمالیزمە. کۆتایی کەمالیزم و هاتنی ئیسلامیزم.

کۆتایی کەمالیزم، لە هەنگاوی یەکەمدا، بۆ کورد خەبەرێکی خۆشە، ئەوەش چونکە، لە کەمالیزمدا، بۆ یەك سەدە، کورد و شوناسە نەتەوەیی و تەنانەت نەژادییەکەیشی نکوڵی لێدەکرێت. بەڵام، کاتێك ئیسلامیزم، شوێنیی کەمالیزم دەگرێتەوە، کورد وەك نەژاد نکوڵی ناکرێت، بەڵام تەنها کوردێکی بایۆلۆجیی، کە دەتوانێت وەك برا بچکۆلەی دینیی، وەك رەعیەت و بەردەستی برا گەورە (نەتەوەی تورك) هەبێت. لە ئایدیۆلۆجیای ئسیلامیزمدا، ئیتر تورك و کورد دەبن بە برا! بەڵام ئاه، هەرگیز بۆ یەك رۆژ و یەك سات، لە بیرت نەچێت: کوردیی ‘برا بچکۆلە’ و تورکی ‘برا گەورە’. هەڵبەت، لەوێدا، سەربەخۆیی و سەروەریی و شکۆمەندیی بەشی برا گەورەیە، بەڵام برا بچکۆلە دەتوانێت بە خۆی بڵێ کورد، کوردی بەردەست و رەعیەت و خزمەتکاریی برا گەورە.

ئیسلامیەکانی تورکیا، خەریکی خەون و خولیایەکن، بەڵام کورد بە هەڵە، لە دوای خەون و خولیایەکیترە. تورکیای ئیسلامیەکان، خەون بە گێڕانەوەی هەژمون و دەسەڵاتی عوسمانیەکان دەبینێت، کە بێگومان ئەو خەونە، ئەگەر بەدیبێت، لەسەر نابوتکردن و کۆتایهاتنی خەون و خولیای کورد و دۆزەکەی دەبێت. ئیسلامیە تورکەکان، بێ پێچ و پەنا، خۆیان بە براگەورەی ناوچەکە، دەزانن. بەڵام، ئەوانیتر، بە تایبەتی کورد، وەك رەعیەت و بەردەست و برا بچکۆلە دەبینن، کە تەنها دەتوانن هاوکار و خزمەتکاریی تورك و خەونە هەژمونخوازییەکەی بن. 

بە پێچەوانەی ئەوەی کە کوردە گومڕا و سەرلێشواوە ئیسلامیی و چەپەکان تێیگەیشتون، تورکەکان دژیی دەوڵەتی نەتەوە یان دەوڵەت بۆ نەتەوە نین، بەڵکو ئەوەی ئێستا هەیانە، بە کەمی دەزانن و لە دوای فراوانکردنیی هەژمون و دەسەڵاتی خۆیاندان لە ژێر پەرچەمی ئایدیۆلۆجیای ئیسلامیزم و برایەتی ئاینیی. ئەگەر کورد، مردنی کەمالیزم لە تورکیا، وەك کەناریی رزگاریی و شکۆمەندیی ببینێت، ئەوە کەوتوەتە ناو هەڵەیەکی ستراتیجیی مێژویی مەزنەوە. چونکە، ئەوەی لە تورکیا کەمالیزمیی بەزاند، دیموکراسیی و بەهاکانیی جیهانیی شارستانیی و مۆدێرن نەبو، بەڵکو ئایدیۆلۆجیایی ئیسلامیی بو، کە، ئەگەر سەرکەوتو بێت، هەنگا و بە هەنگاو، یەك لە دوای یەك، بەهاکانیی دەوڵەتی مۆدێرن، کە کەمالیزم لەگەڵ خۆی لە تورکیا جێگیریکردبون، کۆتایی پێدەهێنێت، بێگومان لە پێشەوەی هەموان، دیموکراسیی و هەڵبژاردنی ئازاد. ئەوەی ئێستا، تورکیا وەك باشترین و کراوەترین دەوڵەتی جیهانی ئیسلامیی دەردەکەوێت، بەرهەمیی ئیسلامیەکانی تورکیا نیە، بەڵکو بەرهەمی سەد ساڵ کەمالیزمە، کە ئێستا، لە دەسەڵات دورخراوەتەوە و ئەوانەیشی  کە خەون بە گێرانەوەی کەمالیزم دەبینن، یەك یەك دەبرێن بۆ زیندان.

****
*بە جیا لەوەی کام ئایدیۆلۆجیای فیکریی و سیاسیی، پەرچەمیی تەڤگەریی باکور و جوڵانەوەی رزگاریی باشور و رۆژهەڵات و رۆژاڤا بوە، کورد و خەباتکارانی کورد، لە دوای خەونی سەروەریی و سەربەخۆیی و شکۆمەندیی نەتەوەیی بون. بۆیە ئەوانەی لەو رێگایەدا، گیانیان سپارد، شەهدیی دۆزیی نەتەوەیی کورد و رێگایی سەربەخۆیین، نەك شتێکیتر. هەرچەندە جێگای داخ و ئەسەفە، هەمیشە و تا ئێستا، ئایدۆلۆجیا بەد و ناچیزەکان، لە چەشنیی ئیسلامیزم و سۆسیالیزم و چەپ، بەسەر جوڵانەوە کوردیەکان زاڵبون. 

*کوردێکی مێشك داگیرکراوی نزیك لە سەرەوەی ئیسلامیەکان، کە بە زمانی ئینگلیزی لە تۆڕی ئێکس کۆمێنتی سیاسیی بڵاو دەکاتەوە و خۆی تەرخانکردوە بۆ خزمەتکردن و بەردەستیی داگیرکەرانیی کوردستان، چەند رۆژێك پێش ئێستا نوسیبوی: سەرۆك ئەردۆگان رۆلێ برا گەورەی کورد (Abi) دەبینێت لە پاراستنی کورد و رێگرتن لەوەی کورد بگلێتە جەنگی ئەمەریکا-ئیسرائیل/ ئێرانەوە. یەکەم: دیقەت لە زاراوەی ‘برا گەورە Abi’ بدەن، ئەوە بینینی زۆرینەی هەرە زۆریی ئیسلامیە کوردەکانە، بەرامبەر نەتەوە داگیرکەرەکانیی کوردستان. بێگومان ئەوەی قسە دەکات، کوردیی ‘برا بچوك’ە بۆیە داگیرکەر وەك ‘برا گەورە’ دەبینێت. دوەم: تەنها کوردی پاشکۆ و مێشك داگیرکراو، نایەوێت ببینێت، دەنا کوردیی ئازاد و شکۆمەند دەزانێت، کە (Abi) خەریکی چیە و چۆن ئەگەر کورد (ی سونە) و دۆزە رەواکەی لە رۆژهەڵات بچێتە پێش، (Abi) پشتیوانیی ئازەریی (شیعە) دەکات، لە دژی کورد (ی سونە) و خەون و خولیا و ئامانجەکانیی.

*ئاپۆ و ئنجا تەڤگەریی باکور و لق و چڵ و پۆپەکانیی، بە بۆنە و بێ بۆنە، هێرش دەکەنە سەر ‘ئیمپریالیزم’ و سەرمایەداریی خۆرئاوا و ئیسرائیل. ئەوە لە کاتێکا، ئەگەر ئەمەریکا و ئیسرائیل نەبان، تا مردن، رەنگە کەس جاريکیتر دیدەنی ئاپۆی نەکردایە و هەڤاڵانی تەڤگەر لە قەندیل لە ناو تونێڵیشدا، نەیانتوانیبا بژین. هەروەها، هەڤاڵانی رۆژاڤا، ئەگەر چانسیان هەبوایە، دەیانتوانیی هەڵبێن بۆ باشور. ئایا زەحمەتە ببینیت، لەگەڵ توندبونەوەی گێژەڵوکەی هێرش و پەلامارەکانی ئەمەریکا و بە تایبەتی ئیسرائیل، باس و خواسیی (ئاشتی!) لە تورکیا گەرم دەبێتەوە؟! هێرشەکان گەرم بن، باسیی ئاشتی گەرم دەبێت و هێرشەکان سارد ببنەوە، باسی ئاشتی سارد دەبێتەوە. خوا هەڵناگرێ، تورکەکان خۆیان دەڵێن، با ئەو کێشەیە (بۆ ئەوان کێشەی تیرۆر) کۆتایی بێت، بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەچێتە نێوانەوە؛ ئەوەش واتا بۆ ئەوەی کوردەکان بە هاوکاریی ئیسرائیل یەکیەتی تورکیا (کە لەسەر خاك و وڵات و شکۆمەندی کورد و ئەوانیتر بینا کراوە) نەکەوێتە مەترسییەوە. 

*لە چەند رۆژی رابردو، سەرۆکی گەورەترین پارتی ئۆپۆزیسیۆن و کەمالیست، لە تورکیا، لە مزگەوتێك خەریکی دەستنوێژ هەڵگرتن بو. کە بینیم، من ئەو هەستەم هەبو، کە ئەو وەك لێقەوماوێك خەریکی شۆردنی لاشەی کەمالیزمە. بەڵام، بێگومان نە ئەو سەرکردەیەی ئۆپۆزیسیۆن و نە تەواویی کەمالیستەکانی تورکیا و نە ئاپۆ و نە تەڤگەریی ئاپۆچی، نازانن، لە تورکیا کەمالیزم کۆتاییهاتوە و مردوە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP