شێوازى ژیان له‌م سه‌رده‌مه‌دا به جۆرێكه كه ئه‌گه‌ر به سه‌د ساڵ به‌رتر به‌راوردى بكه‌یت، وا ده‌ركه‌وێت باشتر بنوێنێت. زۆریشن ئه‌وانه‌ى زۆریان له‌باردایه بۆ ئه‌وه‌ى نموونه‌ت بۆ بهێننه‌وه و تەنانە‌ت بۆشت بسه‌لمێنن، كه له‌مه‌دا ڕاست ده‌كه‌ن.
له به‌رامبه‌ردا منیش و زۆرى دیكەیش به‌ڵگه‌یان هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى گومان له‌سه‌ر واچه‌كه‌ى ئه‌وان دروست بكه‌ن، له‌مه‌دا ئه‌وانیش ڕاست ده‌كه‌ن!
جا ئه‌مه ده‌كاته چى و كێ ڕاست ناكات، كه هه‌ردوولا ڕاست ده‌كه‌ن؟
(مۆنك دیبه‌یت) دامه‌زراوه‌یه‌كى وڵاتى كه‌نەدایه، گفتوگۆى گه‌رم سه‌باره‌ت كێشه‌كانى مرۆڤایه‌تى ئه‌نجام ده‌دات، له‌ته‌ك گفتوگۆى شاره‌زایاندا، ماف به هه‌موو ئاماده‌بوانیش ده‌دات، له ڕاپرسییدا به‌شداری بكه‌ن.
یه‌كێك له‌و دیبه‌یتانه‌ى چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له‌ژێر ناونیشانى ئه‌و پرسیاره‌دایه، كه: "ئایا مرۆڤ باشترین ڕۆژگاریان ده‌گوزه‌رێنن؟" گفتوگۆی گه‌رم ده‌وروژێنێت.
زۆر كەس پێیان وایه، ڕه‌وتى پێشڤه‌چوونى زانست، ژیانى مرۆڤایه‌تیى باش كردووه و له به‌رامبه‌ریشدا ئه‌وانه‌ى پێیان وایه هه‌موو شت هه‌ر خراپتر بووه كه‌م نین و وه‌كوو ئه‌وان زۆرن. گرنگیش نییه كێ لایه‌نگرى زۆره و كێ ده‌یباته‌وه، ئه‌وه‌ى بایه‌خداره ئه‌و ده‌ره‌نجامانه‌ن كه به ئاراستەیه‌كى دیاریكراو و تاكڕه‌هه‌ند و به‌بێ به‌شداریى ئه‌وانى دیكە به رجه سته بووه.
به‌ڵگه‌ى بوونى هێندێك هه‌نگاوى چاك، له‌م سه‌رده‌مه‌دا ناتوانێت ئه‌وه ڕه‌ت بكاته‌وه، هه‌مان ئه‌و به‌ڵگانه به‌ره‌و كاره‌ساتمان نابه‌ن.
له شارى تۆرنتۆى كه‌نه‌دا، به ١٠ ڕۆژێك به‌ر له كۆتایى مانگى نیسانى 2019 له‌سه‌ر ئاستى جیهان (دیبەیتی سه‌ده) به‌ڕێوه ده‌چوو. ئه‌و دووه‌ى له‌م دیبه‌یته‌دا وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌یان ده‌دایه‌وه "به‌خته‌وه‌رى؛ له‌نێوان سه‌رمایه‌دارى و ماركسیزم‌دا" و گفتوگۆى گه‌رمیان كرد، یه‌كه‌میان فەیله‌سووفى سلۆڤینى (سلاڤواى ژیژاك)ى ماركسى ڕادیكاڵ بوو (ئه‌و خۆى وه‌ك هیگڵه‌ك پێناسه ده‌كات). دووه‌میشیان (گوردن پیته‌رسۆن)ى ده‌رونناسى لیبراڵى موحافیزكار بوو.
له دیبه‌یته‌كه‌ى (دامه‌زراوه‌ى مونك)دا سه‌باره‌ت وه‌ڵامدانه‌وه‌ى پرسیارى: "ئایا مرۆڤ باشترین ڕۆژگاریان ده‌گوزه‌رێنن"؟ گۆردن پیته‌رسۆن به‌شدار بوو، دیبه‌یته‌كه و ورده‌كارییه‌كانى كراوه به كتێب و منیش به‌رگاوبه‌رگ خوێندوومه‌ته‌وه. دیبه‌یته‌كه‌ى (پیته‌رسۆن و ژیژاك)یشم ڕاسته‌وخۆ بینیوە و كه خراوه‌ته سه‌ر كاغه‌زیش خوێندوومه‌ته‌وه و له‌باره‌شەوه زۆرم نووسین به‌هێند وه‌رگرتووه.
پیته‌رسۆن له هه‌ردوو بۆنه‌دا موحافیزكارێكى لیبڕاڵه و لایه‌نگرى ڕاستڕه‌وییه و ئه‌مه‌ش ناكاته ئه‌وه‌ى بڵێین "له‌به‌رئه‌وه ده‌بێت دژى ببینه‌وه."
ئه‌و ژماره و داتاى زۆرى پێیه، بۆ ئه‌وه‌ى قایلت بكات به‌وه‌ى، مرۆڤ ئێستا بارودۆخیان له سه‌د، یان ته‌نانه‌ت په‌نجا ساڵ پێش ئێستا باشتره. نابێت له‌به‌رئه‌وه‌ى ئێمه‌ش به‌ڵگه‌مان بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و پێیه، مافمان هه‌بێت ڕه‌تى بكه‌ینه‌وه.
كاتێك پیته‌رسۆن له دیبه‌یته‌كه‌ى (مۆنك)دا گوتى: "له چل په‌نجا ساڵى ڕابردوودا ئاستى برسیه‌تى و نه‌دارى له چین و هندستان به ڕێژه‌ى به‌رچاو كه‌م بووەته‌وه، ئاستى گوزه‌ران سه‌د به‌رابه‌ر باش بووه و ڕێژه‌ى مردنى منداڵان كه‌م بووه، ئاستى ته‌مه‌نيش درێژ هه‌ڵكشاوه". له‌وبه‌ره‌وه یه‌كێك كه هه‌ردوو ئایدۆلۆژییانه سه‌نگه‌ربه‌ندیان گرتبوو، وه‌ڵامى دایه‌وه و گوتى: "ئه‌م قسه‌یه ڕاسته و به‌ڵگه و ئاماره‌كانیش ڕاستن، به‌ڵام له هه‌مان ئه‌و قۆناغه‌دا كه له‌و دوو وڵاته بارى گوزه‌رانى خه‌ڵك باش بووه، به‌هۆى پیشه‌سازییه‌وه كاره‌ساتى خراپتر به‌رۆكى ئه‌وان و هه‌موو ئه‌ستێره‌كه‌شیان گرتووه، به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى برسیه‌تییه‌وه ژینگه و خاك و ئاووهه‌واى ئه‌و وڵاتانه و جیهانیش ژه‌هراوى بووه!"
دێمه‌وه سەر دیبه‌یته‌كه‌ى (ژیژاك و پیته‌رسۆن) كه له ڕاستیدا سه‌ره‌تاى ستاییشكردنى له‌لایه‌ن ڕاگه‌یاندنه‌وه و پێشتریش فووتێكردنى، ئه‌گه‌رچیش به به‌راورد له‌گه‌ڵ چه‌له‌حانێى تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سه‌نگین بوو، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ى تۆزێك به هزر و بیركردنه‌وه‌وه خه‌ریكن له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو، به گفتوگۆى هاوشێوه‌ى نێوان بیرمه‌ند و فه‌یله‌سووفانى سه‌ده‌ى ڕابردوو به‌راورد بكرێت.
بێ گومان به‌ڵگه‌كان كاریگه‌ر بوون، نموونه‌كانیش به‌هادارییان هه‌بوو، بۆ ئه‌وه‌ى به بۆچوونه‌كان قایل بیت، به‌ڵام هه‌رگیز له ئاست چاوه‌ڕوانیى كێشه و ده‌ردودووى مرۆڤایه‌تیدا نه‌بوون.
(ژیژاك) ڕه‌خنه‌گرانه‌تر و به شێوازێكى دیالكتیكى، سه‌رمایه‌دارى و سۆشیالیزمى به‌ر نه‌شته‌ر خست. به هه‌مان شێوه‌ش سه‌باره‌ت (به‌خته‌وه‌ری)ش وه‌ك ڕوانگه‌یه‌كى ئایدۆلۆجى قسه‌ى ده‌كرد، به‌ڵام ئه‌وه ئاستێكى بڵند نه‌بوو، تا بڵێین: "هاوتاى كێشه و گرفته‌كانن."
خاڵە گرنگەكە، به‌ڵام نوێ نه‌بوو، (ژیژاك) نموونه‌ى بۆ ئه‌وه هێنایه‌وه: "چه‌پى نوێش به‌شێك له سیستمى شێواوى ئێستاكه‌ى جیهانن". ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌و سیستمه بێت، ناتوانێت تێیپه‌ڕێنێت.
كێشه‌كه ئه‌وه‌یه، ئێستا هێندێك كه باڵاده‌ستن، له‌جیاتى هه‌موو مرۆڤایه‌تى بیر ده‌كه‌نه‌وه، خۆیان كێشه‌كان دروست ده‌كه‌ن و خۆشیان چاره‌سه‌ر ده‌دۆزنه‌وه، ده‌بێ هه‌موانیش له‌مه‌دا لاساییان بكاته‌وه.
(ژیژاك) دژى به‌كاڵاكردن و به‌كاڵاكردنى ئایدۆلۆژیاش ده‌وه‌ستایه‌وه، (پیته‌رسۆن)یش وه‌ك موحافیزكارێكى ڕادیكاڵ خۆى ده‌نواند. سه‌باره‌ت ئه‌م بۆچوونه‌ش ده‌مه‌وێت دوو خاڵ تۆمار بكه‌م:
یه‌كه‌م: هێنده به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ى دژى سه‌رمایه‌دارى ببیته‌وه، وه‌ك (ژیژاك) دژى چه‌پى نوێ بیت و ئه‌زموونى وه‌كوو (چین) بكه‌یته نموونه كه توانیویه‌تى هاوتایى له‌نێوان كاراى ئابووریى بازاڕ و ماركسیزم‌دا دروست بكات، چونكه (چین) به هه‌مان به‌هاى سه‌رمایه‌داری خۆسه‌پێن و داگیركارانه‌یه و ته‌نیا چه‌كه‌كه‌ى ئه‌وه‌یه داگیركاری و خۆسه‌پاندنه‌كه‌ى ئابوورییه، ئه‌مه‌ش نموونه‌ى ئیمپراتۆریه‌تێكى نوێی پۆست مۆدێرنه‌یه.
دووه‌م: هێنده به‌س نییه بۆ ئه‌وه‌ى دژى نموونه‌ى دیكە بیت، كه ده‌شێت له ئاسیا و شوێنێكى دیكەى خۆرهه‌ڵات دێنه ئارا و باشترن و ڕێسا و یاساى خۆرئاواییان به‌سه‌ردا بسه‌پێنیت و بڵێیت "دیموكراسى و لیبراڵى باشترین نییه، به‌ڵام له هه‌موو سیستمه‌كانى دیكە باشتره!"
با بێمه‌وه سه‌ر به‌ندوباوى پرسیاره‌كان، كه له دیبه‌یتى یه‌كه‌مى (دامه‌زراوه‌ی مۆنك دیبه‌یت) و (دیبه‌یتى سه‌ده)شدا سه‌باره‌ت خۆشگوزه‌رانى و به‌خته‌وه‌رییه و بپرسم، ناوه‌ڕۆكى ئه‌م دووانه چییه؟
ئایا ئه‌مانه جۆرێك نین له شرۆڤه و بۆچوون و لێكدانه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به به‌هاكانیان؟
ئه‌و وێنه‌یه‌ى بۆ خۆشگوزه‌رانى و به‌خته‌وه‌رى نه‌خشێندراوه، ته‌واو خۆرئاوایى نییه و به پێودانگى ئه‌وان دروست نه‌كراوه؟
بۆچى مرۆڤ، ئه‌فغانییه‌ك، سۆماڵییەك و كوردێك و ئه‌نده‌نووسییه‌ك، ئه‌گه‌ر وه‌كوو ئه‌مریكایى نه‌ژى و نه‌خوا و نه‌پۆشێت و بیر نه‌كاته‌وه، به‌خته‌وه‌ر نییه؟
بۆچی زه‌رده‌شتییه‌ك، یان بووزییه‌ك، یان موسڵمانێك، به شێوازى خۆى به‌خته‌وه‌ر بێت، نابه‌كامه و هه‌ر ده‌بێت به‌و شێوازه‌ى (هۆلیود) سه‌باره‌ت به‌خته‌وه‌رى وێنه‌ى بۆ كێشاوه، لاسایى بكاته‌وه و بگوترێت ئه‌وه به‌خته‌وه‌رییه؟
به‌خته‌وه‌رى وێنه‌ى له چوارچێوه‌دراوى نییه و خۆشگوزه‌رانییش داتا و ژماره نییه. زاست سه‌لماندوویه‌تى به‌خته‌وه‌رى و خۆشگوزه‌رانى، ژماره و پێوه‌ر و پێوانه‌ى نییه، له شوێنى دیكە نییه و له‌نێو سه‌ختى و بارگرانیى ژیاندایه.
ئه‌و له شوێن و كاتێكى دیكەدا به‌ده‌ست ناكه‌وێت، له گوزه‌راندنى سه‌ختى و به‌رپرسیاره‌تى و بێ نه‌وایى ئازار و بار و كارگرانى دایه.
(فرۆید)ى زاناى ده‌روونناس نووسیویه‌تى: "ئاوڕ له ڕابردوو ده‌ده‌یته‌وه، خۆشترین ڕۆژانت ئه‌وانه‌ن كه پڕ له ئازار و نه‌هامه‌تیین!"
پێوه‌ر و پێوانه‌یان بۆ خوشگوزه‌رانى دروست كردووه، ئایدۆلۆژیاى نه‌خۆشانه‌یه.
بۆچى ئه‌گه‌ر كۆلیتێكت هه‌بێت و چیلكه و چه‌وێڵ كۆ بكه‌یته‌وه، كوانوو گه‌رم بكه‌یت و مه‌ڕ بدۆشیت و مریشك به‌خێو بكه‌یت و هێلكه بكوڵێنیت و به نانى گه‌رمه‌وه بیخۆیت به‌خته‌وه‌رى نییه، به‌ڵام ماڵه‌كه‌ت هه‌زار مه‌تر ڕووبه‌رى بێت و چه‌ند خزمه‌تكارت هه‌بێت، خزمه‌تكار ببن به ڕۆبۆت و له‌جیاتى ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ مرۆڤێكدا هه‌ڵبكه‌یت، سه‌گ و پشیله به دۆست بگریت، به‌خته‌وه‌رییه؟
زانستى نوێ دەیسه‌لمێنێت، له سه‌دا نه‌وه‌دى ده‌ردودوو و نەخۆشیى جه‌سته‌یی، به گۆڕینى شێوازى ژیان چاره‌سه‌ر ده‌بێت و چ پێویستى به چاره‌سه‌رى پزیشكى و كیمیایى نییه.
ئه‌مه ئەوە پشتڕاست ده‌كاته‌وه، خه‌وبینین به به‌خته‌وه‌رى و به‌ده‌ستخستنى، نه‌خۆشییه و دروستكردن و ڕه‌خساندنى ساغڵه‌مییه.