دواین هەواڵ

لەیادی راپەڕیندا دژ بە خیانەت وپووچگەرایی

‌ئەبوبەكر كاروانی

05/03/2023

ڕاپەڕین ساتی گەورە بوونی ڕۆحی کوردو کۆکردنەوەی تواناکانی وپێچانی برینەکانی وشکاندنی بتی ترس ونائومێدی وبێمتمانەیی بەخۆبوونی مرۆڤ وکۆمەڵگەی کوردستانییە، بە مەبستی تێکشکاندنی قەڵای پێشەوەی ستەمکاری وزۆرداری وناسیۆنالیزمی دوواکەوتووی عەرەبی لەناوچەکەدا وھاتنەوە ناوومێژوو شانۆی ناوچەکەو جیھانی گەلی باشوور.

بەپێچەوانەی ڕۆحە شەکەت وماندووە کانیشەوە، بەدەست واقیعی پشتکردنە بەشێ لەئامانجەکانی راپەرین لەلایەن نوخبەی فەرمانرەوای حیزبیی ھەرێمەوە، پێمان وایە دەبێت، شکۆی ئەوڕۆژە لە ویژدان ویاداوەری تاکەکەسی ودەستە جەمعیماندا وەك خۆی پارێزراوبێت.

لێرەشەوە، ڕێبازی ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی شانازیەکان ولاپەڕە زێڕینەکانی گەلەکەمان لە بیرکردنەوەی ھاوڵاتی کوردستانیدا، وەك ڕێکارێك بۆ داخ وناڕەزایەتی دەربڕین، لە دۆخی ناکۆکی وگەندەڵی وکەرتبوونی ئێستای ھەرێم، بەمافی کەس نازانین. دژبە عەقڵییەتی ئیسڵاح وگۆڕانکاریشە لەواقیعی حوکمرانیدا، بەحوکمی ئەوەی نائومێدی وبێمتمانەیی پەرەپێدەدا، ئەوەش سەردەکێشێ بۆ بێھودەیی وپووچگەرایی ودەشڕژێتە قازانجی ھەموو ئەوانەی، بەشێوازی جۆراوجۆر لەپێناو دەسەڵات وپارەدا، خیانەتیان لەئەمانەت کردوو نەیانتوانی لەئاست گەورەیی راپەڕین وقوربانی سەدەیەکی ڕەبەقی گەلەکەیاندا بن.

ھەست کردن بەلەحزەی شکۆداری راپەڕینی گەلەکەشمان، پێمان دەڵێت: سەڕای ھەموو حەسرەت وناعەدالەتی وخیانەت ولە ڕێلادانەکان، میللەتێك ڕاپەڕینی کردبێت، سەرەنجام دەتوانێ بەئاقاری ناوخۆو دەرەوەدا بەرگری لەماف ودەستکەوتەکانی بکات وسنوور بۆ قەیرانەکان دابنێت و بەسەر کۆسپ وتەگەرەکاندا سەربکەوێت وخۆی بینا بکاتەوە.

دروود بۆ ساتەوەختی ڕاپەڕین وگیانی شەھیدە سەربەرزەکانی وخەڵکی راپەڕیوو.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP