دواین هەواڵ

"پۆلیس دەڵێت: هۆکارى مردنەکە جەڵتەى دڵ بووە نەک ڤیاگرا"!

‌ئه‌رسه‌لان ره‌حمان

24/01/2023

شەوی یەکەم: دادوەرێکی خانەنشین، تەمەنی 73 ساڵ، لە 'قەریە لوبنانی" بە هۆى خواردنی دەنکۆڵەى شینەوە (ڤیاگرا)، لە شوقەیەکدا کۆچى دواییکرد و لەگەڵ دوو ئافرەت بووە"!

شەوی دووەم: پۆلیس رایگەیاند، "دادوەرە خانەنشینە 73 ساڵییەکە لە قەریەى لوبنانی بە هۆی ڤیاگراوە کۆچى دوایی نەکردووە، بەڵکو جەڵتەى دڵ لێیداوە، لێکۆڵینەوەش لە بارەیەوە بەردەوامە و پۆلیس هاوڕێیەکەی و دوو کچەکەشى دەستگیر کردووە"

ئەمە بووەتە تۆپى هەواڵى کاتژمێر هەشتی شەو، پرسى رۆژ و گرنگترین هەواڵی هەندێک کەناڵ و پەیجی سۆشیالمیدیا و ئەم لەوی وەردەگرێتەوە و کۆپى دەکات و گرافیکێکی بۆ دەکات و بڵاوی دەکاتەوە. بێ ئەوەى لە خۆیان بپرسن خەریکی چین؟

کاریگەرى سۆشیالمیدیا کارێکی کردووە، زۆر کەناڵ و دامەزراوەى میدیایی بە عەقڵى موراهیقانە گوتار و ناوەڕۆکی پەیام دابڕێژن و ئاراستەى وەرگری بکەن. چونکە کێبڕکێکە هاتووەتە ئاستی چەند لایکی بۆ دێت و چەند یارى بە میزاجی وەرگر دەکات و دەیهێنێتە قسە.

هەرچەند بە پێودانگی پیشەییانە لێکی دەینەوە، هاوکێشەکە لە بۆتەى دامودەزگای میدیایی پرۆفیشناڵدا جێ ناگرێت و دەخزێت بەرەو لاساییکردنەوەى هەرزەکارانەى "چاپەمەنی زەرد"، بەڵام لە ژێر کاریگەرییەکانی هالەیەکی میدیایی و عەبای پرۆفیشناڵێتییدا بۆ چەواشەکردنی وەرگر خۆی حەشار داوە. بەو پێودانگەش هەندێک کەناڵ و ناوەندی میدیایی خەرجی زۆر داخستنیان لە بەرژەوەندی خاوەنەکانیانە، چونکە ئەوەى دەیکەن ئیشى پەیجێکی بێ ناسنامەیە و پەیجێکی بێ خەرجی رەنگە باشتریشی بکات.

بابایەکی ئاسایی، هاووڵاتییەک، کەسێک کە هیچ ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گشتیی نییە و ژیانێکی ئاسایی بەسەر دەبات، خۆی، ژیانی، تەندرووستی و مەرگی دەبێت رێزلێگراو بن و نەکرێنە کاڵا و بازاڕیان پێ گەرم نەکرێت، مەگەر ئەوەی بەو پەڕی وردەکاریی و پیشەییبوونەوە رێز لە پیرۆزییەکانی، نهێنییەکانی، ناسنامە و تایبەتمەندییەکانی بگیرێت و شکۆ و کەرامەتی پارێزراو بمێننەوە، ئەگەر پێویستی کرد وەک بابەتێکی میدیایی بخرێتەبەر باس.

جێی بەزەیی پێداهاتنەوەیە، هۆکارى مردن بە بێ راپۆرتی پزیشکی جاڕی بۆ بدرێت و تەنانەت لەسەر زارى پۆلیسەوە بگوازرێتەوە. هەر کەناڵ و دەزگایەکی میدیایی ئەوە بە رەوا ببینێت بەر لە راپۆرتی پزیشکی دادوەرى، لێدوانی پۆلیس بکاتە بنەما بۆ هۆکارى مردن و چاوەڕێی توێکارى نەکات؛ ئەو پەڕی تێنەگەیشتنییەتی نەک لە کارى میدیا، بەڵکو لە رێچکەى بەڕێوەچوونی جومگەکانی ژیانیش تێنەگەیشتووە و تەنیا دەیەوێت قسە فڕێ بدات.

لەو نێوەدا بەشێک لە راگەیاندنکارانی پۆلیس رۆڵێکی زۆر خراپ دەگێڕن، تەنیا بۆ دەرکەوتنیان لە شاشە و کۆکردنەوەى لایک و کۆمێنت بۆ پەیجە شەخسییەکانیان دەست لە هیچ ناپارێزن. لە رێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بوونەتە پەیامنێرى کەناڵەکان و تا پێیان دەکرێت، بازاڕی خۆیان گەرم دەکەن، لە بری ئەوەى ئەرکی راستەقینەى خۆیان جێبەجێ بکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP