ڕۆژانه مایك بۆ هه‌موو كه‌س ڕاده‌گیرێت، له منداڵه‌وه بگره تا به‌ساڵاچوو، به‌خشراوه‌كانیش بێبه‌ش نین، هه‌ر كه‌س بۆنی ئه‌وه‌ی لێ بێت، "ئاگر له سۆشیال‌میدیا به‌رده‌دات" مایكی بۆ ڕاده‌گیرێت.
مه‌رجیش نیه هه‌موو ئه‌وانه‌ی له شاشه‌وه وه‌ك ڕاوێژكار، چاو‌دێر، شاره‌زا، پسپۆڕ، ئه‌كادیمی ده‌رده‌كه‌ون، گونجاو بن، به‌ڵێ له‌وانه‌ی به بۆینباخه‌وه ده‌رده‌كه‌ون، به‌شێكیان ته‌نیا بۆ سه‌رگه‌رمی سۆشیال‌میدیا میوانداری ده‌كرێن، یاخود بانگهێشتكردن و مایك بۆ ڕاگرتنیان له شوێنی خۆیدا نیه، یان ئه‌و بابه‌ته‌ی قسه‌ی له باره‌وه ده‌كرێت و پرسیاری لێده‌كرێت، تایبه‌تمه‌ندی و پسپۆڕێتی ئه‌و نیه و هێناویانه و قسه ده‌كات.
به ناوی مامۆستای زانكۆوه میوانداری كراوه، وه‌ك كارمه‌ندی پرسگه‌ی باره‌گایه‌ك بیرده‌كاته‌وه و پرسیاری چاره‌نووسی ململانێكانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی لێده‌كه‌ن. له دروشم و قسه‌ی بێ كاكڵ زیاتر ئاگاداری هیچ نیه و پاساو بۆ بڕیاری ئه‌م و ئه‌و ده‌هێنێته‌وه، بێ ئه‌وه‌ی هیچ بنه‌مایه‌كی لۆژیكی له بیركردنه‌وه و قسه‌كردنیدا هه‌بێت.
ئه‌مه حاڵه‌تێكی نادروسته. دابه‌زینی ئاستی سه‌رچاوه میدیاییه‌كانه بۆ په‌یج و ئه‌كاونت و چه‌ناڵی یوتیوب یان تیكتۆكی به‌كارهێنه‌ران.
ئێستا هاوكێشه‌كه پێچه‌وانه‌وه بووه‌ته‌وه، له بری ئه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی میدیایی یان هه‌واڵیی، ته‌غزیه‌ی سۆشیال‌میدیا بكات و ئاستی وه‌رگر به‌رز بكاته‌وه، كه‌چی عه‌وداڵبوون به دوای كۆكردنه‌وه‌ی لایك و كۆمێنت، كه‌ناڵ و ده‌زگا میدیاییه‌كانی دابه‌زاندووه بۆ ئاستێك، كه هه‌ر به‌كارهێنه‌رێكی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌توانێت به‌كاریان بهێنێت بۆ "گڕدانی سۆشیال‌میدیا".
به‌شێك له خه‌ڵكیش سودی باشیان له‌و ده‌رفه‌ته بینیوه و له ڕێگه‌ی كه‌ناڵه‌كانه‌وه زیاتر فوو ده‌كه‌نه په‌یج و ئه‌كاونت یان چه‌ناڵه‌كانیان..
دابه‌زینه‌كه هێنده به‌رچاوه، هه‌ندێكجار بێژه‌ری سه‌ره‌كی كه‌ناڵه‌كان له‌به‌ر خاتری ژماره‌ی فۆڵۆوه‌رسی ئینستا یان سناپه‌كه‌یان سه‌ریان له شاشه‌وه ده‌رچووه، له كاتێكدا به‌رهه‌می ژیانیان ته‌نیا وێنه‌ی فلته‌ر بووه و هیچ زانیارییه‌كی ئه‌وتۆیان له باره‌ی كاری ڕاگه‌یاندن نیه.
به گشتیی هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت تۆمه‌ت ببه‌خشێته‌وه، قسه بكات، قسه‌كردن و قسه‌هه‌ڵبه‌ستن، یان شێواندنی زانیاری ئاسانه، به‌ڵام ده‌بێت سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كان به هه‌ستیارییه‌وه ڕووماڵی قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و بكه‌ن. ڕێگه نه‌ده‌ن ببنه ئه‌كاونتی فه‌یسبوك و هه‌ژماری تیكتۆكی به‌كارهێنه‌رانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و پله‌داره سیاسی و ئیدارییه‌كان و هه‌ر كه‌س چی حه‌ز كرد له ڕێگه‌یانه‌وه بڵاوی بكاته‌وه.