دوای كوژرانی گه‌نجه‌كه‌ی چه‌مچه‌ماڵ ( تاوانێكی ئیدانه‌كراو و بێزراوه)، ژماره‌یه‌ك په‌یج و ئه‌كاونت ده‌موده‌ست وێنه‌ی مامۆستایه‌كی ئایینی، یاخود بانگخوازێكیان بڵاوكرده‌وه و وه‌ك تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی دنه‌دان و هانده‌ری تاوانه‌كه ناساندیان و ناویان هێنا، به دوایدا، ژماره‌یه‌ك سایت و سه‌رچاوه‌ی هه‌واڵیی هه‌مان كاریان كرد.
نكوڵی له‌وه ناكرێت، به‌شێك له وتاری بانگخوازان توند و ده‌مارگیرانه، یان خوێناوی و ڕقاویه. نكوڵی له‌وه‌ش ناكرێت، شیكردنه‌وه‌ی ده‌ق و خستنه‌ڕووی به درێژایی سه‌رده‌مه‌كان، تا ڕاده‌یه‌ك میزاجی كه‌سیی تێكه‌ڵ كراوه، یاخود له چوارچێوه‌ی دیدگایه‌كی داخراوی كه‌سیی خراوه‌ته‌ڕوو. ڕاڤه‌كان هه‌مه چه‌شنن و هه‌ندێك له پرسه‌كانیش كۆده‌نگییه‌كیان له‌سه‌ر درووست بووه و هه‌شیانه له ده‌ره‌وه‌ی كۆده‌نگی بۆچوونی جیا و ڕیزپه‌ڕ و په‌ڕگیرانه به ته‌كیانه‌وه هه‌ر ماوه و هه‌ر ده‌شمێنێت. ئه‌مه یه‌كه‌مجاریش نییه خه‌ڵك له‌سه‌ر ئه‌و جۆره تۆمه‌تانه ده‌كوژرێت و له ڕابردوودا كوشتنی شاپور و قابیل دیارترین نموونه‌ن، كه به هاندانی ڕاسته‌وخۆی وتاربێژێك كوژران.
به‌ڵگه‌ی تۆمه‌تباركردنی مه‌لا هه‌ڵۆ، بوونی گرووپێكه، كه تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی تاوانه‌كه تێیدا وتاره‌كانی بانگخوازه‌كه‌ی پۆست كردووه، یان ده‌وترێت له كۆمێنت شه‌ڕیان له‌سه‌ر ئه‌و بانگخوازه كردووه. به گشتیی ساغكردنه‌وه‌ی خاوه‌ندارێتی گرووپه‌كه و ساغكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی نێوان بكه‌ری تاوان و بانگخوازه‌كه پێویستی به لێكۆڵینه‌وه و به‌دواداچوونه.
له ڕووی میدیاییه‌وه، میدیا ڕێگه‌پێدراو نییه ناوی كه‌س بزڕێنێت، وێنه‌ی كه‌س بخاته پاڵ تاوانێك به بێ لێكۆڵینه‌وه‌ی یاسایی و بڕیاری دادگا.
ئه‌م جۆره كاركردنه، به‌لاڕێدا بردنی دادگا و ڕایگشتی و شێواندنی دۆسییه‌ی تاوانه‌كه‌یه. هه‌وڵدانه بۆ دادگاییكردنی تۆمه‌تبار له ده‌ره‌وه‌ی دادگا و بگره له ڕێی سۆشیال‌میدیا و میدیاوه، كه ئه‌مه‌یان ئه‌ركی میدیا نییه. ده‌بێت میدیا ڕه‌وتی لێكۆڵینه‌وه نه‌شێوێنێت و ئاسته‌نگ له‌به‌ر ده‌م لێكۆڵینه‌وه درووست نه‌كات و به‌دوای زانیارییه‌كه‌وه بێت كه خزمه‌ت به ڕه‌وتی دادوه‌ری بكات.
به‌ڕێز مه‌لا هه‌ڵۆ یه‌كێك له‌و كه‌سایه‌تییه بانگخوازانه‌یه، كه تێبینی له باره‌ی ئه‌دای و شێوازی ده‌ربڕینی حوكمه فیقهی و عه‌قائیدییه‌كانی له‌سه‌ر هه‌یه، به‌ڵام حوكمدان له‌سه‌ری كاری سۆشیال‌میدیا و میدیا نییه، به‌ڵكو كاری دادگایه. ساغكردنه‌وه‌ی تۆمه‌ت ئیشی دادگایه. ناوهێنان و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی له پاڵ تۆمه‌تباری سه‌ره‌كی تاوانی كوشتنه‌كه، پێشێلكردنی بنه‌مای یاسایی و ئیتیكی كاری میدیاییه. ئه‌و ده‌توانێت سكاڵا له دژی هه‌موو ئه‌و سایت و په‌یج و كه‌ناڵ و سه‌رچاوه هه‌واڵییانه تۆمار بكات، به تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی ناویان زڕاندووه، ئه‌گه‌ر بیكات!
ناكرێت له‌سه‌ر گرته‌یه‌كی ڤیدیۆیی، كه به‌شێكه له وتارێك و ده‌رهێنراوه له سیاقی كۆی وتاره‌كه، له سۆشیال‌میدیا حوكمی له‌سه‌ر بدرێت. ئه‌وه كاری داواكاری گشتیی و دادگایه به‌دواداچوون بكه‌ن و كۆی وتاره‌كه هه‌ڵسه‌نگێنن و ڕاده‌ی كاریگه‌ری له‌سه‌ر هاندان بۆ تاوان دیار بكه‌ن.
له پاڵ ئه‌و گرته زۆرانه‌ی مه‌لا هه‌ڵۆ هه‌یه‌تی له باره‌ی له‌مل دان و سه‌ربڕین و كوشتن و ده‌ركردنی حه‌د، گرته‌ی ئه‌وتۆشی هه‌ن كه ده‌ڵێت: "نابێت هیچ كه‌سێك له خۆیه‌وه حوكمی شه‌رعی جێبه‌جێ بكات و ئه‌گه‌رچی كه‌سێك به حوكمی شه‌رعی شیاوی كوشتن یان ره‌جم بێت، بۆ كه‌س نییه بیكوژێت یان حه‌ددی لێ ده‌ربكات مه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی محاكمی شه‌رعی، ئه‌ویش دوای هێشتنه‌وه‌ی و ده‌رفه‌ت پێدانی بۆ تۆبه كردن". مه‌به‌ست له‌م نموونه‌یه بینینی گۆشه جیاوازه‌كانه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وینه هه‌ڵه‌وه.
دواتر ئه‌وه ته‌نیا مه‌لا هه‌ڵۆ نییه، له توراسی ئیسلامه‌وه بابه‌تی جێی مشت‌ومڕ ده‌هێننه ئارا، زۆری دیكه‌ش هه‌ن، كه به هه‌موویانه‌وه كاریگه‌رییه‌كی نه‌رێنیان له‌سه‌ر ژینگه‌ی ژیانی ئایینی و چنینی ته‌ونی گوتاری ڕقاوی درووست كردووه، به گشتی ئه‌و بواره پێویستی به ڕێكخستنه‌وه هه‌یه، ڕێكخستنه‌وه‌یه‌ك له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و په‌یڕه‌وانی ئایین بێت، نه‌ك ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئیداری بێت. چونكه ئه‌وه‌ی تا ئێستا كراوه، به‌شێكی زۆری به پێودانگی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی ده‌سه‌ڵاتداران كراوه.
دۆسییه‌كانی تاوان هه‌ستیارن، به گوێره‌ی یاسای كاری ڕۆژنامه‌وانی، نابێت هیچ بابه‌تێك بڵاوبكرێته‌وه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕێڕه‌وی لێكۆڵینه‌وه‌ی دادوه‌ری درووست بكات. هه‌روه‌ها ناوزڕاندن و سوكایه‌تی و هه‌ڕاجكردنی كه‌رامه‌تی تاكه‌كان پێشێلكردنی ده‌قه یاساییه‌كانه و لادانێكی ڕوونی ئه‌خلاقی كاری ڕۆژنامه‌وانییه.
هه‌موو ئه‌م قسانه هیچ له بێ ویژدانی و دڵڕه‌قی و ناخهه‌ژێنی ئه‌و تاوانه كه‌م ناكه‌نه‌وه كه ده‌رهه‌ق به گیانێك كراوه. پاكانه‌ش نین بۆ هیچ كه‌سێك، هێنده‌ی پیشاندانی واقیعێكی چه‌وتن، كه به‌شێك له كه‌ناڵ و سه‌رچاوه میدیاییه‌كان تێیكه‌وتوون.
بابایه‌كی به‌كارهێنه‌ری تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له ڕێی واڵی خۆی هه‌رچی بڵاوده‌كاته‌وه، كاریگه‌ری سنوورداره و جیاوازه له‌وه‌ی كه‌ناڵی میدیایی بڵاوی ده‌كاته‌وه. نابێت میدیا و سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كان بكه‌ونه ژێر كاریگه‌ری و ئاره‌زووی به‌كارهێنه‌رانی سۆشیال‌میدیا، پێویسته هه‌میشه په‌راوێزێك بۆ پاراستنی بنه‌ما پیشه‌ییه‌كانی كاره‌كه‌یان بهێڵنه‌وه.