هه‌موو ئه‌و تاڵاوه‌ی زمانی كوردی (سۆرانی، كرمانجی)، به ده‌ست زمانی نه‌ته‌وه و ده‌سه‌ڵاتی "سه‌رده‌ست"ه‌وه به درێژایی مێژوو چه‌شتوویه‌تی، له فۆرمی ئاشنایانه و خوێشانه‌تردا هه‌ورامی وه‌ك زمان، كولتوور، هونه‌ر و ڕه‌سه‌نایه‌تی زیاتر ده‌یچێژێت، به بێ ئه‌وه‌ی "سه‌رده‌ست" ده‌رفه‌ت بدات تروسكایی گه‌ڵاڵه‌یه‌كی خه‌مخۆرانه بۆ پاراستنی زمانه‌كه ده‌ركه‌وێت، باشترین نموونه‌ش له‌باربردنی هه‌وڵی "ته‌رخانكردنی وانه‌یه‌كی ئه‌لیف و بێ به زمانی دایك بوو بۆ ئه‌و گوند و ناوچانه‌ی زاڕۆڵه‌ی هه‌ورامی تێیاندا ده‌خوێنێت".
ته‌نیا ئه‌م ڕه‌تكردنه‌وه‌یه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی تێبگه‌ین چ شعوورێكی خۆبه‌كه‌مزانین بووه‌ته گریی ده‌روونیی و بابای خاوه‌نی، له‌گه‌ڵ هه‌ر سه‌ربه‌رزكردنه‌وه‌یه‌كی ئه‌وی دیكه‌دا، ترس و بیمی داماڵرانی له پاشخانی دوور و نزیكی دایده‌گرێت و ناهێڵێت خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رزه‌مینه‌ی به درێژایی مێژوو خێڵی نه‌ناسیوه و ئاوێته‌ی سروشته، ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وی دیكه‌یه سه‌ربه‌رز بكاته‌وه، یان ئاوڕ له ڕابردووی و ناسنامه فه‌رهه‌نگییه‌كه‌ی بداته‌وه.
سیاسه‌تی تواندنه‌وه و نادیده‌گرتن، ئه‌و سیاسه‌ته‌یه، كه كورد هه‌میشه وه‌ك ویردێكی حه‌زین پاته‌ی ده‌كاته‌وه و زۆری به ده‌ستییه‌وه چه‌شتووه، به‌ڵام لاوازه‌كان له بری خۆ ده‌ربازكردن له گرێی مێژوویی، بیر له دووباره‌كردنه‌وه‌ی مێژووه‌كه به باری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ده‌كه‌نه‌وه، ئه‌وه‌ش له ڕێگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی هه‌موو ڕێگه تاقیكراوه‌كانی چه‌وساندنه‌وه‌ی خۆیان به‌سه‌ر ئه‌وانی دیكه‌دا. هه‌موو ئه‌مه‌ش له دزینی كۆته‌ڵی ئه‌و فه‌ره‌نجییه خۆی وێنا ده‌كات، كه بووه ڕه‌مزییه‌تی چه‌وساندنه‌وه‌ی كولتووری و فه‌رهه‌نگی و تاڵانی هونه‌ر و ڕه‌سه‌نایه‌تی هه‌ورامان، به به‌رچاوی هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌ندوبالۆره به‌سه‌ر فره‌ییدا ده‌ڵێن، ڕه‌مزییه‌تی كولتووری ده‌دزرێت، به بێ ئه‌وه‌ی، ناوه‌ندی بڕیاری "سه‌رده‌ست" ئیدانه‌كردنیشی پێ ڕه‌وا ببینێت، له كاتێكدا فه‌ره‌نجی هه‌زاران ساڵه به پێوه‌یه و عه‌قڵی شڕه‌خۆرانه له مێژوودا هه‌ر به‌دناوی نه‌سیبی بووه.
ئه‌و چه‌وساندنه‌وه كولتووری و فه‌رهه‌نگییه‌ی ڕووبه‌ڕووی سه‌رزه‌مینی هه‌ورامانات كراوه‌ته‌وه، ته‌نیا له ئاستێك و گۆشه‌یه‌كه‌وه نیه، به‌ڵكو په‌لی كوتاوه بۆ دزینی ڕووحیه‌تی ژیاریانه و بیركردنه‌وه‌ی "ژیاندۆستانه و ناخێڵگه‌رایانه"، به جۆریك، زۆرێك له‌وانه‌ی قه‌ڵه‌م، یان مه‌كانه‌تێكیان هه‌یه، هێنده له بۆته‌ی ئه‌وانی دیكه‌دا تواونه‌ته‌وه، قودره‌تی ناسینی خۆیان له‌ده‌ستداوه. له بری كاكڵ ته‌نیا وه‌ك قڕاڵه گوێز ژماره‌یان زیاد كردووه، پێیان وایه هه‌ڵگرتنی پاشناوێك ده‌ردی قڕاڵییه‌كه‌یان ده‌وا ده‌كات. زامه‌كه هێنده قوڵه له‌سه‌ر ڕوحیه‌تی مانه‌وه‌مان هێندێك جار گریان و حه‌سره‌ت به‌س نین بۆ زه‌وتكردنی ئه‌و زمانه‌ی ده‌كرا له ڕێیه‌وه جوانتر، قووڵتر، باشتر په‌ی به ڕوحی لایلایه‌ی دایكمان به‌رین.