دواین هەواڵ

بۆچی پۆپیۆلیستی تاوانە؟

‌فەرمان عەبدولرەحمان

02/12/2022

هەفتەی رابردوو هاوڕێیانم لە سەنتەری میترۆ دانیشتنێکی کراوەیان بۆ ژمارەیەک رۆژنامەنووس و بەڕێز شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سازکرد، لەمیانی وەڵامی هاوڕێیەکی رۆژنامەنووسدا کاک شاسوار وتی "کێ ئەڵێت پۆپیۆلیستی تاوانە؟"

ئەو پرسیارەی ناوبراو بۆ من مایەی هەڵوێستەکردنێکی جدی بوو، هەربۆیە راشکاوانە پێمووت کە بەدڵنیاییەوە پۆپیۆلیستی تاوانە چونکە لەئێستادا پۆپیۆلیست بوون جۆرێکە لە تاوان نەک لە رووی یاساییەوە بەڵکو لە رووی ئەخلاقیەوە، بەوپێیەی ئێستا مرۆڤایەتی لەسەردەمی "پۆست تروس post truth"دا دەژی واتە "ئەودیوی حەقیقەت" کە لەسادەترین پێناسەی ئەو چەمکەدا بریتیە لەموخاتەبەکردن و ئاڕاستەکردنی جەماوەرو رای گشتی بەپشت بەستن بە وروژاندنی هەست و سۆز و عاتیفەیان لەبری هۆشیارکردنوەیان بە پێشکەشکردنی زانیاری راست و تەندروست.

هەربۆیە ئێستا پۆپیۆلیزم لەجیهاندا وەک بەشێک لە مەترسیەکانی فەیک نیوزو زانیاری ساختە پۆلێن دەکرێت چونکە ئەگەر فەیک نیوز و زانیاری ساختە یەکێک لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی بریتی بێت لە بەلاڕێدابردنی هۆشیاری تاک و دواتر رای گشتی، ئەوا پۆپیۆلیزمیش هەمان دۆخ بەرجەستە دەکات چونکە دەکرێت کەسی پۆپیۆلیست زانیاریی ناڕاست بەکاربهێنێت بەمەبەستی وروژاندنی هەست و سۆزی جەماوەر بۆ بەدەستهێنانی ئیرادەو ئینتیمایان.

کاریگەی پۆپیۆلیزم هێندەی فەیک نیوز مەترسیدارە چونکە هەردووکیان جەماوەر دەخرۆشێنن لەرێگەی زانیاری شێوێندراوەوە. ئەوەتا نوێترین راپۆرتی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ دیموکراسیەت باس لە پاشەکشەی دیموکراسیەت دەکات لە جیهاندا و بەشێک لەهۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو هەژمونە فراوانەی رەوتی پۆپیۆلیزم هەیەتی لەنێو کۆمەڵگە جیاوازەکانی مرۆڤایەتیدا.

نمونەیەکی زۆر ئاشکرا بۆ مەترسیداریی پۆپیۆلیزم و زانیاری ساختە ئەم مەسەلەی جێندەرەیە، ئەوەتا بابەتێکی هەستیاری وەکو مەسەلەی جێندەر چۆن بووەتە قوربانی پۆپیۆلیزم و زانیاری شێوێندراو. کاتێک بابەتەکان لەدەرەوەی بنەماکانی لۆژیک و هاوتەریب بە وروژاندن و خرۆشاندنی هەستوسۆز ئاڕاستە دەکرێن، چۆن مەترسیدارانە شەقام و کۆمەڵگە دابەشدەکەن وەک ئەوەی لەئێستادا دەیبینین و شەڕێکی وەهمیان لەسەر ناوەتەوە جەماوەریش لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی بە یارو نەیاری مەسەلەی جێندەر تەنها جوێن و تەشهیرو توندوتیژی رەمزی وەکو کۆمێنت لەسەر مەسەلەکە دەنوسێت.


Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP