دواین هەواڵ

پێویستە کورد لە ڕوانگای خۆی بۆ مانەوە بڕوانێتە کێشەکانی جیهان

‌سەرۆ قادر

28/11/2022

زانکۆی ئەمریکی لە دهۆک کۆڕبەندی ساڵانەی خۆی لە سێ رۆژدا١٥-١٧ نۆڤامبەر بە ناونیشانی(کۆڕبەندا ڕۆژهلاتا ناڤین یائاشتی وئێمناهیێMEPS Forum) بەرگوزار کرد کە تیایدا ژمارەیەکی زۆر لە چاودێر و توێژەری ئاکادیمی لە وڵاتانی جیاجیا بەشداربون، ئەوە جیا لە بەشداری سەرۆکی کۆماری عێڕاق و سەرۆکی پەڕلەمانی عێڕاق و سەرۆکی وەزیرانی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە وەزیر و سیاسەتمەدار و ئاکادیمی و ڕۆشنبیریی ناوخۆیی لەوێ بون.

وەک بڵاوکرایەوە لە کۆڕبەندەکەدا بایەخێکی زۆر بە دۆزی ژینگەی جیهانی درا و وەک هەڕەشەیەکی نزیک لە هەموو دانیشتوانی جیهان باسی لێ کراو. باسێکی کەم لە گرفت و کەموکوڕییەکانی پاراستنی ژینگە لە کوردستان کرا بەڵام خاسیەکەی ئەوەیە بۆ جاری یەکەم بە ڕەسمی باسی هەرەشەی ژینگە لە ناو کوردان کرا و دەکرێ زیاتر کاری لەسەر بکرێت و هاوڵاتییان و دەزگا حکومەتی و تایبەتییەکان لێی شارەزا ببن تا ببێتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەمان.

لە ڕۆژی سێیەمدا بە کراوەیی باسی کێشە سیاسییەکانی کوردستان و گرفتەکانی حکومەتی هەرێم کرا. ئەوە لەخۆیدا هێندە باشبوو کە لایەنەکان پێکەوە کێشەکانیان خستەڕو کەواتە هیوا هەیە پێکەوە چارەسەریشی بکەن، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی زۆر ڕوانگای خۆیان خستەڕوو کە خۆیان سەرچاوەی کێشەکانن و هەر خۆشیان هیوا هەیە چارەسەری بکەن.

بەشێکی کۆڕبەندەکە بۆ ڕەوتەکانی سیاسەتی جیهانی و کاریگەری لەسەر کوردستان تەرخانکرا. ئەم نوسینەم لەبەر گرنگی ئەم بەشەیە. چاودێرە ئەمریکایی و ئەوروپاییەکانی ناتۆ جەختیان لەسەر سەرچاوەکانی وزە بۆ تێپەڕاندنی تەنگوچەڵەمەی ئەم زستانەی ئەوروپا بوو. هەروەها شەڕی ئۆکڕانیا و سیاسەتی جیهانی ڤلادیمیر پۆتین لە ڕوسیا بەشێکی زۆری باسەکانی گرتەوە. ئەمریکایی و ناتۆییەکان ڕەوتە ترسناکەکانی ڕوسیای پۆتینیان لە داگیرکاری و پێشێل کردنی یاساکانی نێودەوڵەتی و نەهێشتنی مافەکانی مرۆڤ و باڵانسی بازاڕی جیهانی خستەڕوو.

لە باسی سیاسەتی جیهانی چین دا باسی هەڕەشەی بە زلهێزبونی ئەو وڵاتە کرا کە تواناییەکی زۆری هەیە لە گەشەی ئابوریدا بەڵام لە بازاڕی جیهانیدا تەنیا زاڵبونی خۆی دەوێ و مافەکانی مرۆڤ و دیموکڕاسی و فرەیی دەنگەکانی ناوێت و لە هاوکاری بازرگانی جیهانی خۆیدا هیچ پێشمەرجێکی بۆ دیموکڕاسی و مافەکانی مرۆڤ نیە، سامانێکی زۆر بۆ هەر وڵاتێک سەرف دەکات ئەگەر ببێتە هاورێی ئەو و وڵاتی وەرگر بە هەندێک ڕێککەوتنی قورس دەبەستێتەوە.

توێژەرێکی ڕوسی زۆر بە ڕاشکاوی دیفاعی لە سیاسەتی پۆتین لە ئێران و سوریا و لیبیا و ئەفریقا دەکرد. باڵیۆزی پێشوی سەڵتەنەتی عومان لە وتاری خۆیدا گوتی: ئەمریکا کە دێتە وڵاتەکەت بە زۆر پێشمەرج ماندومان دەکات وەک؛ مافەکانی مرۆڤ، مافی دینەکان و پێکهاتەکان، مافی هاوڕەگەزخوازەکان، مافی ئافرەتان و چەندی دیکەشی ژمارد. ئەو گوتی ئەمریکا هەر کاتێک بەرژەوەندی نەبوو بەجێماندێڵێ. بەڵام چین ڕێگاوبان و بەندەر و شەمەنەفەر و بازاڕی گەورەمان بۆ ساز دەکات و قەت باسی مافی مرۆڤ و خوستەکانی هاوشێوەی ئەمریکا ناکات. ئێمە چین بە شەریکێکی باش بۆ خۆمان دەزانین و با ئەمریکا قەڵس نەبێت.

زاڵمای خەلیلزاد باڵیۆزی پێشوی ئەمریکا ڕونی کردەوە کە ئەمریکا کوردستان بەجێناهێڵێت و بەرژەوەندی درێژخایەنی لەگەڵ عێڕاق و کوردستان هەیە. خەلیلزاد ئاماژەی بە خاڵە بەهێزەکانی کوردستان کرد و گوتی کوردستان بۆ پەیوەندی بە جیهان و ناردنی وزە پێویستی بە عێڕاق بە تەنیا نیە بەڵکو سنوری هاوبەشی لەگەڵ تورکیا و لە ئایندەدا لەگەڵ ئێران و سوریا هێز بەم هەرێمە دەبەخشێ.

قسەکانی خەلیلزاد و باڵێۆزی پێشوی سەڵتەنەتی عومان لەو کۆڕبەندەدا بۆ من سەرنجڕاکێش بون. کوردستان بە پێچەوانەی ڕوانگای هاوشێوەی عومان پێویستی بە مانەوە و هاوکاری ئەمریکا و ئەوروپا هەیە. مانەوەی کوردستان لە ناو سیستەمێکی هەرێمایەتی دیکتاتۆر و تۆتالیتار دابین ناکرێ. جەوهەری دۆزی کورد پەیوەستە بە دیموکڕاسی و مافەکانی هەموو مرۆڤەکان و بازاڕی ئابوری ساغ و گەرم و بە هەڕمێن. ئەوە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان بوون بۆ سەد ساڵ تاریکاییان خستبوە سەر مەرگەساتەکانی کورد،

بە پێچەوانەی ئەوان ئەوە ئەمریکا و ئەوروپاییەکان بون لە دوای ساڵی١٩٩١ ئەو تاریکاییەیان ڕەواندەوە و هەرێمی کوردستانیان دروست کرد و تا ئێستاش دەیپارێزن. کەواتە کورد لە ڕوانگای خۆیەوە دەڕوانێتە هاوپەیمانییەتییەکانی هەڕێمیی ڕۆژهەڵات و گشتی جیهان. هەڵبەت هەر لەم دۆخە ئاڵۆزەدایە کە ئێران و تورکیا هەڕەشەۆ بە هێز هاتنە ناو کوردستان دەکەن لە باشور و ڕۆژاڤای کوردستان.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP