دواین هەواڵ

کێشەی ئەبەدی لەنێوان دین و زانست نیە

‌سەرۆ قادر

14/12/2022

سەپاندنی پەیوەندی نێوان دینەکان و زانست کە دیاردەیەکی نوێیە لە ژیانی کۆمەڵی مرۆڤدا، کارێکی بێ بەرهەمە و باری دینەکان قورس دەکات بە بابەتێک کە هیچ پێویست ناکات بەو بارە سەرقاڵ بکرێت. پڕۆسەی بەرزبوونەوەی ئاستی تێگەیشتنی مرۆڤ مێژویەکی چەند هەزار ساڵەی هەیە کە بە تەبیعەتی جۆری تواناییەکانی مرۆڤ بۆ تێگەیشتن لە سفرەوە(سەردەمی وەحشییەت) تا ئەم زەمانە چەند قۆناغێکی بڕیوە کە بریتین لە؛ سەردەمی خوڕافە، سەردەمی دین، لە هەندێک شوێنی دونیا فەلسەفە، دوایی سەردەمی دۆزینەوەی زانستی کە تا ئەم ڕۆژگارەش هەر بەردەوامە. هەریەک لەو قۆناغانە رۆلی شایانی خۆیان لە تێگەیشتنی مرۆڤ و کامڵکردنی بینیوە.

ڕۆلی دینەکان بە گشتی لە مێژوی تێگەیشتنی بەشەردا بەتایبەتی بۆ دروستکردنی نیزام و یاسا سەرەتاییەکان قەت نکوڵی لێناکرێ. بەڵام ئێستا کەسانێک لە کوردستان(وەک تەجرەبەی زۆر وڵاتی دیکە) بازاڕێکی بە ڕمێنییان بۆ خۆیان دروست کردوە و شەڕی تیا دەکەن گوایە دینەکان سەرچاوەی هەموو زانستەکانن. من بەلای خۆمەوە ئاواتەخوازم ئەو تەمایە بێتەدی و بە جارێک دونیا پڕ ببێ لە زانستی نوێ بەبێ ماندوبونی ناوەندە زانستییەکان. ئەوە ئەگەر ببێ لە بەرژەوەندی مرۆڤایەتی دایە و هەرچی لە بەرژەوەندی ئینساندا بێت پێویستە پێشوازی لێ بکەین. بەڵام تا ئەو کات پێویستە دین بۆ بەرەنگار بوونەوەی زانست و پێشکەوتن لێکنەدرێتەوە. بەوە غەدر لە دینیش دەکەن و کۆمەڵ توشی سستی و بێچالاکی فکری دەکەن.

دین لە مێژوی مرۆڤایەتیدا زۆربەی خەریکی لێکدانەوەی سەرەوەی سروشت(ماوراء الطبيعة) بوە و هەوڵیداوە مانای و ئامانجی ژیان بۆ بەشەر بە ئاسانی لێکبداتەوە، ئەوەش پڕۆسەیەکی عەقڵی مرۆڤە و شوێن و بەهای تایبەتی خۆی هەیە. وەک دیارە دینەکان لە کۆمەڵە جیاوازەکانی ناوچە جوغرافییەکانی گێتی ئەو ئەرک و ئامانجەیان بە شێوەی جیا جیا ئەنجامداوە و باوەڕی پەیڕەوەکانی خۆیان دابین کردوە. بەڵام لە خوارەوەی دین و لەسەر گۆی زەوی مرۆڤ ناچار بوو لە کۆڵینەوە لە بەڵا و سەختییەکانی سروشت بەردەوام بێت ئەوە بوو زانست دەستیپێکرد و لە هەرە سادەوە تا ئێستا قۆناغی فرەی بڕیون. کاری زانستی ناو سروشت بە مانای لەناوبردنی فکرێ سەرەوەی سروشت(دین) نەبوە و نابێ. ئەرکی زانست دەسکاری کردنی دەرونی ئیماندار نیە بەڵکو پێدانی زانیاری باوەڕپێکراوە لەسەر جیهانی دەوروبەری تا خۆشتر بژیەت. بۆیە ئێستا دژەکانی زانستیش ئیستفادە لە کەرستەی نوسین و گوتن(علم) دەکەن بۆ گەیاندنی پەیامەکەیان.

لە لایەکی دیکەوە بەرەیەکی ناو ڕۆشنبیران وقەراغیان هەیە کە پێیانوایە پێشکەوتن لە بەکارهێنانی زانستە بۆ لە ناوبردنی دین. ئەوەی تەجرەبەی مرۆڤ و لێکدانەوەی عەقڵی سەلماندویەتی هەردوک تەڕەفی توندڕۆی دینی و ڕۆشنبیریی نان بەو کارەوە دەخۆن و دەور بۆخۆیان دروست دەکەن بەبێ ئەوەی هیچ خزمەتێک بە سەقامگیریی دەرونی هاوڵاتییان بکەن و زەمینەیەک بۆ پێشکەوتن خۆش بکەن. ئەگەر بە شێوەیەکی کاریکاتێری باسی بکەم: هەردوک لایان لە پشتەوەی پەردە دەستی یەکدی ماچ دەکەن تا بازاڕیان بمێنێ.

دین ئەگەر خراپ بەکاری نەهێنن ڕێگا لە پێشکەوتن ناگرێت. هەروەها زانستیش ئەگەر لە رێچکەی خۆیدا بێت هەڕەشە لە هیچ دینێک ناکات. زانستپەروەری(عیلمانییەت) و دونیاپەروەری(عالەمانییەت) لە زاتی خۆیاندا ئایدیۆلۆژیا نین بەڵکو لە خزمەتی مرۆڤ دەبن. بەڵام ئەگەر بە نیازی دیکە بەکاربهێندرێن ئەوە دین و زانست و تەنزیمی دونیا دەکرێ ئایدیۆلۆژیایان لێ دروست بکرێ بەڵام وەک ئایدیۆلۆژیا هیچیان خزمەتی مرۆڤ ناکەن. لێروە پێویستە بزانین هیچ کێشەیەکی ئەبەدی لە نێوان دین و زانست و عالەمانییەتدا نیە، ئەوە کێشەیەکە دروست دەکرێ و وڵاتی پێ وێران دەکرێ.

لەو باسانەدا دیالۆگ لە نێوان خاوەنبیرەکان لە هەردوک لادا زۆر پێویستە و ئەگەر لەسەر بنەمای عەقڵ و بە نیازی خزمەت بە مرۆڤ بێت ئەنجامی زۆر باشی دەبێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP