دواین هەواڵ

سیاسەتی هەڵە کۆمەڵی لە دژی ژنان هانداوە

‌سەرۆ قادر

31/12/2022

ئەو دەستدرێژییەی دوێنێ لە سلێمانی کرایە سەر ئافرەتێک ئەو ڕۆژانەی ساڵانی کۆتایی نەوەدەکانی بەبیرهێنامەوە کە توندڕۆکان شانازییان بە بن لادن و طالیبان دەکرد و بۆ کەشخەلێدانیش هەندێکیان کڵاوی ئەفغانییان لەسەر دەکرد. لەو کاتدا لە ناو بازاڕ و ئارایشگاکان و سەیرانگاکان پەلاماری ئافرەتی بێ عەبایان دەدا و تێزابیان بە قاچی ژنانی مۆدە و سفوردا دەکرد.

ئەو پەلامارە پێشێل کردنی شکۆی مرۆڤە و ئافرەت وەک مرۆڤێکی ئازاد بۆی هەیە لە هەموو شوێنێک و لە هەموو یارییەک بەشدار بێ. هەر ئافرەتە خۆی خاوەنی چارەنوسی خۆیەتی و بە دەستی خۆی و لە مێشکی خۆیدا دەینوسێتەوە. هیچ پیاوێک بە هیچ ناو و پێگەیەک بۆی نیە ڕێگری لێ بکات.

من لە هۆکارە کۆمەڵایەتی و قوڵی تەنگژە و کێشەی سیاسی و بێکاری و ناپەروەردەیی رەسمی ئەو ئاپۆڕانە تێدەگەم کە دەبن بە دڕندە نەک هەر ژن بەڵکو پیاویش تێکدەهاڕن بەڵام پرسیار لەوەدایە بۆچی لەم دۆخەدا ئەو دیاردە ناشیرینانە ڕوودەدەن؟

من لە هەندێکی وەڵامی ئەم پرسیارەدا شارەزاییم هەیە و هۆکارەکان لەوەدا دەبینم:

١- لە هەر وڵاتێک حکومەت بەبێ یاسا دابەش بکرێ شیرازەی ژیانی کۆمەڵ لێکهەڵدەوەشێ. لە کوردستان لێکهەڵوەشان هەیە.
٢- باسکردنی کێشەی ژنان و مافە یاساییە یەکسانەکانیان لە باسێکی نوێی جەندەردا زانیاری پێویست لەلایەن دەزگا قانونییەکان نەدرایە خەڵک و باری مناقەشە بە نەزانی و لایرنگیری بۆ بەهای لێکەوتوو و بواردان بە کەسانی سیاسی خۆپارێزی پابەند بە بەها نامرۆڤییەکان، کەشی وڵاتیان دژی ئافرەت قانگ دا. بۆیە ئاپۆڕەی پیاوانی نەزان دژی ئافرەتان بەڕێکەوتون. ئەوەش خەتەرێکە تەنیا یاسای لێبڕاوی بە دەستی حکومەت دەتوانێ پێشیان پێ بگرێ.
٣- دەستێوەردانی سەرۆکی حزب لە ژیانی کۆمەڵ بەبێ گەڕانەوە بۆ یاسا و هەیبەتی حکومەت قانونشکاندنی دروستکردوە. ئەوە هاندانی میلیشیایی و خراپکاری ئاپۆڕەییە.
٤- بێدەنگبونی حکومەت لەم بەرەڵاییە کۆمەڵایەتی و سیاسییە بۆ مەرامی حزبی تەنگ بارەکەی پەرێشانتر کردوە.
٥- ئەم پەلامارە کارەساتییە دەبێتە مایەی ئابڕوو چونی کورد و حکومەتەکەی لە ئاستی جیهاندا. کاتییەتی و درەنگیشە دەبێ حکومەت ڕێگا لە توندڕۆکان بگرێ ئەویش بە قانون جا گوتاریان بێ یان کرداری ئاپۆڕەیی.
ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵ بە قانونی مەدەنی دەکرێ نەک بە باوەڕی بەهاکان و ئیمانداری جیا جیای کەسانی پاشکەوتوو. ئەو تاوانانە پەیوەندی بە دینەوە نیە بەڵکو کرداری باوەڕدارانی بەهای پاشکەوتوە کە عەقڵ و زانستی تیا نیە.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP