دواین هەواڵ

​جەنگی ئابووری یان یارییە نێودەوڵەتییەکان: ڕاڤەیەک بۆ هێرشی نوێی ئێران دژی ئەمریکا و ئیسرائیل

‌نەوزاد هێتوتی

7 کاتژمێر پێش ئێستا

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دیسان ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران. بەڵام ئەوەی ئەمجارە جیاواز بوو، ئەوە بوو کە ئێران دەستپێشخەری کرد لەو هێرشانەدا. لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئێران بۆچی ئەو هێرشانەی ئەنجامدا؟ بەشێک لە هۆکارەکان بریتین لەمانەی خوارەوە:
یەکەم، ئێران بە هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل دەیویست ئەو پەیامە بگەیەنێت کە حیزبوڵڵای لوبنان هێڵی سوورە و هەر هێرشێک بۆ سەر ئەو هێزە پرۆکسییە، بە تایبەتی لە زاحیەی بەیروت، ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئێران دەبێتەوە. واتە لێرەدا دیارە ئێران حیزبوڵڵا وەک هێزی پرۆکسی سەرەکی خۆی دەبینێت بۆ ترساندن و بەکارهێنانی سیاسەتی ڕەدع دژی ئیسرائیل.
دووەم، ئێران پێیوایە لە ماوەی ٤٠ ڕۆژی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران سەرکەوتوو بووە. بە تایبەتی پێیوایە هێرشەکان ئامانجی سەرەکییان نەپێکاووە، کە ئەویش ڕووخاندنی سیستمی سیاسی بوو لە ئێران. ئێستاش پێدەچێت ئەمریکا وازی لە بیرۆکەی ڕووخاندنی سیستەم هێنابێت، و ئەمە زیاتر ئێرانی هانداوە کە هێرش بکاتە سەر ئەمریکا و ئیسرائیل و ترسی نەبێت.
سێیەم، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگدا ئامانجەکان زۆر بوون، بە تایبەتی ئەوانەی کە ترەمپ و نەتەنیاهو باسیان دەکرد. لەوانە: لەناوبردنی بەرنامەی مووشەکی، لەناوبردنی توانای ئەتۆمیی ئێران، لێدانی هێزە پرۆکسییەکان و لەناوبردنیان، و لە کۆتاییدا یارمەتیدانی خەڵکی ئێران بۆ ئەوەی سیستەمەکە بڕووخێنن. بەڵام تاکو ئێستا هیچ کام لەو ئامانجانە بەدی نەهاتوون و ئەمریکا پاشەکشەیەکی گەورەی لەو ئامانجانە کردووە. بۆیە ئێران پێیوایە ئەوەی بە شەڕ بەدەست نەهاتووە، هەرگیز بە ئاشتی ڕادەستی ترەمپ ناکرێت.
چوارەم، سیاسەتی نەرم و بەردەوامی ترەمپ لە جەختکردنەوە لەسەر دانوستاندن، دیسان پێگەی ئێرانی بەهێز کردووە. ئیران پیێواتە جەختی کردنی ترەمپ لەسەر دانوستاندن بە هۆی ئەوەی لە مەیدانی جەنگ شکستیان هێناوە و ئەمریکا جاریکی دیکە بیر لە هیرشی سەربازی ناکاتەوە. هەروەها  ترەمپ بە دەیان جار هەڕەشەی لە ئێران کردووە، بەڵام لە ئاستی پراکتیکیدا هیچ هەنگاوێکی گەورەی نەهاویشتووە. ئەمەش وای کردووە ئێران هەست بکات لە لایەن ترەمپەوە لاوازی و پاشەکشەیەکی زۆر هەیە و قسەکانی بە تەواوی جێبەجێ ناکات.
پێنجەم، ئێستا ئێران لە ڕووی ئابوورییەوە لە ژێر گوشاری زۆردایە، بە تایبەتی دوای ئەوەی ئەمریکا گەمارۆی توندی سەر فرۆشتنی نەوتی ئێرانی زیاد کرد. ئەمە زیانێکی گەورەی بە ئابووری ئێران گەیاندووە و ئاستی هەناردەکردنی نەوتی دابەزیوە. تەنانەت بارودۆخی ئابووریی وڵات زۆر خراپ بووە. بۆیە ئێران لە ڕێگەی هێرشێ سنووردارەوە دەیەوێت گوشار دروست بکات بۆ ئەوەی ئەمریکا واز لە گەمارۆکان بهێنێت.
شەشەم، ئێران پێیوایە دوو کارتی زۆر گرنگی لەدەستدایە: یەکەم، گەرووی هورموز و دووەم، دەریای بابولمەندەب. ئێران باوەڕی وایە دەتوانێت لە ڕێگەی ئەم دوو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییانەوە سەرئێشەیەکی گەورە بۆ ئابووری جیهان دروست بکات و زیان بە ئابووری ئەمریکا بگەیەنێت. ئەم دوو کارتە دەتوانن گوشار دروست بکەن بۆ ئەوەی نەک تەنها ئەمریکا هێرش نەکاتە سەر ئێران، بەڵکو لە کۆتاییدا ناچار بێت سازش بکات و هەندێک لە مەرجەکانی ئێرانی پەسەند بکات.
حەوتەم، نزیکبوونەوەی جامی جیهانی تۆپی پێ و دواتریش هەڵبژاردنەکانی کونگریس  ئەمریکا لە مانگی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦ هۆکارێکی تری ئەوەیە کە ئێران هەوڵی زیادکردنی گوشار بدات. قەناعەتی ئێران وایە ترەمپ لەبەر ئەم دوو پرسە زۆر بە سەختی دەتوانێت هێرشێکی گەورە بکاتە سەر ئێران یان دووبارە شەڕ دروست بکات. واتە ئێران وای دەبینێت کە ئەگەر ترەمپ بە تەمای شەڕیش بێت، لەوانەیە دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس بێت. بۆیە ئێران ئەمە وەک دەرفەتێک دەبینێت بۆ دروستکردنی گوشار، بەڵام دیار نییە ئایا ترەمپ بە هەمان شێوە بیر لە بارودۆخەکە دەکاتەوە یان نا.
هەشتەم، ناکۆکی نێوان نەتەنیاهو و ترەمپ دیسان فاکتەرێکی تری هاندانی ئێرانە بۆ ئەوەی سازش نەکات. بەرپرسانی ئێران پێیان وایە ئێستا ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان ئیسرائیل و ئیدارەی ترەمپ هەیە و دوو بۆچوون و ئەجێندای جیاواز هەن. بۆیە ئەمە وای کردووە ئێران پێی وابێت ئەمریکا چیتر پشتگیری تەواوی ئیسرائیل ناکات ئەگەر شەڕێکیش ڕووبدات، و دەتوانێت لە ڕێگەی زیادکردنی گوشارەکانەوە ناکۆکی زیاتر بخاتە نێوان هەردوو وڵاتەکە.
بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا ئەم حیساباتەی ئێران دروست دەرئەچن یان نا؟ دەبێت چاوەڕوانی هەلوسیتی ترەمپ بکەین بکەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP