دواین هەواڵ

پەلاماری برا بریندارەکانتان مەدەن

‌سەرۆ قادر

10/08/2024

لەم ڕۆژانەدا هێرشێکی ناڕەوا بۆ سەر پێکهاتەی کوردی ئێزیدی لە کوردستان دەستی پێکردووە، بیانووەکەش ئەوەیە کە بەڕێز قاسم شەشۆ لە دەیەمین ساڵی فەرمان و ئەنفالی ئێزیدییەکانی شەنگال لە لایەن دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام (داعش)ەوە وتارێکی داوە وە لە وتارەکەیدا باسی ئەوە دەکات تاوەکو لێکدانەوەی دینی بە شێوەی توندڕەوی بێ ئێزیدییەکان هەر لە بەردەمی هەڕەشە و کوشتن دان.

ئەو وتارەی قاسم شەشۆ بە شێوەیەکی تایبەتی لەنێو خۆیاندا وتراوە بەڵام بە جۆرێکی سیخوڕیانە لە دوورەوە گوایە تۆمار کراوە و لە سۆشیال میدیا بڵاو کراوەتەوە، بوەتە مایەی هێرشێکی ناڕەوا بۆ سەر پێکهاتەی ئێزیدی کە ژمارەیەکی زۆر لە چالاکوان و بانگخواز و بە داخەوە هەندێک لە مامۆستایانی ئایینیش تێیدا بەشدارن، کە ئەوە بووەتە مایەی دڵەڕاوکێ و ترسانی کەمپەکانی ئێزیدی لە دەڤەری بادینان وە ژمارەیەکی زۆر لەوانە کەمپەکانیان بەجێهێشتووە و بەرەو چیای شەنگال گەڕاونەتەوە.

قاسم شەشۆ لە ڕوونکردنەوەیەکدا بڵاوی کردۆتەوە ئەڵێ ئەوەی کەوا بە ناوی من دەوترێ و لێکدرێتەوە ڕاست نییە وە من بە هیچ شێوەیەک نیاز و قسەی لەو بابەتەم نەوتووە. منیش بۆ خۆم کە ڤیدیۆکەم تەماشا کرد باوەڕم بە ڕوونکردنەوەکەی قاسم شەشۆ هەیە، لە لایەکی دیکەوە لە دەیەمین ساڵی کارەساتی ئەنفالکردنی ئێزیدییەکاندا کە لە هەموو دونیا دەنگی داوەتەوە و هاوکاری نێودەوڵەتی و سۆزی کوردستانی و عێراقیشیان لەگەڵ دایە گەڕان بە دوای بڕ و بیانو بۆ ئەوەی توندڕۆکانی دینی و ڕای گشتی سادەی کۆمەڵگای کوردستان لە دژی ئێزیدییەکان هان بدرێت نیشانەی ئەوەیە کۆمەڵی کوردستان لە سەقامگیرییەکی باشدا ناژێت وە هەمیشە ئامادەی توندوتیژی و پەلامار دانە بە تایبەتی بەرامبەر ئەو پێکهاتانەی کەوا لاوازن و دەکرێ بە ئاسانی زیانیان پێ بگات، ئەوەش زیاتر لە هەمیشە ناوبانگ و باوەڕی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بە کۆمەڵگای کوردستان و بە دامودەزگای ڕەسمی و سیاسی کەم دەکاتەوە.

لە لایەکی دیکەوە ناحەزانی کوردستان وەک من بیستومە بە تایبەتی حەشدی شعبی پەیوەندییان بە ناوەندەکانی ئێزیدییەوە کردووە وتوویانە ئێمە لە دەست کورد دەتانپارێزین! کەواتە ئەم هەڵمەتە دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی پێکهاتەی ئێزیدی لە کۆمەڵگای کوردستان داببردرێ و ناوچەیەکی کوردستان کە کێشەی لەسەرە کێشەکەی زیاتر ببێت و پواز و دەرزی نێوان کوردی ئێزیدی و کوردی موسڵمان لە جاران زیاتر ببێ.
ئەو کارەساتەی بە سەر ئێزیدییەکاندا هاتووە و ئەو هێمایی و ڕەمزییەتی کە ئێزیدییەکان هەیانەوە لەناو ئێزیدییەکانیش بەڕێز قاسم شەشۆ وەک سەرکردەیەکی پێشمەرگەیی لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی داعش دا هەیەتی وا دەخوازێ ئەگەر یەکێکی ئێزیدی گریمانە لەم بۆنایەدا لە بەر برینی خۆی یان لەبەر ئەو تێگەیشتنەی کەوا بە گشتی لە کۆمەڵگای ئێزیدی دا هەیە دوای ئەنفالی شەنگال، قسەیەکی لە زار دەربچێ پێویستە باری بەخشین و هاوکاری و تەساموحی ناوخۆی کوردستان بە جۆرێکی ئەوتۆ ڕا بگیرێ کە بەخشین سەردەستە بێ و هەڵە بەهەند وەرنەگیرێ بۆ ئەوەی نەبێتە مناسەبەتێک بۆ زیاتر لێکترازانی کۆمەڵگای کوردستان و لێکترازانی خاکی کوردستان و لێکترازانی فەرمانڕەوایی سیاسیی هەرێمی کوردستان. لە لایەکی دیکەوە قاسم شەشۆ لە قارەمانەکانی ئێزیدییەکانە و لەو قارەمانانەیە کەوا کوردستان شانازی پێوە دەکرد لە بەرەنگاربوونەوەی داعش دا، ئایا ڕەوایە بەبێ هیچ بەڵگەیەک میللەتێک قارەمانەکانی خۆی ڕیسوا بکات و پەلاماریان بدات و هەڕەشەی گیانیان لێ بکات؟ لەم ڕووەوە من پێموایە ئەرکی سەرشانی ڕۆشنبیران و کەسایەتی کۆمەڵایەتییەکان و سیاسەتمەدارە حیزبەکانی کوردستانە کە بە خێرایی ئەم کەشە هێور بکەنەوە لە هەمان کاتدا دەرگای ڕوونکردنەوە و گفتوگۆ واڵا بکەن پشتیوانی بکەن کە ئێزیدییەکان بتوانن ڕای خۆیان لەم بارەدا بە هەموو خەڵکی کوردستان بگەیەنن.

بە چالاکوان و بانگخوازەکانی ئیسلامی و هەموو ئەوانەش کە لە حزبە ئیسلامیەکاندا دژی ئێزیدییەکان خەڵک هان دەدەن گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێ و لە هەمان کاتدا تا ڕێگا لە خیتابی هاندانی توندوتیژیی بگیرێ.
قاسم شەشۆ بەو ڕابردووە قارەمانیەی هەیەتی، ئێزیدییەکان بەو برینە قووڵە مێژووییە و ئەو خوێنەی کە لە ئەنفالی شەنگال لە دە ساڵ لەمەوپێش تا ئێستا لێیان دەتکێ و بە هەزاران کچ و کوڕیان بە دەست توندڕۆیانی داعش تا ئێستاش بێ سەروشوێنن شایانی ڕێزلێگرتن و هاوکاریکردن و بە هاناوە چوونن نەک پەلاماردان و هەڕەشە لێکردن.

لە هەمان کاتیشدا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەرامبەر بەو هەڕەشانە حەساسە و تاکو ئێستا ژمارەیەک ڕاگەیەندراوی ڕەسمی دەرچوون کە نیگەرانی خۆیان بەرامبەر بەو کەشی توندوتیژی بەرامبەر بە ئێزیدییەکان دەردەبڕن. هەرێمی کوردستان بۆ خۆی ئەم کێشەیە چارەسەر بکات باشترە تا کار نەگاتە ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێت ئیزیدییەکان بپارێزێ وەک هەموو پێکهاتەکانی دیکە. ئەم شانازییە وەک هەمیشە بۆ هەرێمی کوردستان بێ.

لە هەمان کاتیشدا تەحەدایەکی زۆر لە بەردەمی سیاسییەکان و ڕۆشنبیران و کەسایەتی کۆمەڵایەتیەکان و بە تایبەتی ڕۆشنبیرە ئیسلامییەکان دایە کە ڕاستگۆیی خۆیان بسەلمێنن بە کردەوە لایەنگری تەسامح بن وە بە کردەوە پێکهاتەی ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکەی دینی و نەتەوەیی لە کوردستان بپارێزن.

قاسم شەشۆ قارەمانە بوختانی پێدەکرێ، ئەو ئێستا وەک دریفوس لە مێژووی فەڕەنسا وایە، ئەو یەهودییەی کە بە ناحەق تۆمەتی درایە پاڵ بەڵام لە کۆتاییدا وەک قارەمانی وڵاتەکە لێی دەرچوو. پێموایە دیسان قاسم شەشۆ قارەمان دەردەچێ وە ئێمە پێویستە هەموو هاوکاری بین و شانازی پێوە بکەین چونکە بوختانی پێ دەکەن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP