دواین هەواڵ

ڕۆشنبیر کێیە؟

‌سەرۆ قادر

07/12/2022

ڕۆشنبیر کەسێکی خوێندەواری هاوچەرخە کە لە بوارێکی دیاریکراوی زانستەکاندا بە شێوەیەکی مامناوەندی خوێندویەتی واتە دەبێ قۆناغی یەکەمی خوێندنی زانکۆیی تەواو کردبێ چونکە پێوەری متەوەستی خوێندن لەم ڕۆژگارەدا ئەوەیە کە ئاماژەم پێی کرد. خوێندن لە هەموو بوارەکان دەکرێ بنەمای ڕۆشنبیریی بێت، بۆ نمونە یاسازانێک یان پزیشک و ئەندازیارێک یان کیمیا زان و فیزیاییەک دەتوانن ڕۆشنبیر بن. هەریەکێک لەوانە دەتوانێ زانستەکەی خۆی بکایە بنەما بۆ چالاکی ناو کۆمەڵگا و هەوڵبدات بە شێوەی تایبەتی خۆی یارمەتی تێگەیاندنی گشتی و ڕاهێنانیان لەسەر پرسەکانی ژیانی خەڵک بدات.

خاڵی دوەمی ڕۆشنبیریی پێویستە بتوانێ زانایی و تەجرەبەی خۆی لە بەکارهێنانی زانایی لەگەڵ بنەماکانی ئەخلاقی ئیسانی هاوچەرخ (واتە دادپەروەری و ئینساف،ئازادیخوازی، خۆشەویستی مرۆڤانە،واقیعبینی و زانستدۆستی، ڕێزگرتنی کەرامەتی مرۆڤ)لێکبدات و لەگەڵ هەست و ئەزمونی هونەرییانەی ژیان مۆدێلێکی لێ پێشکەش بکات کە خەڵک بتوانن پێی بژین. بەو کەسە دەگوترێ مرۆڤی خرەدمەند کە عەقڵ و علم و هونەر بە تەجرەبەی خۆی بە داهێنەرانە بەکاردێنێت.

خاڵی سێیەم پێویستە کەسی ڕۆشنبیر لە زانایی و ئەزمونی کۆمەڵایەتی خۆی بتوانێ لە قۆناغی پێشکەوتنی کۆمەڵگاکەی تێبگات و ئەرکەکانی خۆی دیاری بکات. چونکە هەر کەسێک لە بوارێکدا شارەزایی ڕۆشنگەری هەیە بەڵام هەموو ڕۆشنگەران پابەندی مافەکانی مرۆڤن.

خاڵی چوارەم ڕؤشنبیر پێویستە توانایی فەردی خۆی ڕێکبخات و بزانێ لە کام بواردا شارەزایە. بۆ نمونە کەس هەیە بە نوسین هەیە بە گوفتار و هەیە بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و هەیە بە ڕاگەیاندن کاری خۆی دەکات. ڕۆشنبیر دەبێ لە باس کردن و تێگەیاندنی ئەو مۆدێلە ژیانەی بۆ ڕۆژگاری خۆی پێویستە زانا و شارەزا بێت و بێلایەن نەبێت. ڕۆشنبیر هەمیشە لایەندارە بە مرۆڤ و کۆمەڵگا و ئەوە بە هیچ دەسکەوتێکی فەردی ناگۆڕێتەوە. ڕۆشنبیر ئایدیۆلۆژیای قبوڵ نیە چونکە ئایدیای هەیە کە سەرچاوەکەی زانست و هونەر و ئەخلاقی مرۆڤایەیە. ئایدیۆلۆژیا مرۆڤ دەکاتە تاکڕەهەند و مڵکەجی باوەڕە نەگۆڕەکانی دەکات کەچی کۆمەڵگا هەمیشە لە گۆڕاندایە.

ڕۆشنبیر بڕوای بە جیاوازی دەربڕین و گوفتاری ڕاست لە گۆشەنیگای جیاوازەوە هەیە و دەزانێ ڕاستی لای هەموانە ئەگەر زانابن وە ڕاستی(هەقیقەت) یەک پاڵوی نیە زۆر پاڵووە. ئەوەیە کە ڕۆشنبیر دەکاتە زمانی ڕاستگۆی زەمانی خۆی و مامۆستای گەل بۆ گۆڕانکاری بەردەوام.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP