دواین هەواڵ

ھۆكارەكانی بەربەست لە بەردەم گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی و سیناریۆكان

‌نەوزاد هێتوتی

19/09/2022

پێشەكی

ھەرچەندە لە سەردەمی باراك ئۆباما  لە ساڵی 2015 ڕێككەوتنی ئەتۆمی لە نێوان ئەمریكا و ئێران واژۆ كرا، بەڵام ڕێككەوتنەكە زۆری نەخایاند و كاتێك ترامپ ھاتە سەر دەسەڵات، كەوتە ڕخنەگرتن لە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما و لە كۆتایشدا لە ٨ی ئایاری ٢٠١٨ بە شێوەیەکی تاکلایەنە لە ڕێكکەوتننامەی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران کێشایەوە و، گەورەترین گوشاری ئابووریی بەسەر ئێراندا سەپاند.

لێرەدا ئامانجی سەرەکیی ئیدارەی ترامپ لە كشانەوە لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی و سەپاندنی زۆرترین گوشاری ئابووری بەسەر ئێراندا، ئەوە بووە کە دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی، سیاسەتێکی نوێ پراکتیزە بکەن؛ بە شێوەیەك تەنیا تایبەت نەبێت بە بەرنامەی ئەتۆمییەوە. لەم ڕووەوە، لە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩، کۆشکی سپی لە ڕاگەیه‌نراوێکدا وێڕای جه‌ختکردن لەسەر گوشارخستنە سەر ئێران و هەوڵدان بۆ گۆشەگیرکردنی، ئاماژەی بەوە کرد مەبەست لەو هەوڵانە، گۆڕینی ڕەفتار و سیاسەتەکانی ئێرانە لە ناوچەکەدا.

لێرەدا مەبەستی سەرەکییش لە گۆڕینی سیاسەت و ڕەفتارەکانی ئێران بریتی بووە لەوەی، كە تاران ١٢ مەرجی ئەمریکا جێبەجێ بکات، کە بەشێک لەوانە بریتی بوون لە: وازهێنان بە شێوەیەکی کۆتایی لە بەرنامەی ئەتۆمی کە ڕەهەندێکی سەربازیی هەیە، هه‌روه‌ها دەسهەڵگرتن لە بەرەوپێشبردن و تاقیکرنەوەی مووشەکی بالیستی.

لەسەر ئاستی دەرەوەیش، ترامپ داوای كرد كە ئێران دەست لە سیاسەتی پاڵپشتیکردنی گرووپە توندڕەوەکانی وەک حزبوڵڵا، حەماس و حووسییەکان هەڵگرێت.

ھەروەھا ئیدارەی ترامپ داوای كرد كە ئێران هێزەکانی لە سووریا بكێشێتەوە، ده‌ست لە کاروباری ناوخۆی عێراق وه‌رنه‌دات و ڕێز لە سەروەریی خاکی عێراق بگرێت و كۆتایی بە سیاسەتی دوژمنکارانە له‌ هەمبەر دۆستەکانی ئەمریکا وەک ئیسرائیل و سعوودیا بھێنێت. جێگەی ئاماژەپێكردنە ترامپ لە ماوەی دەسەڵاتەكەیدا (2017-2021) نەیتوانی ئێران ملكەچ بكات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی.

ئیدارەی بایدن  و پرسی گەڕانەوە بۆ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی:

ئیدارەی  بایدن چ  لە كاتی بانگشەكانی ھەڵبژاردن و چ لە دوای وەرگرتنی دەسەڵات، وێڕای ڕه‌خنەگرتن لە سیاسەتی ئیدارەی ترامپ بەرامبەر ئێران، بەردەوام جەخت لەسەر فاكتەری دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەكات و، بەردەوام باسی ئەوە دەكات كە ئامادەیە بە ڕێگەی سیاسی و دیپلۆماسی ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران بكات، بەتایبەت سەبارەت بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

لەم ڕووەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكین، لە 24ی ئاداری2021 ئاماژەی بەوە كرد كە  ئەمریكا ڕێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران دەگرێتە بەر و ئەگەر ئێران پابەندی ڕێككەوتنی  ئەتۆمی بێت، ئەوا ئەمریكایش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی كە لە ساڵی 2015 واژۆ كراوە. لەلایەن خۆیشیەوە، ئێران جەختی لەسەر ئەوه‌ كرد كە ئامادەیە بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێككەونتی ئەتۆمی، بە مەرجێك یەكەم جار ئەمریكا ھەموو سزاكانی سەر ئێران ھەڵگرێت.

"عه‌لی خامنەیی" لە وتارێكی تەلەڤزیۆنیدا بە بۆنەی نەورۆزەوە لە 21ی ئاداری 2021  باسی ئەوەی كرد كە ئەگەر ئەمریكا ھەموو سزاكانی سەر ئێران ھەڵبگرێت و بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێككەوتنی  ئەتۆمی، ئەوكات ئێرانیش ھەمان ھەنگاو دەھاوێژێت و ھەموو ئەو ھەنگاوانەیش كە لە پێشێلكردنی ڕێككەوتنی ئەتۆمی نراون، ڕاست دەكاتەوە.

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ھەردوو وڵات، ڕێگەخۆشكەر بوون بۆ ئەوەی لە سەردەمی ئیدارەی بایدن گفتوگۆكانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی دووبارە دست پێ بكاته‌وه‌. لەم ڕووەوە، لە مانگی شوباتی 2021 یەكێتیی ئەوروپا دەستپێشخەرییەكی پێشكەش كرد بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لە نێوان ئەمریكا و ئێران و، ھەوڵی دا بەرپرسانی ھەردوو لا لەسەر مێزی دانوستاندن كۆ بكاتەوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی نافەرمی گفتوگۆكان دەست پێ بكاته‌وه‌، بەڵام ئێران ئامادە نەبوو لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریكا دابنێشێت؛ بەتایبەت ئەوكات مەرجی سەرەكیی ئێران ئەوە بووە كە، دەبێت ئەمریكا یەكەم جار ھەموو سزاكانی سەر ئێران ھەڵبگرێت.

بەڵام بەرپرسانی ئەمریكا ئەوەیان ڕەت كردەوە كە تاكلایەنە سزاكانی سەر ئێران ھەڵبگرن. لەم ڕووەوە نێردراوەی تایبەت بۆ كاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا،Rob Malley ، ئاماژە بەوە كرد كە ئەمریكا ئامادە نییە تاكلایەنە سزاكانی سەر ئێران ھەڵگرێت.

لە 6ی نیسانی 2021 بە دەستپێشخەریی ده‌وڵه‌تانی ئەوروپی (فه‌ڕەنسا، ئەڵمانیا و بریتانیا) جارێكی دیكە گفتوگۆكانی پەیوەست بە زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی، بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە نێوان ئەمریكا و ئێران لە ڤیەننا بەڕێوە چوون. مەبەست لە گفتوگۆكانی ڤیەننا خستنەڕووی نەخشەڕێگەیەك بووە بۆ گەڕانەوەی ئێران و ئەمریكا  بۆ ناو ڕێككەوتنەكە.

ھەوڵەكانی یەکێتیی ئەوروپا بەردەوام بوون بۆ ئەوەی لایەنەكان بگەنە ڕێككەوتن. لەم ڕووەوە، جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، وەك ناوبژیكاری نێوان ئەمریكا و ئێران لە 24ی حوزه‌یرانی 2022 لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت به‌ ساخكردنەوەی بەرنامەی ئه‌تۆمی كۆ بووه‌وە.

ھەروەھا دوای گفتوگۆكانی ڤیەننا، لە 29-30ی حوزەیرانی 2022 لە قەتەر بە ناوبژیكاریی یەكێتیی ئەوروپا دیسان گفتوگۆكان بەردەوام بوون، بەڵام دەرەنجامی باشی نەبوو. لە دەستپێكی مانگی ئابی 2022 دیسان گەڕێكی دیكەی ناڕاستەوخۆی دانوستاندنەكان لە نێوان ئەمریكا و ئێران بە ناوبژیكاریی یەكێتیی ئەوروپا لە ڤییەنا دەستی پێ كرد.

لە 8ی ئابی 2022 یەکێتیی ئەوروپا ڕەشنووسێكی پێشكەش بە لایەنەكان كرد كە پێی دەگوترا كۆتا ڕەشنووسی the final draft سەبارەت بەرنامه‌ی ئەتۆمی و، داوا لە ھەردوو لا كرا كە ڕەشنووسەكە پەسەند بكەن.

وەڵامی سەرەتاییی ئێران بۆ ڕەشنووسەكە كە لە 15ی ئابی 2022 پێشكەش كرا، تا ڕاددەیەك جێگەی گەشبینی بووە. لەم ڕووەوە، سەرچاوە ھەواڵییەكان باسیان لەوە كرد كە ھەردوو لایەن زۆر نزیكن لە ڕاگەیاندنی ڕێككەوتننامەكە. لەم ڕووەوە، John Kirby، بەرپرسی ئەنجومەنی ئاسایشی ئەمریكا ڕای گەیاند كە، لە ھەموو كاتێك نزیكترین بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن و، ئێران كۆمەڵێك سازشی كردووە.

بەڵام لە 2ی سێپته‌مبه‌ری 2022، ئێران وەڵامی كۆتاییی ڕەشنووسه‌كەی دایەوە كە جیاوازیی ھەبووە لەگەڵ ھەڵوێستی پێشووتری و كۆمەڵێك داواكاریی تری كردبوو، لەوانە كۆتاییھێنان بە كاری پشكنەرە نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وزەی ئەتۆم لە ئێران.

ئەم گۆڕانە لە سیاسەتی تاران، جێگەی ڕەزامەندیی یەکێتیی ئەوروپا نەبووە و، ھەروەھا لەلایەن خودی ئیدارەی بایدنیشەوە ڕەت كرایەوە. وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەبارەت داواكارییەكانی ئێران ڕای گەیاند، مەرجەكانی ئێران بنیاتنه‌ر نین. لە 15ی ئەیلوولی 2022، نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرای کرد، تاکە هۆکار کە وڵاتانی 5+1 لەگەڵ ئێران نەگەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی هاوبەش بۆ گەڕانەوە بۆ نێو ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، لەبەر ئەوەیە ئێران "تاوەکوو ئێستا ئەو بنەما گونجاوەی قبووڵ نەکردووە کە لەلایەن یەکێتیی ئەوروپاوە پێشکه‌ش کراوە. ھەروەھا  14ی ئەیلوول، جۆزێپ بۆرێڵ، بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا سەبارەت بە ئەنجامی گفتوگۆكان بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتننامەکە، ئاشکرای کرد کە ھەوڵەكان گەیشتوونەتە "بنبەست". ئیتر بەو شێوه‌یەیش دووبارە گفتوگۆكان بەھەڵواسراوی ماوەتەوە و دیاریش نییە كەی دەست پێ دەكاته‌وه‌.

ھۆكارەكانی پەكخستنی گفتوگۆكانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی:

لە ڕاستیدا زۆر ھۆكار ھەن كە بەڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بوونە ھۆی ئەوەی كە گفتوگۆكان بگەنە بنبەست، كە لێرەدا دەكرێت ئاماژە بە گرنگترینیان بده‌ین:

یەكەم، ئێران لە وەڵامی كۆتاییدا كە لە 2ی سێپتەمبەری 2022 پێشكەشی كرد، یەكێك لە داواكارییە نوێ و سەرەكییەكانی بریتی بووە لە ڕێگەنەدان بە پشكنەرانی نێوده‌وڵه‌تیی سەر بە ئاژانسی وزەی ئەتۆمی بۆ بەردەوامیدان بە كارەكانیان لە ئێراندا؛ بەتایبەتیش ئێران داوای كردووە كە كۆتایی بە كارەكانی  International Atomic Energy Agency (IAEA) بھێنرێت و پێداگری دەكات لەسەر داخستنی كارەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم سەبارەت به‌ سێ بنكەی ڕانەگەیه‌نراوی كە پێش 2015 ئاسەواری یۆرانیۆمی لێ دۆزراوه‌تەوە. ئێران ئێستا ئەم خاڵەی كردووە بە یەكێك لە مەرجە سەرەكییەكانی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتننامەی ئەتۆمی.

ئەمە لە كاتێكدایە كە تا دێت گومانەكان سەبارەت به‌ سروشتی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران زیاتر دەبن، كه‌ ئایا سروشتێكی سەربازیی ھەیە یان نا. لەم ڕووەوە، ڕافایل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە 14ی سێپتەمبەری 2022 ڕای گه‌یاند، ناتوانین دڵنیایی بدەین كە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران تەواو مەدەنییە.

ھەروەھا ڕای گەیاند كە، یۆرانیۆممان لە هەندێک بنکەی ڕانەگەیه‌نراوی ئێراندا دۆزیوەتەوە كە، نەدەبوو هیچ کات لەو شوێنانە ئێران چالاکیی ئەتۆمیی هەبێت. ھەروەھا ڕافایل گرۆسی ڕای گەیاند كە،  ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی گەیاندووه‌ به‌ لەسەدا 60  و، ئەم ڕێژەیەیش نزیكە بگاتە لەسەدا 90  و دەتوانێت چەكی ئەتۆمی دروست بكات.

داواكارییەكەی ئێران بۆ ڕاگرتنی كاری ئاژانسی وزەی ئەتۆم لە ئێران، بەتوندی لەلایەن ده‌وڵه‌تانی ئەوروپا و ئەمریكاوە ڕەت كراوه‌تەوە. تەنانەت ئێستا ده‌وڵه‌تانی ئەوروپا و ئەمریكا گومانی ئەوەیان لا دروست بووە كە، لەوانەیە ئێران بەنھێنی خەریكی دروستكردنی بۆمبی ئەتۆمی بێت.

بۆیە داوا لە ئێران دەكەن كە ھیچ گرفتێك لە بەردەم كاری پشكنەرە نێوده‌وڵه‌تییەكان دروست نەكات. لەم ڕووەوە، لە ڕاگەیه‌نراوێكی ھاوبەشدا لە 10ی سێپتەمبەری 2022 ئەڵمانیا، بریتانیا و فه‌ڕەنسا نیگەرانیی خۆیان له‌ ھەمبەر داواكاریی ئێران بۆ ڕاوەستاندنی كارەكانی پیشكنەرە نێوده‌وڵه‌تییەكانی وزەی ئەتوم ڕاگەیاند و جەختیان لەسەر ئەوە كرده‌وه‌، ئەم داواكارییەی ئێران جێگەی گومانی زۆرە كە ئاخۆ ئێران دەیەوێت ڕێككەوتنەكە زیندوو بكاتەوە؟ بە ھەمان ئاراستە، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنتونی بلینكین ڕای گەیاند، داواكارییەكانی ئێران ھەنگاوێكە بۆ پاشەوە و ئەگەرەكانی ڕێككەوتن بەدوور دەبینرێت. ھەروەھا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕای گەیاند، تاگە ڕێگە بۆ گەیشتن بە ڕێككەوتن ئەوەیە، ئێران واز لە داواكارییە نابەجێیەكانی بھێنێت كە قبووڵكراو نین و پەیوەندیی بە  ڕێككەوتنی ئەتۆمییەوە نییە.

دووەم، ئێران داوای كردووە كە ھەر ڕێككەوتنێك سەبارەت بەرنامەی ئەتۆمی بكرێت، دەبێت گرنتی ھەبێت كە ئەمریكا لە ڕێككەوتنەکە پاشەكشە ناكات؛ بەتایبەت كاتێك حكوومەتێكی نۆی لە ئەمریكا دێتە سەر كار. دیارە ئەم ھەڵوێستەی ئێران بەھۆی ئەو سیاسەتە بووە كە لەلایەن ترامپەوە دژی ئێران پراكتیزە كراوە؛ لە كاتێكدا لە ساڵی 2015 ڕێككەوتن كرا، بەڵام ترامپ لە ساڵی 2018 ڕێككەوتنەكەی ھەڵوەشاندەوە. ئێران ترسی ھەیە ھەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئەمریكا بكرێت، تەمەنی زۆر ناخایەنێت؛ بەتایبەت ئەگەر كۆمارییەكان بێنە سەر دەسەڵات. بۆیە داوای گەره‌نتی دەكات. ئەمە لە كاتێكدایە ئیدارەی ئەمریكا ناتوانێت ھیچ گه‌ره‌نتییەك لەو بارەیەوە بدات، چونكە كاتێك ئیدارەیەك دەگۆڕێت، دەتوانێت پێداچوونەوە بە ھەر ڕێككەوتنێك بكات كە لەگەڵ دەوڵەتانی تردا كراوە.

سێیەم، ئێران داوا دەكات سوپای قودس لە لیستی تیرۆر بهێنرێته‌ ده‌ره‌وه‌ كە لە ساڵی 2019 لە سەردەمی ئیدارەی ترامپ خراوتەوە ناو چوارچێوەی لیستی تیرۆرەوە (Foreign Terrorist Organizations)، بەڵام ئیدارەی بایدن ئەوە ڕەت دەكاتەوە و جەخت لەسەر ئەوە دەكات ئەوە پەیوەندیی بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە نییە.

بەتایبەت سەرچاوە ھەواڵییەكان باسی ئەوە دەكەن ئیدارەی بایدن بڕیاری كۆتاییی داوە لەوەی سوپای قودس لە لیستی تیرۆر دەرنەكات. لە 24ی نیسانی 2022 لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە بایدن ئەم ھەواڵەی بە سەروكوەزیرانی ئیسرائیل ڕاگەیاندبوو. ھەرچەندە ھەندێك لە سەرچاوە ھەواڵییەكان باسی ئەوە دەكەن كە ئێران لە وەڵامی سەرەتایی كە پێشكەش كرابوو وازی لەم مەرجە ھیناوە، بەڵام پێ دەچێت ھێشتا ئێران بەتەواوەتی دەستبەرداری ئەو مەرجە نەبێت و بە شێوەیەك لە شێوەكان جەخت لەسەر ئەو پرسە بكات.

چوارەم، گوشارەكانی ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا، بەتایبەت ئیسرائیل و ده‌وڵه‌تە عەرەبییەكان دیسان كاریگەریی خۆی ھەیە لەسەر ھەڵوێستەكانی ئیدارەی بایدن بەرامبەر ئێران. بێ گومان ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا مەترسیی گەورەیان ھەیە لەوەی ئەمریكا و ئێران بگەڕێنەوه‌ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمیی 2015. بەتایبەت ئەوان پێیان وایە ئەو ڕێككەوتنە نەك ھەر نەبووه‌تە ھۆی ئەوەی ئێران دەست لە بەرنامەی ئەتۆمی ھەڵبگرێت، بەڵكوو بووه‌تە ھۆی بەھێزكردنی پێگەی ئێران لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەكی. ھاوپەیمانەكانی ئەمریكا  پێیان وایه‌، ڕێككەوتنەكە وای كردووە ئێران لەسەر ئاستی دەرەكی، زیاتر ھەژموون و پێگەی خۆی بەھێز بكات و پاڵپشتیی گرووپە میلیشیاكانی شیعە بكات لە ناوچەكەدا. ل

لەم ڕووەوە، لە كاتی سەرەدانی بایدن بۆ ئیسرائیل لە 14ی تەمووزی 2022 ئیسرائیل دژایەتیی خۆی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران دووپات كرده‌وە و داوای لە ئەمریكا كرد گوشارەكانی لەسەر ئێران زیاتر بكات. Yair Lapid سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە 4ی سێپتەمبەری 2022 جەختی لەسەر ئەوە كرده‌وه‌ كە ھەوڵەكانمان چڕتر دەكەینەوە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئەمریكا و ئێران كە بە ڕێككەوتنێكی مەترسیدار بۆ ئیسرائیل وەسفی كرد.

ھەندێك لە سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن ئەمریكا 3 گرنگی سەرەكی داوتەوە بە ئیسرائیل:

 یەكەم، ئێران نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و، ئەمریكا ئامادەیە بۆ ڕێگەگرتن لەم ئەگەرە بژاردەی سەربازی بەكار بھێنێت. 

دووەم، بەھێزكردنی توانا سەربازییەكانی ئیسرائیل لە ڕووی بەرگرییەوە؛ بە شێوەیەك بتوانێت ڕووبەڕووی ھەڕەشەكان ببێتەوە.

 سێیەم، ئەمریكا ئیسرائیلی دەستكراوە كردووە لەوەی ھەر كارێك بیەوێت بەرامبەر ئێران و ھەڕەشەكانی بكات.

ئەوەی جێگەی ئاماژەكردنە، نیگەرانییە سەرەكییەكانی ئیسرائیل له‌ ھەمبەر ڕێككەوتنی ئەتۆمی، خۆی لەم خاڵانەدا دەبینێتەوە:

یەكەم،  ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوە دەكات، دەبێت پشكنەرە نێوده‌وڵه‌تییەكان بەردەوام بن لەسەر كارەكانی لە ئێران، بۆ ئەوەی دڵنیا بن ئێران بۆمبی ئەتۆمی دروست ناكات و، ئێستایش ئەمە یەكێكە لە خاڵە ھەرە ناكۆكەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا. 

دووەم،  ئیسرائیل جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە سوپای پاسداران لە لیستی تیرۆر دەرنەكرێت. ھەر ئەمەیش وای كرد ئیدارەی بایدن ئامادە نەبێت لەم ڕووەوە سازش بۆ ئێران بكات. 

سێیەم، ئیسرائیل دەیەوێت ئەمریكا گوشارەكانی لەسەر ئێران زیاتر بكات و، ھەروەھا لە ھەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، نیگەرانییەكانی ئەوان لەبەرچاو بگرێت؛ بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیی بە سیاسەتی ھەژموونخوازیی ئێرانەوە ھەیە لە ناوچەكەدا. ئیسرائیل داوا لە ئەمریكا دەكات ڕێككەوتنەكە تەنیا پەیوەست نەبێت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە، بەڵكوو ھەڵوێستی ئێران لەسەر ئاستی دەرەكی و، ھەروەھا ھەڕەشەكانی ھێزە پرۆكسییەكانی ئێران و دستێوەردانەكانی ئەو وڵاتە لە كاروباری ده‌وڵه‌تانی ناوچەكەدا، بكرێتە بەشێك لە ھەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ تاران.

چوارەم: گوشارەكانی كۆنگرێسی ئەمریكا و ناوەندەكانی تری كاریگەر لەسەر بڕیارە سیاسییه‌كان، ھۆكارێكی دیكەیە بەوەی كە ئیدارەی بایدن نەتوانێت بەئاسانی بگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمی. بەشێكی زۆر لە ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكا لە ھەردوو حزبی دیموكرات و كۆماری گوشارێكی زۆریان دروست كردووە بۆ  ئەوەی بایدن ڕێككەوتنێكی ھەمەلایەن و گشتگیر لەگەڵ ئێران واژۆ بكات؛ بە شێوەیەك ڕێككەوتنەكە تەنیا پەیوەست نەبێت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە.

 لە 1ی سێپتەمبەر 2022  نزیكەی 50 ئەندامی كۆنگرێس لە ھەردوو حزبی كۆماری و دیموكرات، داوایان لە بایدن كردووە كە نەگەڕێتەوه‌ بۆ ناو ڕێككەوتنی 2015. لە نامەیەكدا ئەندامانی كۆنگرێس باسی ئەوە دەكەن ھەر ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێران بكرێت، گرنگە گشتگیر بێت و، نابێت تەنیا بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێرانەوە سنووردار بكرێت، بەڵكوو دەبێت ڕێككەوتنەكە بوارەكانی تریش بگرێتەوە؛ لەوانەیش: بەرنامەی مووشەكی بالیستیی ئێران، پاڵپشتیی تاران بۆ گرووپە میلیشیاكان، ڕەفتارە خراپەكانی لەسەر ئاستی ناوچەكە و پرسی مافەكانی مرۆڤ لە ئێراندا. لێرەدا، لەناو ئیدارەی بایدندا و لەناو دامەزراوەكانی ئەمریكایش، لەوانە پێنتاگۆن، كۆنگرێس، كۆشكی سپی و تەنانەت سەنتەرەكانی توێژینەوە، ھەندێك لایەن ھەن كە داوا لە بایدن دەكەن كە نەگەڕێتەوە بۆ ناو ڕێككەوتنی ئەتۆمیی 2015،  تاكوو ئێران ناچار بێت لەسەر ھەموو پرسەكانی دیكەی جێگەی نیگەرانیی ئەمریكا سازش بكات.

سیناریۆكانی بەردەم ڕێككەوتنی ئه‌تۆمی

ئێستا گفتوگۆكان ڕاوەستاون و تەنانەت ھەندێك لە سەرچاوەكانی ھەواڵ لە ئیسڕائیل باسی ئەوە دەكەن كە بایدن لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلی لەوە ئاگادار كردۆته‌وه‌ كە، ئێستا ھیچ شتێك لەسەر مێز نییە بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ ئێران و، پێشبینی ناكرێت بەم زووانە ھیچ ڕێككەتنێك واژۆ بكرێت. بۆیە یەكێك لە ئەگەرەكان ئەوەیە كە لەوانەیە دانوستاندنەكان دوا بخرێت بۆ دوای ھەڵبژاردنەكانی میدتێرمی كۆنگرێسی ئەمریكا و ھەڵبژاردنەكانی ئیسرائیل كە بڕیارە لە مانگی نۆڤەمبەری  2022دا بكرێت.

بەتایبەت ھەندێك پێیان وایە داواكارییەكانی ئێران  بۆ ڕاگرتنی كارەكانی ئاژانسی وزەی ئەتۆم، زیاتر لەلایەن توندئاژۆكانەوە پاڵپشتی دەكرێت.

لەم ڕووەوە، توندئاژۆكان دەیانەوێت سوود له‌ قەیرانی وزە لەسەر ئاستی جیهان وەرگرن و، گوشار دروست بكەن بۆ ئەوەی كۆتایی بە ئەركی پشكنەرانی نیوده‌وڵه‌تی بھێنرێت.

بەتایبەت لایەنە توندڕەوەكانی ناو ئێران پێیان وایە، ئێستا ئەمریكا و ده‌وڵه‌تانی ئەوروپا پێویستیان بەوەیە نەوت و گاز لە بازاڕەكانی جیھاندا زیاتر ببێت و، لەم ڕووەوە دەكرێت سازش بۆ داواكانی ئێران بكەن.

بەگشتی چەند سیناریۆیه‌ك ھەیە سەبارەت به‌ ڕێككەوتن یان ڕێكنەكەوتنی ئەمریكا و ئێران  و گەڕانه‌وە بۆ ڕێككەوتنی ئەتۆمی: 

یەكەم، سازشكردنی ئێران لە بەشێك لە داواكارییەكانی، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە كارەكانی ئاژانسی ئەتۆمی. ئەگەر ئێران ئەو سازشه‌ بكات، پێ دەچێت لەسەر لە پرسەكانی تر ھەردوو لا بگەنە خاڵی ھاوبەش؛ بە شێوەیەك ڕێككەوتنەكە واژۆ دەكرێت و ھەردوو لا دەگەڕێنەوە بۆ ناو ڕێككەوتنەكە.

ڕاستە ئیدارەی بایدن گوشاری زۆری لەسەرە، بەڵام پێ دەچێت لەگەڵ سازشی ئێران، ئەوانیش نه‌رمیی زیاتر بنوێنن. بەتایبەت ئێستا ده‌وڵه‌تانی ئەوروپی بەھۆی قەیرانی ئۆكراینا و گوشارەكانی پووتین لە بەكارھێنانی كارتی گاز، ده‌وڵه‌تانی ئەوروپا زۆر پێویستیان بەو ڕێككەوتنە ھەیە.

بەڵام ئەگەر ئەم سیناریۆیەیش سەر بگرێت، پێ دەچێت دەسپێکردنەوەی گفتوگۆکان و هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە بکەوێتە دوای هەڵبژاردنەکانی "میدترمی کۆنگرێسی ئەمریکا" (midterm elections هەڵبژاردنی نێوان دوو خول/ تایبەت) و هەڵبژاردنەکانی ئێسرائیل کە بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت.

دووەم، ڕێكنەكەوتن و ئەگەری وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئێران. بێ گومان ئەمەیش یەكێكە لە ئەگەرەكان، ھەرچەندە ئەگەرێكی دوورە.

سەرچاوەكان باسی ئەوە دەكەن ئێران ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆمی، زۆر بەرز كردۆته‌وه‌ و گەیشتووەتە 60% و، زۆر نەماوە ئێران بتوانێت چەكی ئەتۆمی بەرھەم بھێنێت.

بێ گومان ئەمەیش تاكوو ئێستا لەلایەن ئەمریكاوە بە ھێڵی سوور دەزانرێت و جەخت لەسەر ئەوە دەكات ئەگەر گفتوگۆكان سەر نەگرێت و ئێران ھەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمی بدات، ڕووبەڕووی گورزی سەربازی دەبێتەوە. 

سێیەم،  نە ڕێككەوتن و نە جه‌نگ. ئەمەیش واتە بەردەوامیدان بەو بارودۆخەی كە ئێستا ھەیە.

واتە ڕێككەوتن واژۆ ناكرێت، بەڵام لە ھەمان كاتیشدا ئێران ھەوڵی بەدەستھێنانی چەكی ئەتۆمی نادات؛ ئەوكات بارودۆخەكە بەو شێوەی ئێستا ھەیە بەردەوام دەبێت، بێ ئەوەی  ھیچ پێكدادانێكی سەربازی ڕوو بدات و ئیدارەی بایدن ئەو مەلەفە بۆ ئیدارەی داھاتووی ئەمریكا جێ دەھێڵێت.

بەڵام، دیسان ئەم حاڵەتە مەترسیی زۆری تێدایە و، دەكرێت لە ھەر كاتێكدا بەھۆی نەبوونی متمانە  جه‌نگ ڕوو بدات.

چوارەم، ھەندێك سەنتەرەكانی لێكۆڵینەوە باسی ئەو دەكەن، ھیچ كێشە نییە ئەگەر ئێرانیش ببێتە خاوەن چەكی ئه‌تۆمی، وەك  پاكستان و ھیندستان و، ئەمریكا دەبێت خۆی بۆ ئەم ئەگەرە ئامادە بكات و، نابێت بچێتە جه‌نگەوە لەگەڵ ئێران. ئێرانیش لەوانەیە لەم بارودۆخەدا پێی وابێت ئەمریكا ئێستا زۆر سەرقاڵە بە قەیرانی ئۆكراینا و، ئامادە نییە جه‌نگێكی دیكە لە ناوچەكەدا بەرپا بكات. بۆیە دەرفەتە بۆ ئەوەی ئەم ھەنگاوە بھاوێژێت.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP