دواین هەواڵ

بەعەقڵ ، ڕوسیا ناناسرێتەوە - بەشی دووەم

‌هونەر تۆفیق

25/08/2022

بەشی دووەم

كورتكردنەوەی ناكۆكی نێوان ئەمریكا و ڕوسیا لە جەنگی ئۆكرانیادا ، دووركەوتنەوەیە لە تێگەیشتنی تەواو لە چۆنیەتی بیركردنەوە و ئامانجی سیاسی زلهێزەكان. چونكە ئۆكرانیا وەك قوربانیەكی ناو ئەو گەمەیە، خۆی خستۆتە ژێر دەستوپێیانەوە .

لەپشت جەنگی ئۆكرانیاوە ، ناكۆكی و جەنگێكی گەورەتر لەنێوان ڕوس و ئەمریكادا پیادەدەكرێت كە لەكورتیدا پەیوەستە بە پرسی زەعامەتی ئەمریكاوە بۆ جیهان . 
لەكۆتایی بەشی یەكەمدا بەریەك كەوتنی هەردوو زلهێزەكەمان لە ئاستە ئابووری و هێز و جیوگرافیا و نفوزدا وێناكرد . ئەو سێ ئاڕاستەیە كرۆكی ناكۆكی نێوان ڕوس و ئەمریكایە . 

یەكەم : ئابووری 

ڕۆبێرت ماكفەرلینی ڕاوێژكاری ئەمنی قەومی ئەمریكی لەسەردەمی ئیدارەی رۆنالد ڕیگن دا  پرۆژەیەكی بۆ چۆنیەتی خستنی یەكێتی سۆڤیەت پێشكەش بە كۆشكی سپی كرد كەتیادا هاتبوو ( ئێمە دژێكمان هەیە دوو مەچەكی ئاسنینی هەیە . ئەویش هێزە سەربازیەكەیەتی . بەسەر دوو قاچی قوڕینی لاوازەوە كە ئابووریەكەیەتی . ئێمە دەبێت ئەو قاچە لاوازە قوڕینە بخوسێننەوە . ئەوساكە لاشە ئاسنینەكە و مەچەكە ئەتۆمیەكەشی بە هەرەسی قاچەكانیەوە دەكەوێت ). 

دەوڵەتە كاریگەرەكان بەتایبەتی لە شێوەی دەوڵەتی ڕوسیادا كە نزیكەی هەزار ساڵ ئەزموونی سیاسەت و جەنگی كردووە . كەڵەكە كردنی ئەو ئەزموونە لە ئەرشیف و زاكیرەی دەوڵەتەكەدا دەمێنێتەوە . لە زاكیرەی دەوڵەتی ڕوسیدا ئەزموونی یەكێتی سۆڤیەت و كارەساتی هەڵوەشاندنەوە و هەرەسهێنانی ، لە پرۆژەكەی ماكفەرلینەوە دەرسیان وەرگرتووە  . 

لەپاش كەوتنی سۆڤیەت و گرتنە دەستی زەعامەتی جیهان لەلایەن ئەمریكایەوە ، ڕوسەكان سەرباری ئابووریە داڕماوەكەیان ، لە ڕێگای نەوت و غازەوە ، هەیكەلی ئابووری خۆیان داڕشتەوە . بەهەمان دیدی ماكفەرلینەوە بەرامبەر ئەمریكا وەستانەوە . 

یەكێك لەپرسە هەرە هەستیارەكانی نێوان ڕوس و ئەمریكا ، لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە ، پرسی دۆلار و بەها و سوودەكانیەتی . 

بۆچوونی ئابووری ڕوسیا ئەوەیە داوای پێداچوونەوە بە سیستەمی ئابووری جیهاندا دەكەن كە لەسەر بەهای دۆلاری ئەمریكی دامەزراوە . ئەوان پێیان وایە ئەو سیستەمە ئابووریەی جیهان كە ئەمریكا لەپاش جەنگەكانی یەكەم و دووەمی جیهان دایمەزراندووە و دۆلار تیایدا پێوەرە ، هیچ پشتیوانیەكی زێری نیە ، هەر دەساڵ جارێك بەهۆی كێبڕكێی گەورە سەرمایەدارەكانی ئەمریكاوە توشی قەیرانێكی گەورەدەبێت . هەڵبەتە ئەم بۆچوونە لەناو دۆستەكانی ئەمریكاشدا هەیە وەك فەرەنسا و ئەڵمانیا بۆ فشۆڵی سیستەمی ئابووری جیهانی . بەڵام وەك ڕوسەكان بە فەرمی لەزاری دەوڵەتەوە دەرنابڕدرێت . تەنیا پسپۆرە ئابووریەكانی ئەو وڵاتانە باسی دەكەن . پێیان وایە نابێت ئابووری جیهان لەسەربنەمای قەرز ( كریدیت) و چاپكردنی بێ بنەمای كاغەزی دۆلاری ئەمریكی بەڕێوەبچێت .

چاپ و قەرزی دۆلاریش چارەسەری قەیرانە ئابووریەكانی جیهان ناكات . لەكاتێكدا كۆی گشتی داهاتی جیهان ٢١ ترلیۆن دۆلارە ، بەڵام كۆی قەرزی جیهان نزیك دەبێتەوە لە ١٠٠ ترلیۆن دۆلار . گەورەیی قەبارەی قەرز لە ئاست داهاتدا كە ئەمریكا بەشی شێری بەردەكەوێت بە نزیكەی ٣٠ ترلیۆن دۆلار قەرزەوە ، كاریگەری ڕاستەوخۆ دەكاتە سەر ئابووری جیهانی . بەتایبەتی بەهۆی پێدانەوەی قەرزەكانی ئەمریكاوە بە چاپكردنی ئەو كاغەزی دۆلارانەی دەیخاتە بازاڕی دنیاوە .

ئینجا لە گەڕاندنەوەی دۆلارەكاندا بۆناو ئەمریكا ، جارێكی تر لەبەرامبەر بەكارهێنان و گەڕانەوەیدا ئەمریكا ڕێژەیەك فایدە دەخاتە سەر ئەو دۆلارانەی دەگەڕێتەوە ناو ئەمریكا كە تازەترین ڕێژەی فایدەكەی گەیاندە لەسەدا یەك ونیو . واتە بۆ بەكارهێنانی هەر سەد دۆلارێك ئەمریكا بە دۆلار و نیوێك كەمتر وەریدەگرێتەوە . 

هەڵگیرساندنی جەنگی ئۆكرانیا و ئابڵۆقەی ئابووری سەر ڕوسیا ، جەنگی ئابووری نێوان ڕوس و ئەمریكای توندتر كردەوە . ڕوسەكان وەك گەورە فرۆشیاری نەوت و غاز و یۆرانێۆم و چەك و دانەوێڵە ، ئامادەنین بە دۆلاری ئەمریكی كاڵاكانیان بدەن بە كڕیارەكانیان . 

چینیەكانیش كە بەهۆی جەنگی گومرگ و بەرزكردنەوەی ڕێژەی فایدەی دۆلارەوە كە گەورەترین بازاڕیان لەناو ئەمریكادایە ، پشتیوانی لە بۆچوونە ڕوسیەكە دەكەن . دامەزراندنی كۆمەڵەی برێكسیش لەلایەن ڕوسیا و چینەوە بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی هەیمەنەی ئەو ئابووریە ئەمریكیەن كە تەنیا قازانجی بۆ ئەمریكا خۆی هەیە و دەوڵەتانی دیكەی دنیا وەك سوخرەكێشی دۆلاری ئەمریكی لەناو سیستەمە ئابووریە جیهانیەكەی ئەمریكادان .. 

پێشتر ڕوسەكان كە عەقیدەی سیاسی دەوڵەتەكەیان لەدیدی كارل ماركسەوە بۆ ئابووری جیهان داڕشتبوو وەك بۆچوونێكی كۆمۆنیستی پێیان وابوو كە ئایدیۆلۆجیای كۆمۆنیستی چارەسەری ئەو قەیرانە ئابووریانەی دنیا دەكات كە كەپیتالیزم خولقاندوونی .

لەپاش هەرەسی یەكێتی سۆڤیەت و باڵادەستبوونی ئابووری لیبریالیزمی ئەمریكیەوە ، عەقیدەی سیاسی دەوڵەتی ڕوسی گەرچی وەك پێشتر كۆمۆنیستانە داوای ئابووری سۆسیالیزمی ناكاتەوە ، بەڵام سوورن لەسەر سەرلەنوێ داڕشتنەوەی هەیكەلی ئابووری جیهان كە لەسەر بناغەی دۆلاری بێ پشتیوان و كریدیت دانەمەزرابێت و بەشێوەیەك هەمووان تیادا بەشداربن ڕیفۆرم بكرێتەوە . 

ئەم پرۆسەیەش كە ئەمریكیەكان بەهەڕەشەی دەزانن بۆسەر بوون و مانەوەیان وەك زەعیمی دنیا ، بەتەواوی دژ و ناكۆكن لەگەڵیدا و لەشێوەی جەنگی ئۆكرانیا و ئەگەری جەنگی تایواندا ناكۆكیەكە دەردەكەوێت . ئاستی دووەمی دژبوونەكە كە ئاستی هێزە دێتە پێشەوە .. 
ماویەتی ....

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP