دواین هەواڵ

ڕێککەوتنە ئەمنیەکانی نێوان عێراق‌و تورکیا کۆتاییهاتوە یان بەردەوامە؟

‌بێوار ڕەحمان

23/07/2022

ناحاڵیبون‌و تەمومژێکی زۆر لەڕێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق‌و تورکیا ئەبینرێت، لێرەدا وردەکاریی ئەو ڕێککەوتننامەیە کە لەساڵی (1982)دا لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزاکراوە ئەخەینەڕوو، ئەوەش یارمەتیمان ئەدات بۆ تێگەیشتن لەوەی ئایا کارتە دیبلۆماسیی‌و ئەمنییەکانی عێراق بەرامبەر تورکیا ئەبێت چۆن‌و چی بن؟

یەکەم: بنەمای ڕێککەوتنی ئەمنی دوو قۆڵی لەسەر بونی پەکەکەیە:

لە(20ی تەمموزی 2022) تورکیا تۆپبارانی هاوینەهەواری (پەرەخ)ی سەر بەپارێزگای دهۆکى کرد، لەئاکامدا (10) هاووڵاتی مەدەنی عەرەب شەهیدبون‌و (29) کەسی دیکەش برینداربون.

کاردانەوەکانی ئەم ڕووداوە زۆرو هەمەلایەنە بوون، پێشوترو هەر لەسەروبەندی ئەم ڕووداوەدا، باس لەڕێککەوتننامەیەک ئەکرێت کە ڕێگە بەتورکیا دەدات پرۆسەی سەربازیی لەناو خاکی عێراقدا ئەنجامبدات.

لەساڵی (1982) پارتی کرێکارانی کوردستان کە حکومەتی تورک بەتیرۆریستی لەقەڵەمدەدا، کۆنگرەیەکیان لەلوبنان سازدا، تیایدا بڕیاریاندا کە: لەباکوری عێراق جێگیرببن، ئەویش بەقۆستنەوەی سەرقاڵی‌و لاوازیی ئەوکاتەی هەردوو وڵات کە سەرگەرمی شەڕی جۆراوجۆرو قەیرانی ناوخۆیی بون..ئیتر پەکەکە هاتن‌و سەرەتا لەسەربازگەی (لۆلان)ی سەر سنووری نێوان هەردوولادا جێگیربون.

ئەم پێشهاتانە، ئەنقەرەی نیگەرانکردو پاڵی پێوەنا ڕێککەوتنێک لەگەڵ ڕژێمی سەدام حوسێن "سەرۆکی ئەوکاتی عێراق" ئیمزابکات. ئەوەش بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاسایشی سنووری نێوان هەردوولا!  کە بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ناوبراو، ڕێگە بەتورکیا ئەدات (10 کێلۆمەتر) بێتە ناو خاکی عێراقەوە. لەئازاری (1983)دا ڕێککەوتننامەکە خرایە بواری پراکتیکەوەو ڕێگە بەتورک درا مەودای (30) کیلۆمەتر بێتە نێو خاکی عێراقەوە، ئەوەش بۆ لێدانی پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان. کەچی دوای دوو ڕۆژ  لەدەسپێکردنی پرۆسەکە، فڕۆکەکانی تورکیا بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان لەناوچەی بادینانی نزیک سنووری ئێران - تورکیا بۆردوومانکرد!

دووەم: سەرەڕای ڕێککەوتنامەی ئەمنی تورکیا نەیتوانی کۆتایی بەپەکەکە بهێنێت

لەئایاری 1983دا تورکیا بەڕێککەوتن لەگەڵ عێراق، بەبەشداریی هەزاران سەرباز، پرۆسەیەکی دەستپێکرد. لەم سەروبەندەدا حکومەتی عێراق لەدانووستاندابوو لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، ئەوەش ناڕەزایی تورکیای لێکەوتەوە، چونکە لەئەگەری سەرکەوتنی دانوستانەکان، کارتی ڕەوانەکردنی نەوت بۆ بەندەرەکانی تورکیایان  بەکاردەهێنا، کە تاکە ڕێگەی فرۆشتنی نەوت بوو، لەکاتێکدا عێراق لەشەڕدابوو لەگەڵ ئێران، بۆیە (فاهت هالی ئۆگلۆ)ی وەزیری ئەوکاتی دەرەوەی تورکیا سەردانی بەغدای کردو هەڕەشەی داخستنی سنووری وڵاتەکەی بەحکومەتی عێراق گەیاند! ئەوەبوو لەڕۆژی (15ی تشرینی یەکەمی 1984)دا، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی ئەنقەرەی کردو ڕێککەوتنە ئەمنیەکەی ئیمزاکرد، کە بەڕێکەوتنی "ڕاوەدوونانی چڕوپڕ" ناونرا، بەمەبەستی قەڵاچۆکردنی تیرۆر لەناوچە سنووریەکاندا، کە ڕێگەی بەهەردوولا دەدا لەکاتی پێویستدا بچنە نێوخاکی یەکتریی بەمەودای (5 کێلۆمەتر)و ماوەی (3) ڕۆژ تێپەڕنەکات.

لەماوەی ئابی ساڵی 1986دا دەوڵەتی تورک پرۆسەیەکی سەربازیی دژ بەپەکەکە دەستپێکردو نەیتوانی کۆتایی بەو حزبە بهێنێت. لەساڵی (1991)دا هەڵمەتێکی تری دژی پەکەکە لەژێر ناوی (کوتەک) دەسپێکردو لەهەمانساڵدا، چەندین بارەگاو بنکەی سەربازیی لەهەموو پارێزگەکانی کوردستان کردەوە.

لەساڵی (1995)یشدا، سەدام حوسێنی سەرۆکی ئەوکاتی عێراق، ڕێککەوتنێکی تری لەگەڵ دەوڵەتی تورک ئیمزاکرد.. کە ڕێگەی بەو هێزانە دەدا، لەباکووری عێراق بونیان هەبێت، بەمەبەستی ڕاوەدوونانی پەکەکە.

سێیەم: ڕێککەوتننامە ئەمنیەکە دوای 2003 هەڵوەشاوەتەوە

ساڵی (2003) بە پێش چاوی دونیاوە کۆتایی بەڕژێمی بەعس لە عێراق و فەرمانڕەوایەتی سەدام حوسێن هات. سەبارەت بە پشتگوێخستنی ڕێکەوتننامەی ناوبراو لەلایەن حکومەتەکانی دوای (2003)و لەقەڵەمدانی بەهەڵوەشاوە. "د.عه‌بدولستار جومێلی" سکرتێری گشتیی پارتی ناسری پێشەنگ‌و مامۆستای یاسای نێودەوڵەتی، لەمبارەیەوە دەڵێت؛ ئەو ڕێکەوتننامەیە، بەشێوەیەکی ئاسایی پووچەڵ بۆتەوە، چونکە بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتیی ، ڕێکەوتننامەکان بۆ دوو جۆر دابەشدەکرێن؛ یەک؛ ڕێککەوتنەکانی دەوڵەت، کە دەمێنێتەوە و کاری پێدەکرێت. دوو؛ ڕێکەوتننامەی ڕژێمەکان، ئەمەشیان بەنەمانی ڕژێمەکە، کۆتاییان پێدێت.

ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و تورکیاش، ڕێککەوتنی ڕژێمی تورک بوو لەگەڵ ڕژێمی بەعسی لەناوچوو. بەگوێرەی بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی، باسکردنی ڕێکەوتن لەگەڵ ڕژێمی سەدام، هیچ بەهایەکی بۆ ڕژێمی تورک نییە. پێویستیش ناکات حکومەتی عێراق هەڵی بوەشێنێتەوە، چونکە لەگەڵ کەوتنی ڕژێمی بەعس ئەو ڕێکەوتنەش، کۆتاییهاتووە. جگە لەمەش ئەو ڕێکەوتننامەیە لەڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان- UN تۆمارنەکراوە.

`بەگوێرەی پەیماننامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ناکرێت پەنا بۆ ڕێکەوتننامەیەک ببرێ کەلە نەتەوەیەکگرتوەکان و لەبەردەم دامو دەزگەکانی تۆمار نەکراوە.

هەر لەمبارەیەوە، کۆچکردوو پسپۆڕی یاسایی -عێراقی بەناوبانگ کۆچککردوو "تارق حەرب" لەوەڵامی پرسیاری ئەو ڕێکەوتنەدا دەڵێت؛ ڕێکەوتنی نێوان سەدام‌و تورکیا کە ڕێگە بەهاتنی سوپای تورک بۆ ناوخاکی عێراق دەدات، بەکۆتاییهاتنی جەنگی (عێراق - ئێران) کۆتاییهاتووەو کاری پێناکرێت. ڕێکەوتنی ناوبراو پەیوەندیی بەپشتگیرییکردنی عێراقەوە هەبوو لەو جەنگەدا.

چوارەم: تورکیا چی لەعێراق ئەوێت؟

هەمیشە، دەستوەردانەکانی تورکیا لە عێراق بە هۆی سێ ڕەهەند و نیەتی ئەو ووڵاتەوە بوە؛ ویلایەتی موسڵ و خەون بە گەڕانەوە بۆ ناوچەی موسڵ و کەرکوک کە پێشوتر لەچوارچێوەی فراوانخوازیی دەوڵەتی عوسمانیدا قەڵەمڕەوییان هەبوە. پرسی ئەمنی کە پەیوەندی بە پەکەکەوە هەیە، هەروەها پرسی نەوت و گازی سروشتی.

تورکیا نەک بو عێراق، بەرانبەر زۆر وڵاتانی دیکەی جیهان وەها ئەجوڵێتەوە کە ئەو وڵاتانە پێویستە هەمویان پۆلیسی دەوڵەتی تورک بن و، بەدوای ئەوانەوە بن کە تورکیا بە تیرۆریست و تاوانباریان ئەزانێت.

لەساڵی (2007)دا، عێراق‌و تورکیا ڕێکەوتنێکی ئەمنی هاوبەشیان ئیمزاکرد. ئەمجارەیان بەندی تایبەت بەڕاوەدوونانی سەربازیی (جووداخوازەکان)ی تێدا لابرد. ڕێکەوتنەکە لەلایەن (بەشیر ئەتالای) وەزیری ناوخۆی تورکیاو و( جەواد بۆلانی) وەزیری ناوخۆی عێراق، ئیمزاکرا.

ئەمە وێڕای دانوستانی نێوان هەردوولا سەبارەت بە ووردەکاریی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە، بەڵام تائێستا هەردوولا سەرکەوتوو نەبوون لەڕێکەوتن لەسەر پلانێک کە ڕێکە بەهێزەکانی تورکیا بدات ڕاوەدووی هێزە چەکدارەکان لەناو خاکی عێراقدا بدات. لەساڵی (2009)دا. لەچوارچێوەی ئەنجومەنی هاریکاریی ستراتیژیی عێراقی - تورکی  بەسەرۆکایەتی (نوری مالیکی) سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەردۆغانی سەرۆک وەزیرانی تورکیا (48)  ڕێککەوتن ئیمزاکرا. سەبارەت بەو زنجیرە ڕێککەوتنە، نووسینگەی مالیکی، لەبەیاننامەیه‌کدا ڕایگەیاند؛ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی تورکیا، چەندین پرسی سیاسی تاووتوێکراوە، جەختیش لەسەر ڕێکەوتنەکانی پێشوو کراوەتەوە. سەبارەت بەشەڕی تیرۆرو ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکیە تیرۆریستیەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان‌و پاشماوەی حزبی بەعس‌و سەرجەم ئەو ڕێکخراوانەی کەدژی ئاشتین لەناوچەکەدا.

(1 ـ 4) بۆچی هەرێمی کوردستان باجی گرژییەکان بدات؟

هەرێمی کوردستان تاکە سووچێکی ئارام و سەقامگیریی عێراقە، کە عێراقییەکان بۆ چێژوەرگرتن پەنای بۆ ئەبەن، تورکیا بو سوودی ئابوریی خۆی پەکی بۆ ئەهاوێژێت. لە هەمان کاتدا، وەک باسکرا لەسەرەوە، حکومەتی بەعس لەگەڵ تورکیا ڕێککەوتوە کەچی کورد باجەکەی داوە، حکومەتی عێراق لە ڕێگەی حەشدی شەعبییەوە بودجەو مووچە بە هێزەکانی پەکەکە ئەدات لە ناوچەی شەنگال و دەوروبەری کەچی هەرێـی کوردستان بە ئامانج ئەگیرێت. پەکەکە شەڕی خۆی هێناوەتە عێراق و ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی یارییەکی هەرێمایەتی دا لەگەڵ تورکیا ململانێ ئەکەن، کەچی بە هەزاران گوندنشینی کوردستان و خەڵکی مەدەنی ئەبن بە قوربانی. ئەوە جگە لەوەی تورکیاو عێراق لە دادگای نێودەوڵەتی لە پاریس لە ناکۆکیدان، کەچی هەر کوردو هەرێمی کوردستان مەبەستی سەرەکییانەو، ئەیانەوێت هێڵی بۆڕی کوردستان بە ئامانج بگرن. تەواوی ڕێککەوتنە ئەمنییەکان لەسەرەتای هەشتاکانی سەدەی پێشوەوە لەگەڵ حکومەتی عێڕاق بون، کەچی هەر کوردو هەرێمی کوردستان تۆمەتبار ئەکرێن..

پێنجەم: عێراق هەموو ڕێککەوتنێکی هەڵوەشاندۆتەوە کە مایەی دەستوەردان بێت لە خاکەکەیدا

لەساڵی (2012)دا حکومەتی عێراق، داوای لەپەرلەمان کرد، کە هیچ ڕێکەوتنێک درێژنەکەنەوەو هەموو ڕێککەوتنەکانی پێشوو هەڵبوەشێننەوە، کە پێشتر لەگەڵ هەر وڵاتێکدا ئیمزاکراوەو ڕێگەی پێدەدا هێزو بنکەی سەربازیی لەسەرخاکی عێراقدا جێگیربکات. ئەمەش دوای ڕۆژێک لەداوایەکی حکومەتی تورکیا لەپەرلەمانی عێراق، بەنوێکردنەوەی ڕەزامەندیی لەسەر ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانیی دژی پێگەکانی جووداخوازان (پەکەکە) لەناوخاکی عێراق. ئەویش لەمیانی گەرمەی شەڕوپێکدادانی سوپای تورک و پەکەکە.. بەگوێرەی فرانس پرێس، لەساڵی (2007)ەوە پەرلەمانی تورکیا ، بەشێوەیەکی سیستماتیکی ڕەزامەندیی دەردەبڕێت سەبارەت بە بۆردومانکردنی پێگەو حەشارگەکانی پەکەکە-PKK  لەناو خاکی عێراقداو لەگەڵ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی لەکاتی پێویستدا.

شەشەم: بەپێی حکومەتی عێراق تورکیا بەنایاسایی سنوری عێراق ئەبەزێنێت

لە(24ی نیسانی 2022)دا وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەوەی ڕەتکردەوە کە هیچ ڕێکەوتن یا بنچینەیەکی یاسایی لەگەڵ تورکیا هەبێت، کە ڕێگەی پێ بدات بەهێزەوە بێتە ناو خاکی عێراق. هەروەها ئاماژەی بەدانیشتنێکی پەرلەمان کرد کە میوانداریی "فوئاد حسێن" ی وەزیری دەرەوەی عێراق کرد ، کە تیایدا چۆنیەتی وەڵامدانەوەی تورکیا لەڕووی ئەمنی ، سیاسی، ئابوورییەوە تاووتوێکرد. زیاتر لەوەش وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق "ئەحمەد سەحاف" ئاماژەی بەوەداوە کە؛ لەدانیشتنەکەدا وەزیری دەرەوە ، دۆسیەی هەبوونی پارتی کرێکارانی کوردستانی لەساڵی (1984)ەوە لەو ناوچەیەدا خستۆتەڕوو.

ڕوونیشیکردەوە کە ئەوەی دەگوترێت سەبارەت بە هەبوونی ڕێکەوتنێک کە ڕێگە بە بەتورکیا دەدات بە ئارەزووی خۆی سنووری عێڕاق ببەزێنێت و هێز ڕەوانە بکات، ڕاست نییە.

بەبڕوای وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەمیانی دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "العراقیە" ئەوەی تورکیا باسیدەکات سەبارەت بەهاتنە ناوەوەی خاکی عێراق ڕاست نییە، تەنیا کۆنووسی کۆبوونەوەیەک نەبێ کە ئەنقەرە لەگەڵ ڕژێمی پێشوو ئیمزای کردووە، جگە لەوەش ئەو کۆنووسە پێویستیی بە ڕێگەپێدانی عێراق هەیە و بەمەرجێک هاتنی هێزی تورکیا لە(5) کیلۆمەتر تێپەڕ نەبێت. کە پێشتر هیچ جارێک پێوەی پابەند نەبوون..

حەوتەم: بۆردومانی گوندی پەرەخ و دوبارەکردنەوەی لەلایەن تورکیاوە!

لەکاردانەوەی ڕووداوەکەی گوندی پەرەخ دا، یەکێک لەو فیگەرانەی کە بۆ یەکەمجار بەرانبەر تورکیا هەڵوێستێکی تاڕادەیەک ڕوونی نیشان دا سەرۆک کۆماری عێراق "بەرهەم ساڵەح" بو، لە تویتێکدا ئەڵێت؛ ئەم هێرشە قابیلی دووبارە بونەوە نییه، بەڵام تورکیا (48) کاتژمێر دوای ئەو تۆپبارانە سەرلەنوێ هەمان گوندو شوێنی لە(22ی تەمموزی 2022) تۆپبارانکردەوە. جێی شاردنەوە نییە کە بەشێک لەسەرکردە سیاسییەکانی عێراق بەرژەوەندی کەسیی خۆیان لەگەڵ تورکیا هەیە.

بەگشتی، لەچوارچێوە فەرمییەکەدا، سەبارەت بەلێدوانی لایەنی تورک‌و خۆ بەدوورگرتنی لەدەستدرێژییەکە سەحاف وتی؛ گێڕانەوەی عێڕاق بۆ ڕووداوەکە، جەخت لەبەرپرسیارێتی ئەنقەرە لەو پەلامارە دەکاتەوەو ئەوەش یەکەمجارنییەو لەچوارچێوەی زنجیرەیەک دەستدرێژی کە لەکاتی جیاجیادا، ئەنجامدراون. بۆیە بەلای ڕای فەرمی عێراقەوە، ڕەتکردنەوەی تورکەکان‌و خۆبەدوورگرتنیان لەبەرپرسیارێتیی لەو دەستدرێژییە  نوکتەیەکی ڕەشە، دیپلۆماسیەتی عێراق قبوڵی ناکات.

دەرئەنجام

عێراق و تورکیا، دوو دەوڵەتن پەیوەندی مێژوویی و جوگرافی ڕاستەوخۆیان هەیە. هەروەها بە پێی ووتەی وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندی بازرگانی تورکیا لەگەڵ عێراقدا نزیکەی (20) ملیار دۆلارە کە زۆربەی لەقازانجی تورکیایە. ئەم دوو دەوڵەتە لەهەلومەرجێکی دژواری ناوچەیی‌و جیهانیدا دەستیان داوەتە ئاڵۆزیی ئەمنی‌و گرژیی لەنێوانیاندا، بۆیە کات بەزیانی هەردوولایان بڕیار ئەدات، چونکە هەردوو دەوڵەت لەمکاتەدا گیرۆدەی دەیان گرفتی ناوخۆیی‌و دەرەکین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP