دواین هەواڵ

جیاوازی رۆژی 14 تەمموز لە نێوان عیراق و فەرەنسادا

‌ئەردەڵان عەبدوڵڵا

18/07/2022

یەكێك لەو رۆژانەی ساڵ كە دوو شۆڕشی گەورەی تێدا رووداوە 14 تەمموزە. لەم رۆژەدا لە دوو وڵاتی جیهان یەكێكیان لە خۆرئاوا و ئەوی تریشیان لە خۆرهەڵات، دوو شۆڕشی گەورە روویدا. یەكەمیان  فەرەنسایە كە لە 14 تەمموزی 1789 شۆڕشی گەورەی فەرەنسا بەرپا بوو، كۆتایی بە حوكمی پاشایەتی هێنرا و كۆماری  فەرەنسا دامەزرا.

دووەمیان لە عیراق بوو، كاتێك لە 14 تەمموزدا كۆمەڵێك ئەفسەری عیراقی بەسەرۆكایەتی عەبدولكەریم قاسم، كودەتایەكی سەربازیان كرد  و كۆتاییان بە رژێمی پاشایەتی هێنا.  

دیارە 14 تەمموز لە فەرەنسادا رۆژێكی ئێجگار تایبەتە و بە رۆژی نیشتمانی دادەنرێت، وەكو خۆیان دەڵێن « لو كەتۆخز  ژوویە Le quatorzejuillet «، تەنها رۆژێكی نیشتمانی  ئاسایی نییە، بگرە لە زۆربەی شارو شارۆچكەكاندا، جەژن و ئاهەنگی تایبەت ساز دەكرێت، لە پاریسی پایتەختیشدا بە ئامادەبوونی سەرۆك و زۆرجاریش هەندێك میوانی بیانیش،مانۆڕێكی سەربازی لە شەقامی شانزە لیزی  نمایش دەكرێت. 

ئەو ماوەیەی لە فەرەنسا بووم، هەستم كرد كە 14 تەمموز بەلای زۆربەی فەرەنسییەكانەوە زۆر گرنگە، بەپێچەوانەی ئێمەوە. دیارە ئەوانیش ناهەقیان نییە، چونكە لەم رۆژەدا فەرەنسییەكان بڕیارێكی دەستەجەمعیان داو  پەلاماری قەڵای باستیلیان دا، كە بەدناوترین زیندانی فەرەنسا بوو،  بەم شێوەیەش كۆتاییان بە حوكمێكی پاشایەتی خراپ هێنا، كە تێیدا وڵات لەلایەن پاشا و دەستەبژێری ئەرستۆكراتیی و زانایانی ئاینەوە بە خراپترین شێوە بەڕێوە دەبرا، تاكی فەرەنسی بەتایبەتی چینی جووتیاران و كرێكاراكان و زەحمەتكێشانی فەرەنسا، رەوشی ژیانیان زۆر خراپ بوو حیسابی كۆیلەیان بۆ دەكرا.

لەرووی ئازادیشەوە كەس بۆی نەبوو بچووكترین رەخنە یان ناڕەزایی دەرببڕێت. دەتوانین ساڵانی حوكمی پاشایەتی فەرەنسا لە وتە بەناوبانگەكەی  لویسی 14 كورت بكەینەوە ، كاتێك وتی: من دەوڵەتم، L›etat, c›estmoi «   ئەم پیاوە ماوەی 54 ساڵ حوكمی فەرەنسای كردووە.

هەرچەندە لە پاش شۆڕشەكە، فەرەنسا بۆ ماوەی چەند ساڵێك رووبەروی پێشویی و نائارامی بۆوە، دواتریش سەردەمی دیكتاتۆری ناپۆلیۆن دەستی پێكرد، بەڵام  گرنگترین شت لەم شۆڕشەدا ئەوەبوو، كە دەستوورێكی مرۆڤدۆستانە جێبەجێكرا، كە تێیدا هەموو هاووڵاتیانی فەرەنسا  بەیەك چاو سەیر دەكرێن و كۆتایی بە حوكمی پادشایەتی و ئەرستۆكرات و زانایانی ئایینی هێنا. هەروەها  هاووڵاتیانی فەرەنسا تاڕادەیەكی باش هەوای ئازادییان هەڵمژیی و لەرووی بژێوییشەوە، ژیانیان بەرەو باشی هەنگاوی نا. جگە لەوەش ئەم شۆڕشە بووە داینەمۆیەك بۆ هەموو گەلانی تری جیهان بەتایبەتی ئەوروپا كە شۆڕش لە دژی رژێمە كۆنەپەرستەكان بكەن. 

بەڵام لە عیراقدا ئەم رۆژە هەرچەندە بە رۆژێكی نیشتمانی دادەنرێت، بەڵام لەناو زۆربەی خەڵكیدا نەبۆتە مایەی خۆشیی و كامەرانی، بگرە بە پێچەوانەوە بەلای هەندێك كەسەوە رۆژێكی شوومە، زۆركەس پێیان وایە لەپاش نەمانی پاشا، عیراق ئارامی بەخۆوە نەبینیوە. راستییەكەی ئەگەر بە چاوێكی بێلایەنییەوە سەیری ئەم رۆژە بكەین، دەبینین  عیراق لە سایەی شۆڕشەكە و سەرۆكایەتی  قاسمدا، كۆمەڵێك هەنگاوی باشی ناوە، لەوانە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باش بە هاووڵاتیان بەتایبەتی لەرووی خوێندن و پەروەردە و تەندروستیی و خانووبەرەو رێگاوبانەوە.

كە ئەمەش بۆ چینە هەژارەكان گرنگ بوو، لەهەمووشی گرنگتر یاسای چاكسازی زەوی دانا، هەرچەندە ئەمە لە كوردستاندا رووبەڕووی ناڕەزایی دەرەبەگ و ئاغاكان بۆوە، دواتر بزووتنەوەی چەكداری روویدا، كە پاشتر ناوی لێنرا شۆڕشی ئەیلول. لەهەمووی گرنگتر بۆ ئێمەی كورد، ئەوەبوو كە یەكەمجار بوو كە حكومەتی عیراق دان بە بوونی كورد بنێت و بڵێت كورد و عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا، ئەمەش لەو كاتەدا زۆر گرنگ بوو نەك بۆ كوردی عیراق بگرە بۆ كوردی پارچەكانی تریش، چونكە لە ئێران و  توركیا، نكوڵیان لە بوونی كورد دەكرد. 

بەڵام نابێت ئەوەشمان لەیادبچێت، كە قاسم و هاوڕێكانی سەرەتایەكی خراپیان لە ژیانی سیاسی عیراق دەستپێكرد، كاتێك سوپا دەستێوەردانی لەژیانی سیاسی كرد، كە پاشتر چەندین كودەتای خوێناویی بە دوادا هات و قاسمیش خۆی بووە قوربانی كودەتای سەربازیی. جگەلەوەش  عیراق لە سەردەمی پاشایەتیدا، ژیانێكی تاڕادەیەك پەرلەمانیی و دەستووریی و  ئازادی سیاسیی هەبوو،  هاتنی حوكمی سەربازیی كۆتایی بە ژیانی سیاسی عیراق هێنا. تاكی عیراقیش لەسایەی پادشایەتییدا، ئازادی زیاتر بوو.  

ئەم رۆژە بەلای خۆشمەوە تایبەتە، چونكە 14 تەمموز رۆژی لەدایكبوونی هەردوو برای ئازیزم كاك ئازاد و ئاواتە، هیوای تەندروستیی و بەختەوەریان بۆ دەخوازم.  زۆرجار كە لە فەرەنسا بووم، بەلای هاوڕێ و دۆستە فەرەنسییەكانمانەوە ئەمە شتێكی ئاسایی نەبوو. راستیەكەشی ئەوەبوو لەگەڵ بەرپابوونی شۆڕشی 14 تەمموزدا خۆشیی  و شادیی بەشێكی زۆری عیراقی گرتەوە، لەوكاتەدا حزبی شیوعی هەوادار و ئەندامی زۆری هەبوو، ئەوانیش پشتگیریی ئەم شۆڕشەیان كرد.

ئەم خۆشیی و  شادیشەش شارۆچكەی تەوێڵەی گرتبۆوە، هەرچەندە باوكم  بازرگانێكی ئاسایی بووەو تاقەتی سیاسەتی نەبووە، بەڵام ئەویش كەوتۆتە ژێر كاریگەری ئەو خۆشییە گشتییەوە، بۆیە لەو ساڵەدا واتە 1958 دا ناوی یەكەم كوڕی دەنێت ئازاد. ساڵی پاشتریش واتە 1959  دووەم  كوڕی ناو دەنێت ئاوات، چونكە لەوكاتەدا  هێشتا خەڵكی بەوپەڕی خۆشیەوە باوەش بۆ ژیان دەكەنەوە، هەریەكە و خەون و  ئاوات و ئومێدی زۆری هەبووە بە ژیان.  بەڵام بەداخەوە پاش چەند ساڵێك، شۆڕش  و قاسم لای خەڵكی  خۆشەویستیان نامێنێت، بەمشێوەیەش خەون و ئاواتەكانیش نامێنن.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP