دواین هەواڵ

پرسی نەوت لە دیداری مەسرور بارزانی و رۆژنامەنوساندا

‌ئەژی کاروان

23/06/2022

لەم رۆژانەدا مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دیدارێکی پڕبایەخی لەگەڵ ژمارەیەک لەبەرپرسی دەزگا میدیاییەکاندا ئەنجامدا، دیدارەکە قسە زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام بابەتی جێی بایەخی ئەمجارەی من، قسەکردنە لە گۆشەنیگای کەرتی نەوت لەهەرێمی کوردستان، کە رۆژنامەنوسان بۆچونی خۆیان و پرسیارییان ئاراستەی سەرۆک وەزیرانکرد، سەرۆکوەزیرانیش وەڵامی خۆی دایەوە.

بەرلەهەرشتێ سەرەتایی ئازادکردنی رۆژنامەنوسان لەقسە و بۆچونەکانیان هەنگاوێکی گرنگی سەرۆکوەزیران بوو، کەبەهەموانی وت، "ڕاشکاوانە و ئازادانە قسەی خۆتان بکەن"، ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێری دایە رۆژنامەنوسان هەموو قسەکانیان بکەن، ئەمەش هیچ تەمومژێک هەڵناگرێت، بەڵکو نیشانەی متمانەی تەواوی مەسرور بارزانییە بەخۆیی و کارەکانی لەماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەمدا کردویەتی.

دواتریش لەوەڵامەکانیدا بەروونی وتی، من بەوشێوەی هەندێکتان ڕەشبین نیم لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستان و بەوشێوەی کەباستانکرد، بەڵام هەرکەسە و لەڕوانگە و بۆچونی خۆیەوە سەیری وەزعەکە دەکات، ئەگەر وەزعی خۆی باشبێت، بەباش دەیبینێ و ئەگەر بۆخۆشی خراپ بێت بەخراپ دەیبینێت، ئەمە ڕەنگدانەوەی خۆتانە لەسەر وەزعەکە.

رۆژنامەنوسێک سەرەڕای پرسیاری لەبارەی داهاتی نەوت و گەندەڵی لەم کەرتەدا، وتیشی، بەهۆی هەناردەکردنی نەوتەوە پشکی هەرێم لە بەغدا بەنزیکە 100 ترلیۆ دینار زەرەرمان کردووە و بەوەشەوە نەوەستا وتیشی، خەڵک دڵخۆشبووە بەبڕیارەکەی دادگای فیدراڵی.

بێگومان لەپرسیاری ئەم رۆژنامەنوسەوە دەردەکەوێت، کە رۆژنامەنوسان یان زانیارییان نییە لەبارەی ململانێکانی نێوان هەرێم و بەغدا و یان مەبەستێکی دیاریکراو لەم جۆرە پرسیارەدا هەیە، کەبەداخەوە بەشێکە لەو تەوژمە لەگوتاری خۆ بەبچوکزانی و خۆرادەستکردن و تەسلیم بوونە لەلای بەشێک لە رۆژنامەنوسانی ئۆپۆزسیۆنی بووەتە ستراتیژ و لەوێشەوە بەردەوام کار لەسەر مۆڕاڵی خەڵک دەکرێت، بۆ ئەوەی ئامادەی هەموو سازشێک بێت لە پێناو عێراقێکدا، کەکەس ناتوانێ پێشبینی ئەوە بکات، کە شەو خەوی لێکەوت و سبەینێ هەستاوە دنیا بەچ ئاراستەیەک گۆڕاوە.

لەلایەکی تریشەوە رۆژنامەنوس چۆن دەبێت لەکۆبونەوەیەکی وەها گرنگدا هەڵەی مەنهەجی و بەبێ داتا و ئامار و ڕاپرسی، باسی خۆڕادەسکردن بەبەغدا بکات، لە پرسی نەوتدا؟ ئەمە کارەساتی زۆرینەی رۆژنامەنوسی کوردە هەربۆیە کەمتر دەتوانن کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی دروستبکەن.

مەسرور بارزانیش لەوەڵامی داهات و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەڕوونی باسی داهات و خەرجی نەوت و فشارەکانی عێراق لەسەر کەرتی نەوتی هەرێم کرد، وتی "ئەگەر خەڵک دڵخۆشبن بەبڕیاری دادگای فیدراڵی، ئەوە جێی سەرەنج و پێکەنینە بەحەقیقەت".

وتیشی "هەتا ساڵی 2003 هەرچی داهاتی کوردستان هەیە بردراوە و دزراوە و کراوەتە بۆمب و وڵاتی ئێمەی پێخابور کراوە، بەچەک و کیمیایی، ئەگەر ئێوە نەوتی کەرکوک بە نەوتی کوردستان بزانن، هەروەها ساڵی 2014 یەک بەرمیل نەوت هەناردەنەدەکرا کە بودجەی هەرێمی کوردستان بڕدرا، دوای بڕینی بودجە هەرێم بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ئابوری پەنای بۆ هەناردەکردنی نەوت برد، بۆیە بڕینی بودجە پەیوەندیدار نەبووە بەهەناردەکردنی نەوتەوە، چونکە بودجە بڕدرا ئەوکات نەوت هەناردەکرا".

دەربارەی پێخۆشبونی خەڵک لەبارەی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەسەر نەوتی هەرێم، مەسرور بارزانی وتی "ئێمە دژی بڕیاری دادگای فیدراڵی نین، بەڵام کوا دادگای فیدراڵی؟ کوا دادگای فیدراڵی بەپێی دەستور دروستکراوە؟ ئەم دادگایە لەزەمانی بریمەر دروستکراوە، بەپێی دەستور دروستنەکراوە، هەتا ئەگەر دادگای فیدراڵیش هەبێت، هیچ دادگایەک ناتوانێت دەستور هەموار بکاتەوە بەبێ ئەوەی بچێتە ڕاپرسی گشتییەوە، هەڵوێستی حکومەتی هەرێمیش دیار بوو لەسەربڕیارەکە، چونکە بڕیارەکە نایاسایی و سیاسی بووە، ئەمەیان بابەتێکە، بابەتەکەی تر خەڵک پێی خۆشە هەرێمی کوردستان وەک عێراقی لێبێت؟ وەک کام شار؟ کام شاری عێراق لەسلێمانی و هەولێر و دهۆک خۆشترە؟ لەسەدا 95 داهات بەدەست حکومەتی فیدراڵییەوەیە، بەو بودجەیە نەیانتوانیوە خزمەت بکەن، ئێمە بەلەسەدا 5 داهاتی عێراق ئەوەمان کردووە، کوردستان بووەتە پەناگەیەک بۆ ملیۆنان هاوڵاتی عێراقی بەهۆکاری ئابوری و ئەمنی هاتونەتە کوردستان، ئەگەر وەزعی عێراق لەهی ئێمە باشتربێت، بۆچی لە عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان؟

دەربارەی تێچونی نەوت لە هەرێم و عێراق سێ هۆکار هەیە کە دەبێت ڕاستیان بکەمەوە، چونکە زۆرجار گوێمان لەوەزیرەکانی عێراق دەبێت ئەم قسانە دەکەن، یەکەم، حکومەتی عێراق 12 ملیاری داناوە بۆ گەڕان و دەرهێنانی نەوت، لەسەر بودجەی نەوت حساب نییە، خراوەتەسەر بودجەی سیادی، ئەگەر ئەوە حساب بکەین کولفەی عێراق زیاترە لە هەرێم.
دووەم، دەرهێنانی نەوت لەشوێنێکەوە بۆ هەندێ شوێنێکی تر جیاوازی هەیە، بەهۆکاری ئەندازیاری و تەکنیکی.

سێیەم، کۆمپانیای سۆمۆ لەسەردەمی حکومەتی بەعسەوە دامەزراوەم بەهیچ شێوەیەک ڕەنگدانەوەی فیدراڵی پێوە دیار نییە، سۆمۆ هاتووەتە هەڕەشە لەو کۆمپانیایانە دەکات، کە نەوتی کوردستان دەکڕن، ئەمە وایکرد کە کڕیارەکان بێن و داوای هەرزانتر فرۆشتنی نەوتی کوردستان بکەن، بەڵام ئێمە لەم کابینەدا هاتین و 3-4 دۆلاری ترمان خستەسەر هەر بەرمیلێک نەوت، ئەگەر هەڕەشەکانی سۆمۆ نەبێت ئەو جیاوازی نرخەش نامێنێت لەنێوان نەوتی هەرێم و بەغدا.

مەسرور بارزانی ئەوەشی وت، پێشتر لەسەدا 25ی داهاتی نەوت بۆ حکومەت دەگەڕایەوە بەڵام ئێمە بەرزمانکردەوە بۆ لەسەدا 41

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP