دواین هەواڵ

ئەزمون کۆپیکردن لە بەغداوە بۆ هەرێم

‌ئەژی کاروان

05/08/2022

هاتنەسەرشەقامی لایەنگرانی سەدر مافی بێ چەندوچۆنی خۆیانە، چونکە سەدر هەم وەک فراکسیۆن و هەمیش وەک هاوپەیمانی خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمانی بوو، بەڵام نەیارەکانی (چوارچێوەی هەماهەنگی) بەڕێنمونی و سەپۆرتی ئێران نەیانهێشت حکومەت پێک بهێنێت و ڕێز لە ئیرادەی دەنگدەر نەگیرا، بەجۆرێک هیچ حسابێک بۆ دەنگی دەنگدەران نەکرا، هەتا گەیشت بەوەی سەدر بکشێتەوە لە پەرلەمان، چونکە هیچ دەرفەتێکیان بۆ نەهێشتەوە بەبەکارهێنانی دادگای بەناو فیدراڵی.

بەڵام کاتێ سەدر بینی وا نەیارەکانی بەکورسییەکی کەمترە لەوەوە دەیانەوێت حکومەت پێکبهێنن بەبێ ئەوەی ئیرادەی دەنگدەرییان بەلاوە گرنگ بێت، بۆیە بەزووی کەوتەخۆ و بەئیرادەی دەنگدەر توانی ڕێسەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بکاتەوە بەخوری، بەوەی کە لەچەند کاتژمێرێکدا لایەنگرانی سەدر تەواوی بەربەستەکانی ناوچەی سەوزییان شکاند و چەند رۆژێک دەستیانگرت بەسەر پەرلەماندا، بەوەش پەیامێکیان بەهەموو لایەکدا کەسەدر ئەگەر چی پاشەکشەی لە پەرلەمان کردووە، بەڵام هەروا بینەر نابێت، بەبەرچاوی ئەوەوە سەدر هەڵدەنە دەرەوەی هاوکێشەی حکومەت.

سەدر بەم ئەکتە بەهەمووانی گوت، کە ئەو لەدەرەوەی پەرلەمانیش هێزی جەماوەری هەیە و دەتوانێت هەڕەشە بکات و هەروا دەسەوسان نابێت لە ئاست ئەوەی لەبەرامبەریداکرا، بەوەش جارێکی تر تۆپەکەی گەڕاندەوە بۆلای خۆی لەوێشەوە دەیەوێت پرۆسەی سیاسی بەبەرژەوەندی خۆی ئاراستە بکات و لەئێستاشدا داوای جارێکی تر هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکات، بەهیوای ئەوەی ئەمجارەیان کورسی زیاتر بهێنێت و ئاسانتر پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بەڕێوە ببات، هەتا ئێرە چیرۆکی سەدر و جەماوەر و بەرنامەکەیەتی.

بەڵام کاتێ ئەم ئەزمونە بەخراپی و بەبێ زەمینەی گونجاو دەهێنرێتە هەرێمی کوردستان و لایەنێکی پۆپۆلیست دەیەوێت هەمان ئەزموون دووبارە بکاتەوە، ئەو پەڕی کورتبینی و ناکارامەییە لەسیاسەتدا، وەک هونەرێکی باڵا.

لەساڵی ٢٠١١ کاتێک خۆپیشاندان بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکانی گرتەوە، هەرێمی کوردستان ئەوکاتە سەردەمی زێڕینی ڕەفاهیەتی خەڵک بوو، هەر ئەوکاتیش بزوتنەوەی گۆڕان و دواتریش کۆمەڵ و یەکگرتوو سواری شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک بوون و هاتن ئەمەیان قۆستەوە، بەڵام چونکە زەمینە و بارودۆخەکە جیاواز بوو، ئەنجامەکەی شکستی قوڵ بوو، بەجۆرێک کە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دوای هەرێم بوو بە ئەزمونێکی گرنگ بۆ ئەوەی چیتر هەمووکەس بەئاسانی یاری بەهەستی نەکرێت و نەبێتە پرد بۆ سەرخستنی چەند سیاسییەکی فاشیل بۆ وەرگرتنی هەندێ پۆست کە بەخەویش پێی نەدەگەیشتن.

خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوبات و رۆژانی دواتر وانەیەکی گرنگە بۆ هەمووان کە مەرج نییە ئەوەی لە وڵاتانی تر ڕوویدا لێرەش دووبارە بکرێتەوە.
بەپێی زانیارییەکان لە خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتدا شاندێکی ئەمریکی هاتبونە لای نەوشیروان مستەفا پێیان وتبوو، ئەم خۆپیشاندانانە بۆچییە و ئامانجتان چییە، نەوشیروان مستەفاش پێی وتبوون خەڵک داوای گۆڕانکاری و هەڵبژاردن دەکات، شاندەکەش وتبوویان ئایا ئەوەی ئێستا حکومڕانی هەرێم دەکات بە‌هەڵبژاردن نەهاتوون؟ ئیتر هەڵبژاردنی چی؟

دوای ئەوەی گەڕابونەوە و وتبوویان هیچ نییە و نەوشیروان مستەفا کەهیچ روئیایەکی نییە و خۆپیشاندانەکانیش هیچ سەوز ناکات، هەرئەوەش بوو دوای زیاتر لە دوومانگ خۆپیشاندان هیچی سەوز نەکردوو، خۆئەگەر هەر ئەوکاتیش یەکێتی بەفەرمانی مام جەلال کۆتاییان پێنەهێنایە، ئەوە خۆی کۆتایی دەهات، چونکە وەک ئاوێکی مەنگی لێهاتبوو، بووبووە شوێنی گاڵتە و گەپ.

بۆیە ئەزمونی ١٧ی شوبات گرنگترین ئەزمونە بۆ هەموو کوردێک، کاتێ دەتەوێت ئەزمونێ دووبارە بکەیتەوە دەبێت دیراسەی وردت هەبێت بۆ ئەوەی تاچەند ئەم ئەزمونە لەهەرێمی کوردستان جێگای دەبێتەوە و گونجاوە.

گرنگترین پەیامی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ پەنابردن بۆ شەقام یەک ڕاستیمان پێدەڵێت، ئەویش ئەوەیە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان باش دەزانن ناتوانن لەڕێگای هەڵبژاردنی ئازادەوە بگەن بەدەسەڵات، چونکە ناتوانن ببن بە ئەلتەرناتیڤی دەسەڵات، بۆیە دەیانەوێت لەڕێگای خۆپیشاندان و ڕاپەرینی جەماوەرییەوە دەسەڵات بگرنەدەست، بەڵام بێ ئاگان لەوەی کێشەی گەورەی ئەوان ئەوەیە کە تائێستا نەیانتوانیوە خۆیان وەک ئەلتەرناتیڤ بناسێنن و خەڵکیش وەک ئەلتەرناتیڤ قبوڵی نەکردوون، بۆیە خۆپیشاندانەکان سەرئەنجام شکست دەهێنن و ناگەن بەئامانج.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP