دواین هەواڵ

رێککەوتن نەک تەسلیم بوون

‌ئەژی کاروان

02/04/2023

ئەوەی لەساڵانی رابردودا، بەتایبەتی لەدوای ساڵی 2014ەوە روویدا لە عێراقدا لەنێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقی فیدراڵدا، کێشەی ورد و گەورەبووە پێویستی بەچارەسەرکردن هەبووە، بەتایبەتی لەسەر مەلەفی وزە، بەڵام چارەسەرکردن بەرێککەوتن یان تەسلیم بوون؟

 هێزە کوردییەکان لەم پرسەدا بوونەتە دووبەرەی جیاواز و تارادەیەک دژبەیەک، چونکە بەئاشکرا هەست بەوە دەکرا بەرەی پارتی، واتە پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەوانەی کەم تازۆر مایل بەون، یان هێزی نەتەوەین، گوتارییان روون و ئاشکرابووە کەئامادەن بۆ رێککەوتن.

هەرچی بەرەی دووەم هەیە، کە یەکێتی و گۆڕان و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی تریش بە یەکگرتوو و کۆمەڵ و تانەوەی نوێش، ئەمانیش گوتارییان روون بووە و لەپێناو بەشە بودجەی هەرێمدا کەروون نەبووە چەند دەنێرن و چۆن دەینێرن ئامادەی تەسلیمبوون بوون بەعێراق، هەتا کار گەیشتە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بەوەی کەلەبەرژەوەندی حکومەتی عێراق مەلەفی وزە کرد بەمافی عێراق و دواتریش ژووری پاریس لەدادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی  کەسکاڵاکەی عێراقی لەدژی تورکیا لەبەرژەوەندی عێراق یەکلایی کردەوە بەوەی کەمافی نییە رێگا بەهەناردەکردنی نەوتی هەرێم بدات لەبەندەری جەیهانی تورکیەوە، بەوەش تورکیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی راگرت، ئەوە ماوەی هەفتەیەکە نەوتی هەرێم نارواتە بازارەکانی وزە و بەو هۆیەشەوە نەوت لەهەموو جیهاندا گران بووە.

ئێستا کە دوو بەرەی سەرەکی لەکوردستاندا هەبوون لەسەر مەلەفی نەوتی هەرێم و مامەڵە لەگەڵ عێراقدا پێویستە بەوردی خوێندنەوە بۆ دواین رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بکەین لەسەر ئەم پرسە، تابزانین رێککەوتنەکە تاچەند لەبەرژەوەندی هەرێم بووە؟

بەپێی رێککەوتنەکە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی هەرێم لەبازارەکانی جیهاندا دەفرۆشێت و پارەکەی دەچێتە حساب بانکییەکەوە کە حکومەتی هەرێم دەتوانێت مامەڵەی پێوەبکات.
لەبەرامبەردا دانپێدانانێکی عێراقی و نێودەوڵەتی بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت، کەچیتر کەس ناتوانێت کێشەی بۆ دروست بکات، لەبەرامبەریشدا حکومەتی هەرێم پشکی خۆی لەبودجەی گشتی عێراق بۆدێت، کەبە لەسەدا 12.67 خەمڵێنراوە، پارەی داهاتی نەوتەکەی لێدەردەکرێت و ئەویتریش بۆ دەنێرنەوە هەتا دەگاتە ئەو پشکەی بۆ هەرێم لەبودجەدا دانراوە.

لەلایەکی ترەوە حکومەتی هەرێم جێگری بەرێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆی پێدەدرێت، کەئەمەش دەتوانێت باشتر کەیسی وزەی هەرێم لەبەرژەوەندی حکومەتی هەرێم ئاراستە بکات.

بەکوردی و بەکورتی لەم رێککەوتنەدا ئەگەرچی فشارێکی ئیقلیمی گەورە لەسەر هەرێم هەبووە، بەڵام دواجار هەرێم تەسلیم نەبوو، بەڵکو بەرێککەوتنێک تارادەیەک هاوسەنگ کەلەداهاتوودا زیاتر روون دەبێتەوە کە حکومەتی هەرێم چی دەستکەوتووە و بەرەی تەسلیم بوون و خۆرادەستکردن تێدەگەن چەند بەهەڵە لەبابەتەکان گەیشتوون، بۆیە ئەو هێزانە کەبەرپرسیارێتی هەڵدەگرن و راناکەن لەرۆژگارە سەختەکاندا ناکەونەسەر  چۆک هەر ئەوانە سەردەکەون، لەداهاتووی نزیکدا بەباشی هەست بەوە دەکەین کەرێککەوتن  بەم شێوەیە چی تێدابوو بۆ حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستان و بۆچی هەرێم نەیدەویست خۆی رادەستی بەغدا بکات.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP