دواین هەواڵ

رێککەوتن بەبێ یەکێتی

‌ئەژی کاروان

05/04/2023

لەماوەی پێشودا بزات لەپێکهێنانی کابینەی نۆیەمدا، هەوڵ درا لاپەرەیەکی نوێ لەگەڵ عێراق هەڵبدەنەوە، ئەگەر بیرتان بێت، لەسەرەتایی پێکهێنانی کابینەکەدا، بارزانی باوک چووە بەغدا و سەردانی زۆربەی لایەنە عێراقییەکانی کرد، وەک نیەتپاکییەک بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان هەم کێشەکان چارەسەر بکەن و هەمیش عێراق پشکی هەرێم بنێرێت، ئەوەبوو عادل عەبدولمەهدی سەرۆک وەزیرانی ئەوکات کەساڵێک سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو، لەوماوەدا مانگانە بەشە بودجەی هەرێمی دەنارد، هەتا مانگەکانی کۆتایی کەئاستەنگ بۆ عەبدولمەهدی بۆ دروستکرا، بەهۆی رێککەوتنی لەگەڵ چیندا و خۆپیشاندان عێراقی گرتەوە، ئیتر ئەو پشکەی بۆ هەرێم دەهات ئەویش بڕا. 

دوای هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق لەساڵی 2021 مستەفا کازمی حکومەتی پێکهێنا و بەهەمان میکانیزم شاندی هەرێم بەبەردەوامی سەردانی عێراقیانکرد و نیەتپاکی حکومەتی هەرێمیان سەلماند، بەڵام ئەوکات قوباد تاڵەبانی کارەکتەری سەرەکی شاندی هەرێم بوو، رۆڵی گەورەشی هەبوو، لە لێکتێگەیشتن و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتەکەی کازمیدا، کازمیش چەند مانگێک پشکی کوردی نارد و  لەژێر فشاردا ئەوەش بڕا. 

لەپێکهێنانی کابینەی نوێی عێراقدا لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی کارا و خاوەن نفوز لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی پێشوەخت لەسەر کارنامەی حکومەتەکە رێککەوتبوو، بەڵام رێککەوتنی ئەمجارە جیاواز بوو، چونکە حکومەتی عێراق بڕیاری دادگای فیدراڵی بەدەستەوەبوو، کەلەبەرژەوەندی عێراق و لەدژی کەرتی وزەی هەرێم بوو، بەڵام حکومەتی هەرێم، وەک ساڵانی پێشووتر و کابینەکانی تر شاندی ناردە بەغدا، لەسەرەتاوە شاندی یەکێتی بەشداربوون، بەڵام دواتر بەهۆی تیرۆرکردنی هاوکار جاف، ئەفسەر لە ئەنجومەنی ئاسایش و تێوەگلانی بەرپرسانی دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی، یەکێتی نەک هەر لەشاندی دانوستان بەڵکو لەکۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیش کشایەوە، هەرچەندە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت چەندجارێک و لەچەند بۆنەیەکدا داوای لێکردن کە بگەرێنەوە بۆ کۆبونەوەکان و کێشەکانیان لەسەر مێزی ئەنجومەنی وەزیران چارەسەر بکەن، بەڵام ئەوان نەگەڕانەوە، بەپێی زانیارییەکان ئەوان دەیانویست هەتا هەڵبژاردن نەگەڕێنەوە، بۆ ئەوەی دواتر لەهەڵمەتی هەڵبژاردن ئەم مەوقیفە بەکاربهێنن و وای ناوزەد بکەن لەپێناو مافی خەڵکدا بووە کە بایکۆتی کۆبونەوەکانیان کردووە. 

لەدوای ئەمەش بڕیاری ژووری پاریسی دادگای نێوبژیوانی بەدوادا هات، کەسکاڵاکەی عێراق لەدژی تورکیا بۆ هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە بەرژەوەندی عێراق یەکلایکردەوە، یەکێتی ئەوەندەیتر دوورکەوتنەوە، ئەگەر پێشتر مەیلیان بۆ گەڕانەوە هەبێت، ئەوە ئەمجارە وازیان لەوەش هێنا، هەموو میدیاکانی خۆیان سێبەر و دۆست و ئەحبابەکانیان خستەگەر بەوەی کە هەرچییان پێدەکرێت درێخی نەکەن لە بێ ئومێدکردنی زیاتری خەڵک بەوەی کە نەوتی هەرێم کۆتایهات، چیتر حکومەت ناتوانێت موچەی مانگانەی فەرمانبەران دابیب بکات، ئەمەش وای لە مەسرور بارزانی کرد  بەروونی بڵێ "ئەوانەی ئەمرۆ لەگەڵمان ناوەستن، باسبەی خۆیان نەکەنە خاوەن دەستکەوتەکانمان و سود لەسەرکەوتنەکانمان وەرنەگرن". 

دواتریش حکومەتی هەرێم، وەک ستراتیژی خۆی توانی ئەو فشارە زۆرە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بگۆڕێت بۆ رێککەوتن، نەک تەسلیم بوون و خۆ رادەستکردن، بەڵام ئەم رێککەوتنەیان بەبێ یەکێتی بوو، رەنگە چیتر یەکێتی ئەو شانازییەی پێنەبڕێت کەباس لە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بکات، کەهەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە دۆخی ئابوری کوردستان جارێکی تر ببوژێتەوە و پرۆژەکان دەست بەکار بکەنەوە، بەتایبەتی بودجەی ئەمساڵی عێراق یەکێکە لە بودجە زەبەلاحەکانی عێراق. 

ئەم رێککەوتنەش کارتی هەموو ئەو هێز و لایەنانەی سوتاند، کە هەموو هەڵبژاردنێ مەلەفی نەوتیان دەکرد بەناونیشانی هەڵمەتی هەڵبژاردنیان و هەموو کێشەکانیان بەبەرۆکی نەوتدا هەڵدەواسی، بیانوو قسەی هەموو ئەوانەشی بڕی کەدەیانوت تەنیا چارەسەر گەڕانەوە و تەسلیم بوونە بەعێراق، بەڵام دیارە هێشتا دڵیان ئاوی نەخواردووەتەوە، چونکە ئەوان دەیانویست مەلەفی نەوت بەگردو بارە بخەنە دەستی عێراق، بەڵام کاتێ بۆیان دەرکەوت کە نەوتی هەرێم خاوەنی هەیە و بەئاسانی دەستبەرداری نابێ، پێدەچێت هەڵمەتی میدیاییان بەردەوامبێت، بەڵام کەرێککەوتنە لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێکرا، ئەوکات دەزانن چ گورزێکیان بەرکەوتووە و ئەوان چەند ناسیاسیانە و نانیشتیمانیانە لەپرسی وزەیان روانیوە..

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP