زیادەڕەوی نییە ئەگەر نێچیرڤان بارزانی وەک سیاسییەکی کورد بەسمبولی نەرمەهێز لەکوردستاندا بناسینەوە، چونکە ئەو زیاتر لەهەرکەس باوەڕی بەنەرمەهێز هەیە و پێی وایە لەو رێگایەوە دەتوانێت باشتر ئامانجەکانی بپێکێت، بەدووریشی نازانم لەو پێناوەدا باوەڕی تەواوی بەو گوتەزایەی
لاو-زیی، دانای چینیی هەبێ کەلە سەدەی حەوتەمی پێش زایین گووتوویەتی: "لە گەردووندا ماددەیەکی نەرم و لاوازتر لە ئاو نادۆزیتەوە، کەچی دەتوانێت پتەوترینی ماددەکان لەناو بەرێت".
ڕەنگە ئەمە یەکەمین ئاماژەدانی ناڕاستەوخۆ بێت بە نەرمەهێز لە مێژووی هزر و فەلسەفەدا.
بەڵام نەرمەهێز، بە ئینگلیزی (سۆفت پاوەر: Soft Power) و بە عەرەبییش (القوة الناعمة)، بەو جۆرەی ئێستا باوە، یەکەمجار لە لایەن «جۆزیف نای» یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و مامۆستای زانستی سیاسەت لە زانکۆی هارڤارد بەکار هێنرا، ئەو بەم جۆرە پێناسەی نەرمەهێزی کرد "وا لە نەیارەکەت بکەیت ئەوەی بووێت کە تۆ دەتەوێت".
بە کورتییەکەی نەرمەهێز بریتییە لەو کاریگەرییەی وڵاتێک لە ڕێی لایەنە بەهێزەکانی سیستمە سیاسییەکەی، کولتوور و ڕۆشنبیریی و دواجار لە ڕێی سیاسەتی دەرەوەیەوە بەدی دەهێنێت.
هەربۆیە هەنوکە زۆربەی وڵاتان پشت بەنەرمەهێز دەبەستن لەبەرامبەر وڵاتانی تردا، بەریتانیاش یەکێکە لەبەهێزترین وڵاتان بۆ نەرمەهێز، ئەمە بۆ سەرکردەکانیش هەر دروستە.
ئەگەرچی ئەمرۆ خەڵکانێک پێیان وایە کەهێزی رەقت (Hard Power) کاریگەرتر و ئامانج پێکەرترە، بەڵام هێزی ڕەق، مەترسی و زیان و کاردانەوەکانی زیاترە، هەربۆیە ئەوەی لە ڕێگەی هێزی نەرمەوە دەکرێت بەهێزی رەق ناکرێت.
هێزی نەرم
گرنگە، چونکە نەیارەکان دەبنە دۆست، دۆستەکانت زۆرتر دەبن، ئابوورییت گەشە دەکات،
هاوڵاتییانت شانازیی بە خۆیان و وڵاتیانەوە دەکەن و ئینتیمایان بەهێزتر دەبێت، ناوبانگی کولتوورەکەت دەگەشێتەوە، کەمتر تووشی ئاژاوە و کێشە دەبیت ...هتد.
کاتی خۆی پێشینانمان بێ ئەوەی بزانن نەرمەهێز چییە و بێ ئەوەی جۆزیف نای-ش بناسن؛ وتوویانە: "مار بە قسەی خۆش لە کون دێتە دەر".
بۆیە سەرمەشقی سیاسەتوان و سەرکردەکانی کورد لەم بوارەدا نێچیرڤان بارزانییە.
کاتی خۆی هاوڕێیەکم کەسەرنوسەری یەکێک لە میدیا (ئەهلییەکان)بوو وتی لەگەڵ کاک نێچیرڤان بارزانی کۆبوینەتەوە کەئەوکات سەرۆک حکومەت بوو، پێی وتوین چ رەخنەیەکتان لەمن هەیە بەو پەڕی ئازادییەوە بیگرن و منیش بەوپەڕی سنگفراوانییەوە لێتان وەردەگرم، ئەمە هەر بەقسەکردن نەبوو، بەڵکو بەکرداریش سەلماندبوی، هەر بۆیە ئەو رۆژنامەنوس بەئاشکرا کاریگەربوبوو بە کاک نێچیرڤان.
لە هاوڕێ نزیکەکانی و لەوەزیرەکانی کابینەکانیش چەندانجار ئەو سەرسامییەمان لێدیون، خۆشیان دانیانپێداناوە و نەیانشاردووەتەوە کەکەسایەتی نێچیرڤان بارزانی، وای لەهەموو ئەوانە دەکات کە لەگەڵی دادەنیشن یان گفتوگۆی لەگەڵ دەکەن، ئەو سیحرەی هەیە کە بەزووی کاریگەرییان لەسەر دروست دەکات و سەرسام دەبن پێی، ئەمەش هەمووی کاریگەری نەرمەهێز ئەو پیاوەیە.