دواین هەواڵ

كورد لەبەردەم دەرفەت و مەترسیدا

‌كاروان حسێن

22/06/2022

دەست لە کارکێشانەوەی کوتلەی سەدر هێشتا یەکلایی نەبۆتەوە ،چاواروان دەكرێت  ئەمرۆ ئەو پرسە لەپەرلەمانی عێراق بەلایەكدا بخرێت.

ئەوەی ئاگاداری  مێژوی سیاسی رەوتی سەدر و خودی گەمەساسیەكانی موقتەدا سەدر بێت ئەو راستییەی لە بەرچاوە كە بریارەكانی ئەو رەوتە هیچ كات جێگیر نەبون و گوتارو سیاسەتكردنی موقتەدا سەدریش  بریارەكانی هێندەی پۆپۆلیستانە و تاك رەوانەبوە هیندە ستراتیژی و دامەزراوەی نەبوە.

پێش دەچێت بریاری كشانەوەی سەدر لە پرۆسەی سیاسی تەنیا كارتی فشار بوبیت و ئەگەری هەیە ، سەدر بە چەند ئاماژەیەک لە شانۆگەری دەنگدانی پەرلەمان ، وا لە پەرلەمانتاران بکات بە نەخێر دەنگ بە دەست لە کێشانەوەی کوتلەکەی بدەن ، پەرلەمانتارانی لیستەکەی بە دونیایەک منەت و بەو پەڕی لوتبەرزیەوە بگەڕێنەوە ناو پەرلەمان و  لە جاران زیاتر پێداگری لەسەر داخوازیەکانیان بکەن ، بازنە خولاوەکەی عێراقیش خێراتر دەبێت .

دۆخی سیاسی  عێراق دوای پەسەند کردنی دەست لە کێشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر

لە کاتی پەسەندکردنی دەست لە کێشانەوەکەدا، دۆخێکی سیاسی نوێ لە عێراق دێتە پێش كەجیاواز دەبێت و هەموو ئەگەر و پێشهاتێك چاوەرواندەكرێت، بەتایبەت رەوتی سەدر خاوەنی  میلیشیای چەكدارەو توانایەكی بەهێزیشی لەجوڵاندنی شەقامی عێراقی هەیە، گریمانەی بەهێز ئەوەیە رەوتی سەدر چالاکیە سیاسیەکانی لە هۆڵی پەرلەمانەوە بگوازێتەوە بۆ شەقام، لە جیاتی ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانی ، ئۆپۆزیسیۆنی شەقام بە رابەرایەتی رەوتی سەدر بەهێزتر دەبێت.

هەنگاوەكانی چوارچێوە هەماهەنگی 

ئەگەرچی هێزەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەهەڵبژاردندا شكستیان هێنا و نەیانتوانی ببنە كولتەی زۆرینەی پەرلەمانی، بەڵام بە پشتیوانی یەكێتی نیشتیمانی و بەشێك لەسوننە و بەهاوكاری ئێران توانیان ببنە پەكخەر و رێگە بگرن لەپێكهێنانی حكومەت لە لایەن هاوپەیمانی رزگاری نیشتیمانی كە خۆی لەپارتی دیموكراتی كوردستان و  هاوپەیمانی سەروەریی و رەوتی سەدردا دەبینیەوە.

بەكشانەوەی سەدریش لە پرۆسەی سیاسی هاوپەیمانێتیەكە كۆتیهات و ئێستا ئەوەی چاوەرێ دەكرێت چوار چێوەی هەماهەنگی لەگەڵ براوەی كورد و سوننە چ هەنگاوێك دەگرێتە بەر، چون بەبێ‌ بەشداری پارتی دیموكراتی كوردستان و سوننەكان پێكهێنای حكومەت ئەگەر ئەستەمیش نەبێت ئەوا زەحمەت دەبێت، هەر حكومەتێكیش پێك بێت چارەنوسەكەی بەشكستێكی حەتمی دەروات .

 

كورد لەبەردەم دەرفەت و مەترسیدا 

لەماوەی رابردوودا چوارچێوەی هەماهەنگی بە دەست لەپشدانی ئێران و  بۆ فشار خستنە سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان لەرێگای دادگای فیدراڵیەوە چەندین بریاری ناياسای و نادەستورییان دژی هەرێمی كوردستان دەركرد، ئەوە سەرباری موشەكبارانكردنی كوردستان بەراستوخۆ و ناراستەو لەلایەن ئێران و گروپەنزیكەكانیان، بۆیە ئێستا و لەدوای كشانەوەی سەدر ئەو هێزانە پێویستییەكی گەورەیان بەهەرێمی كوردستان و پارتی دەبێت، كە حیزی یەكەمی كوردستانەوە خاوەنی زۆرترین كورسی پەرلەمانییە، بۆیە پێویستە لەكاتی لەدەرگادانی هەولێر لەلایەن ئەو هێزانەوە سەركردایەتی سیاسی كوردستان تەوای ئەو مەلەفانە بخاتە سەرمێزی گفتگۆ و مەرجی بەشداری كورد ببستێتەوە بە راگرتنی ئەو بریارە نایاسای و نادستوریانەی دادگای فیدراڵی، هاوكات هێرشی میلیشیاكان و بابەتی بەشەی بودجەی هەرێم و دەرچواندنی یاسای نەوت و گاز بەپێی دەستوری عێراق بكرێتە تەوەری سەرەكی گفتوگۆ و بەشێوەی نوسراو گەرەنتی وەربگیرێت.

 

یەك خستنەوی گوتاری كورد لەبەغدا

لەماوەی رابردوودا بەهۆی ناكۆكی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆككۆمار، كورد لەبەغدا دابەشبوو ئەو دابەش بونەش ئەگەر بەردەوام بێت زیانی زۆر بەداهاتوی كوردستان دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە لەسەر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بگەرێتەوە بۆ هەولێر و لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كێشەكان چارەسەربكا و نابێت لەپێناو بەدەستهێنای پۆستێك بۆ كەسێك بەرژەوەندییە باڵاكانی كورد بخاتە مەترسیەوە ، سەركەوتن و بەهێزبونی یەكێتیش بەپشتيوانی هەولێر بەدەست دێت نەك چوار چێوەی هەماهەنگی و حیزبەكانی نزیك لەئێران .

 

دۆخی گشتی عێراق بە ئاڵۆزی دەمێنێ

ئەگەر كۆبونەوەكەی ئەمرۆی پەرلەمان بەپەسەندكردنی رەوتی سەدر كۆتای پێبێت و سەرەنجام نەیارەکانی سەدر بتوانن دۆخی چەقبەستووی ئێستای عێراق تێپەڕێنن و  سەرەک کۆمار و سەرەک وەزیران تا دەگاتە گەورە بەرپرسانی دیکەی وڵات دەست نیشان بکەن، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن کەسانێک دەستنیشان بکەن رەزامەندی سەدری لەسەر نەبێت بە هیچ شێوەیەکيش ناتوانن هیچ بڕیارو یاسایەک دەربکەن بە بێ فلتەرو گڵۆپی سەوزی سەدر ، ئەگەرنا سەدر خۆپیشاندانی ملیۆنی دەکات و لە ناوچەی سەوز ، پەلاماری پەرلەمان و ئەنجومەنی وەزیران دەدات، حکومەتە لەرزۆکەکە دەهەژێنێ تا دەگاتە رادەی دەست لە کار کێشانەوە.

دۆخی گشتی عێراقیش بە ئاڵۆزی دەمێنێ و تا رادەیەک دەگەڕێتەوە ساڵانی 2006 و 2008، لەو ساڵانی خیتابی سەرەکی سەدر دژی ئەمریکاو هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق، لێ ئەمجارە تەواو دژی حکومەتەکەی بەغدا دەبێت، شەڕی لابەلاو کوشتنی تاک تاکەی ئەندامان و بەرپرسانی رەوتی سەدرو نەیارەکانی فراوانتر دەبێت تا دەگاتە ئەگەری ئیعلان کردنی شەڕی ناوەخۆی شیعە بە شێوەیەکی رەسمی .

ئەوەی ئەم ئاڵۆزیەش زیاتر دەكات بۆنی ئەو پارە زۆریە كەبەهۆی نرخی نەوتەوە بەدەستهاتوە و خۆی لە دەیان ملیار دۆلار دەبینێتەوە و تەواوی  کوتلەکانی شیعە زەق زەق تەماشای ئەو دۆلارانە دەکەن ، نازانن چۆن دەستیان لە دەسەڵات گیر بێت تا بە ئارەزووی خۆیان، ئەو دۆلارە سەوزانە بخەنە گیرفانە لە بن نەهاتوەکانیانەوە .

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP