دواین هەواڵ

كورد لە نێوان سەدر و مالیكی دا

‌كاروان حسێن

04/08/2022

هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق نەك خەونی خۆپیشاندەرە تشرینیەكانی بەدینەهێنا بەڵكو عێراقیش گەیاندە بنبەستی سیاسی و بەرەو تونێلكی تاریكی برد.

ئەوەشی روونە عێراق پێش رووداوەكانی 30 تەموز وەك دوای سی تەموز نابێت و ئەگەری دانوستان و پێكەوە كاركردنی سەدر و بەرەی مالیكیش بۆتە مەحاڵ و هەموو ئەگەرێكیش لەنێوان بەرەی ئێران و سەدرییەكاندا چاوەروان كراوە.

ترسی هەموان لە خەونی ژێر عەمامەمەكەی موقتەدا سەدر 

 لەدوای روخاندنی رژێمی پێشوی عێراقەوە موقتەدا سەدر، وەك كەسایەتییەكی  ئاینی و سیاسی  بۆتەمایەی زۆرترین جەدەلی سیاسی چی لەسەر ئاستى  ناوخۆ چی لەسەر ئاستى  جیهان، لاى ئەمریكا و رۆژئاوا موقتەدا سەدر، متمانە پێكراو نەبوە و هەمیشە بە وریاییەوە مامەڵەی لەگەڵ كراوە ، لەئاستی ئێرانیش بەپیاوێكی جێگیر تەماشانەكراوە و ئێرانییەكان هیچ كات هەموو هێلكەكانی خۆیان لەعێراق نەخستۆتە سەبەتەی موقتەدا سەدرەوە، لەئاستی وڵاتانی كەنداویش بەتایبەتی ئیمارات و سعودییەكان جۆرێك هاوسۆزی هەیە، ئەوەیش لەسەر بنەمای ئەوەی كە سەدر، دەیەوێت دەستی ئێرانییەكان لەعێراق كەم بكاتەوە، هەرچەندە وڵاتانی كەنداویش تائێستا بەرچاو روون نین و نازانن دوا هەنگاوی سەدر بۆكام ئاراستەیە.

كورد و سوننەش، لەگەڵ ئەوەی نزیكایەتیان لەگەڵ سەدرییەكان هەیە، بەڵام هەمیشە بەوریاییەوە ماڵەیان لەگەڵ كردوە و خۆیان بۆ هەر ئەگەرێكی چاوەروان نەكراوی موقتەدا سەدر ئامادەكردوە.

دەتوانین بڵێین هەموان  ترسیان لەخەونی ژێر عەمامەكەی سەدر هەیە و نیگەرانی ئەوەیان هەیە كار بۆ دروستكردنی حكومەتێكی تاكرەو لەعێراق بكات و هاوشێوەی عەلی خامەنەئیی، ببێتە مەرجەعی ئاینی و عێراق بكاتە ئێرانێكی نوێ‌، ئەوەش لەبەرژەوەندی هیچ لایەنێكی ناو خۆی و تەنانەت دەركیش نییە .

 

كورد لەنێوان سەدر و مالیكی 
لەدوای روخاندنی سیستەمی بەعس لە عێراق گەورەترین دەسكەوتی كورد بونی دەستورێكە كە بەشێك لەمافەكانی دەستە بەركردوە، داوای سەدرییەكان بۆ گۆرینی دەستور و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی سیاسی عێراق پێش ئەوەی زیان بێت بۆ بەرەی چوارچێوەی هەماهەنگی نزیك لە ئێران مەترسی و زیانێكی گەورەیە بۆ هەرێمی كوردستان .

نوسینەوەی دەستوری عێراق و دەستبەر كردنی بەشێك لەمافەكانی كورد لەو دەستورە لەكاتێكدا بوە كە عێراق لەوپەری لاوازیدا بوە و هێزی ئەمریكاو رۆژئاواش لەعێراق بوونیان هەبوە، بۆیە لەئێستای عێراقدا سیاسییەكان و حكومرانانی شیعە بەهیچ شێوەیە لەگەڵ مافی كورد نین و  باوەریان بەعێراقێكی فیدراڵ نییە  .

مەترسییەكەش لەوەدایە لە 19 ساڵی رابردوی  حكومرانی شیعە بەهەردوو بەرەكەوە لەگەڵ جێبەجێكردنی ماددەی 140 دەستور نەبون و هەمیشە ئەو برگە دەستورییانەی كەمافی كوردی چەسپاندوە پەراوێزیان خستوە و كاریان پێنەكردوە.

لەم ساڵانەی دوایشدا بەری چوارچێوەی هەماهەنگی كەبەبەری ئێران ناسراون، ئەوەی لەدەستیان هاتوە بۆ دژایەتی هەرێمی كوردستان درێخیان نەكردوە، برینی بوجەی خەڵكی كوردستان، بریارەكانی دادگای فیدراڵی دژی پرۆسەی نەوتی هەرێم ،  هەرەشە و هێرشی میلیشیاكان  بۆ سەر پایتەختی كوردستان، كار و ئەجندای بەرەی ئێرانییەكان بوە و ئەگەر دەسە ڵاتی تەواویشیان بەدەستەوە بێت خراپتریش دەكەن.

كورد دەبێت چی بكات 

ئەوەی ئێستا بۆ هەموان روونە شەری ئەم دوو بەرەیە، شەرنییە لەسەر مافی خەڵك و چاكسازی ، هەروەك و شەریش نییە لەسەر پێشیلكردنی دەستور،  بەڵكو شەرە لەسەر  دەسەڵات و فەرزكردنی هەیمەنەی سیاسی، بۆیە كورد و سەركردایەتییەكەی لەهەرێمی كوردستان پێویستە ئەوەی لایان گرنگ بێت ماف و بەژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان بێت و ئەم دۆخەی ئێستای عێراق بكەنە هەلێك بۆ یەكگرتوی و خۆیان بۆهەموو پێشهاتێك ئامادەبكەن .

پشتیوانیكردنی حكومەت و دامەزراوەكانی هەرێم، دروستكردنی بەرنامەیەكی هاوبەشی سیاسی لەنێوان حیزبەكان كارێكی گرنگی ئەم قوناغەیە و لەهەرحاڵەتێكی لەناكاوی عێراقیش تەنیا بەبەهێزكردن و پشتیوانیكردنی دامەزارەكانی حكومەتی هەرێم ئێمە دەتوانین خەڵكی هەرێمی كوردستان بگەیەنینە كەناری ئارامی و خۆشمان و هەرێمەكەشمان  لەئاگر و دۆزەخی عێراق رزگار بكەین.

Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP